دواین هەواڵ

بۆچی پارتی خاوەن حەقە؟

‌فرسەت سەید شوكر

4 کاتژمێر پێش ئێستا

قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئیرادەی نەبەزیوی گەل
قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستانە، بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات، تێکۆشان و ڕووباری خوێنی شەهیدانە. 
ئەم قەوارەیە، ڕەنجی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە سەردەمانێک شاخیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی نەتەوەیەک، و دواتریش سینگی خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی خاک و نیشتمان لەبەردەم پەلاماری دوژمنان و تیرۆریستاندا. 

لە ڕووی پێگەی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیشەوە، ئەم هەرێمە ئێستا تاکە دەروازەی بەهێز و فەرمیی کوردە بۆ مانەوە و سەلماندنی پێگەی خۆی لە ناوەڕاستی ئەو هاوکێشە ئاڵۆز و خێرایانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم مێژووە پڕ سەروەرییە، هەر کەس و لایەنێک باسی نەمانی ئەم قەوارەیە بکات، یان بە ئاشکرا و نهێنی کار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی بدات، نەک هەر خیانەتێکی گەورە لە خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەی پێشمەرگە دەکات، بەڵکو لە ڕوانگەی مێژوو و نەتەوەوە تەنیا وەک جاش و بەکرێگیراو سەیر دەکرێت کە خزمەت بە ئەجێندای نەیارانی کورد دەکات.

ئەگەر سەیری گۆڕەپانی سیاسی و داتاکانی دوایین هەڵبژاردن بکەین، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە گەل کێی بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە هەڵبژاردووە و کێش لەبەردەم ئیرادەی خەڵکدا دۆڕاوە. 
ئەو هاوپەیمانییەتی و لێکنزیکبوونەوەیەی لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ هەیە، هەر لە سەرەتاوە هەوڵێکی نەزۆکە و سەرناگرێت، چونکە هەردووکیان لەبەردەم سندووقەکانی دەنگداندا دۆڕاون.

پشتبەست بە داتاکانی هەڵبژاردنی کوردستان، قەبارەی ڕاستەقینەی لایەنەکان ئاوایە: 
 پارتی دیموکراتی کوردستان، توانیویەتی  ٨٠٩,١٩٧ دەنگ بەدەست بهێنێت،
 * لە بەرانبەردا، یەکێتی لە کۆی گشتی هەموو کوردستاندا تەنیا ٤٠٨,١٤١ دەنگی بەدەستهێناوە، خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە تەنیا دەنگەکانی پارتی لە پارێزگای دهۆک (٤٠٠,٥٠٣ دەنگ)، بەتەنیا هاوتایە لەگەڵ کۆی دەنگەکانی یەکێتی لە سەرتاسەری هەرێم. بەم قەبارە بچووکەوە، یەکێتی مافی ئەوەی نییە داوای ئەو هەموو پۆستە بکات و دەیەوێت بە شێوازی ناشەرعی قەرەبووی دۆڕانەکەی بکاتەوە.

 نەوەی نوێ کە بەڵێنی گەورەی دەدا، ئێستا تواوەتەوە و دەنگی بەرەو پاشەکشەیە شاسوار عەبدولواحید یاری بە سۆز و دەنگی دەنگدەران کرد، و بەم دۆخەی ئێستایەوە پێشبینی ناکرێت لە داهاتوودا تەنانەت دوو کورسیش مسۆگەر بکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی کوردستان، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نەتەوەیی لەئەستۆدایە بەرانبەر بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. 
پارتی ئەو دەستە دەبڕێت کە بیەوێت پەلاماری ئەم قەوارەیە بدات و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدات. گەلی کوردستان، کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خاکە، پێشمەرگە و ئیرادەیەکی پۆڵایینە، قەت ڕێگە نادات خەڵکانێکی دۆڕاو، نابەرپرس و بەکرێگیراو قەوارەکەی لاواز بکەن. 
ئەم نیشتمانە بە خوێن دروست بووە و بە ئیرادەش دەپارێزرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP