دۆخێکی باوەڕنەکردن هەیە لە ناوەندە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکاندا، سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئەمریکا و ئێران. ئیسرائیلییەکان زۆر لەوە خراپتری دەبینن کە چاوڕێیان دەکرد. لە ڕاستیدا بە هەموو پێوەرێک خراپترە لە ڕێکەوتنەکەی ئۆباما. ئۆباما بە سنوردارکردنی ئەتۆمی دەستی پێکرد، بەڵام ترەمپ بە سازشکردنێکی ئابوری گەورە. ئۆباما پیتاندنی لە ٣.٧دا سنوردارکردبوو، بەڵام ترەمپ هێشتویەتیەوە بۆ مەسەلەی دانوستان. زۆربەی چاودێران بڕوایان وەهایە کە دوای شەست ڕۆژەکە ئێران جۆرێک لە پارە وەرگرتن دەستپێدەکات لە تەنگەبەری هورموز.
هێرش بۆ سەر ڕێکەوتنەکە لە هەموو لایەکەوە دەستی پێکردوە. کاپیچولەیشن و سەرێندەر یان تەسلیم بوون کراوە بە ناوی ڕێکەوتنەکە. ناوێکی وەها بۆ ترەمپ مایەی نەک نیگەرانی بەڵکو بێزارییە، چونکە ئەو دەبێت هەمیشە سەرکەوتووبێت. دیارە ترەمپ لە کەسایەتییە پۆستمۆدێرنەکانە. بۆ ئەو ڕاستی هیچ بایەخێکی نیە، ئەوەی گرنگە چۆن حەکایەتت دادەڕێژیت.
ترسی ئیسرائیل تەنها لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە نیە، بەڵکو ترسێکی گەورەترە، ئەویش ترسی زاڵبونی خواستی دژە شەڕە لە ئەمریکا. هەروەها لەوە خراپتر خولیای دژە ئیسرائیلی لە ناو کۆمەڵگای ئەمریکیدا. ستونوسێکی گرنگی ئیسرائیلی دەیگوت ئێستا چانسی هاتنی موجتەبا زیاترە بۆ کۆنگرس لەوەی نەتانیاهو. ئەوەی ئیسرائیلیەکان بۆیان قوتنادرێت ئەوەیە ئەگەر هێرش بکەنە سەر لوبنان، ئەوا نەک ئێران بەڵکو ئەمریکا فشاریان دەخاتە سەر، ئەمە وەرچەرخانێکی تەواو نوێیە، شایانی باسە لە بڕگەی یەکەمی لەیەکگەیشتنەکەدا دوو جار ناوی لوبنان هاتوە. دروستبونەوەی سیستەمی هەرێمی ئێران بەبێ دژایەتی ئەمریکا وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت لە ناوچەکە.
ئێستا کە بەندەکان ئاشکرابوون، لە هەموو ڕویەکەوە ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت. لابردنی هەموو ئابلۆقەکان، کە لە بەندی حەوتدا باسی دەکات. ئەگەر بێتوو ئەم بەندە بێتە جێبەجێکردن ئەوا ئێرانێکی تر دێتە بوون. ئێرانێک کە لە ١٩٧٩وە ئەو دەرفەتەی نەبوە.
ترەمپ بە هەموو جۆرێک سازشی بۆ ئێران کردوە. تەنانەت بە نوسراو و زارەکی پەیمانی داوە کە بە هیچ جۆرێک هاوکاری خۆپێشاندەرانی ئێرانی نەکات. لە توێی ڕێکەوتنەکەدا بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و ڕێزی سەروەریی ناوبراوە، بەڵام ماناکەی ڕونە.
دیارە ئەمڕۆ جەی دی ڤانس سەفەر ناکات بۆ سویسرا. دەگوترێت هۆکارەکەی تەکنیکییە، بەڵام چەمکی تەکنیکی، وەک چەمکێکی بێلایەن هەمیشە گوماناوییە. ئایا ترەمپییەکانە هەست بە فشار دەکەن، ئەگەری دواخستن و پاشەکشێ هەیە؟
هەندێکی تر وەهای دەبینن ئەمەی هەیە تەنها ئاگربەستێکی شەست ڕۆژەیە بۆ کردنەوەی هورمز، پاشان هیچی لێ سەوز نابێت. بۆ نمونە ترەمپ هەرگیز هەنگاوی دووەمی نەنا لە پرسی غەزە، لە ئۆکرانیا، لە چین.
بەڵام هەرچییەک بێت، ئێران و ئەمریکا پەیوەندییەکەیان دەچێتە قۆناغێکی ترەوە. لەمەودوا شەڕ دژ بە ئێران قورسترە لە جاران. ئەمە سەرەتای هەندێک ڕوداوی نوێیە؟
لە ئاستی پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئەستمە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی جاران، ئێستا نەک هەر دیموکراتەکان بەڵکو بڕێکی زۆری کۆمارییەکانیش دژ بە ئیسرائیلن. لە ڕاستیدا دیدی ئەمریکا پێش هەموان، لە هەناودا دژ بە ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی ترە.
لە پەیوەندی کەنداودا وەها دیارە ترەمپ ناچاریان دەکات کە پارە بدەن بە ئێران، ئەمە سوکایەتییە بۆیان.
گەلحۆ عەشقی پۆزە.