دۆزى گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن خاک و پرس و مافێکى رەوا لە نێو ناوچەیەکى پڕ ئاڵۆزى وەک رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، بەدرێژایی زیاتر لە یەک سەدەى رابردوودا ڕووبەڕووى زێهنیەتێکى فاشیزمى و دڕندە بووەتەوە، بەشێوەیەک مەرامى ئەو نەیارانەى کوردستان ئەوە بووە تا بە هەر ڕێگە و چەک و پیلانگێرییەک بێت ئەوە ڕێگە نەدرێت گەلى کورد بە ئامانج نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانى بگاتەوە ، هەر چوار دەوڵەتى داگیرکەرى عەرەب،فارس،تورک کە خاکى کوردستان و نەتەوەیی کوردیان دوور لەویستى خۆى بە سەردا لەت لەت کراوە ، هەموو جۆرە چەک و ئامرازێکى نامرۆڤانەى سەربازى ، سیاسى و هەواڵگرى ودەروونیان گڕتۆتەبەر بۆ ئەوەى گەلى کورد لە گەیشتن بە ماف و ئامانجى دەستبەسەرداگیراو لەلایەن ئەو چوار دەوڵەوەتەوە بەلارێدا ببەن و هەرگیز نەبێتە خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆى ، لەو پێناوەشدا دوژمنان و نەیارانى کورد کاریان بۆ لێکترازان و دابڕانى نێوماڵى کورد کردووە
لەو کاتەوەى زڵهێزان لە پێناو بەرژوەندییەکانى خۆیان کوردوکوردستانیان کردە قوربانى مەرامە سیاسى و ئابوورییەکانى خۆیان ، هەر ئەوەش بوو خیانەتێکى گەورەیان لە نەتەوەی کورد کرد ، بەڵکاندنى زۆرە ملێی نەتەوە و جوگرافیایی کوردستان بە چوار دەوڵەتى ساختەى داگیرکەرەوە ، لەگەڵ ئەوەى خەبات و بەرخودان و قوربانیدان گەلى کورد بەردەوامە و درێژەى هەیە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو مافە رەوایە ، بەڵام هۆکارێکى گرنگ و ستراتیژى هەیە لەوەى کە بۆ چى تا ئێستا کورد نەیتوانیووە بە ئامانجى دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن لە سەر خاکى باب و باپیرانى بگات ، ئەویش نەبوونى تەبایی و یەکڕیزى بووە لەنێو کاروانى خەبات و تێکۆشانیدا
لێرەدا گرنگ نییە ، هەر حزب ولایەنێک چۆن بیر دەکاتەوە و چى دەپەرستێت وەک باوەرى حزبى و ئاینى و نەتەوەیی ، ئەوەى گرنگە ، یەکبوونى گەلى کوردە ، سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونە وەک ستراتیژى ، بەڵام داگیرکەرانى کوردستان هەستاون بە دروستکردنى ناکۆکى و بەکارهێنانەوە هەندێک دروشم وەک کارتێک بۆ لێکترازانى نێوماڵى کورد؛ لە هەمانکاتیشدا ئەو تایبەتمەندییەى کە هەرکام لە بەشەکانى کوردستان لەڕووى سیاسى و ئابوورى و فەرهەنگییەوە هەیانە ،وایانکردووە تاوەکوە ڕێگربن لە تەبایی و بەهێزبوونى نەتەوەیی ونیشتیمانى ، بۆیە ئێستا کاتى ئەوە هاتووە هەموو هێزولایەنەکان ئەوانەى باوەریان بە ماف و دۆز و سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونى کوردستان هەیە ، هەموو بەرژوەندییە کەسى و حزبییەکانیان وەلاوە بنێن ، بە ڕەچاوگرتنى رەوشى سیاسى هەر چوار بەشى کوردستان و خوێندنەوەى وردبینانە و بابەتییانە تەنها بیر لە تەبایی و سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون وەک مافێکى رەوا کە دەیان ساڵە لە پێناویدا دەیان هەزار لە ڕۆڵەى ئەم کوردستانە گیان و خۆێنیان بۆ بەخشیووە
دەبێ ئەو راستییە بزانین ، پرسى کورد و خەباتى کورد بۆ یەک ئامانجە هەر لە باشوور تا رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوا ، بەڵام ئەوەى دوژمنان وداگیرکەران دەیکەن ، تەنها لێکترازانى کورد لە ڕووى سیاسى و ئابوورى و فەرهەنگییەوە ، بۆیە گرنگە و ناکرێت سەد ساڵى تر چاوەروانى ئەوە بکەین تا رۆژانە داگیرکەران و دوژمنان وبەکرێگیراوان یارى بە چارەنووسمان بکەن و هەر رۆژەوە بە پاساو و بیانوو و سیناریۆیەک بمانکوژن ، بەتایبەت لە ئێستادا کە گەلى کورد لە قۆناغێکى هەستیارى مێژوویی دایە
کاتى ئەوە هاتووە گەلى کورد لە سەر ئاستى هەر چوار بەشى کوردستان ، هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى چڕ بکاتەوە ، بۆ گەڕاندنەوەى مافى رەواى زەوتکراویی ئەوەش وادەکات راستییەکى حاشاهەڵنەگر دروست ببێت کە چیتر نەتوانن نکۆڵى لە ماف و بوونى کورد بکەن ، زۆر گرنگە گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن ماف زیاتر پشت بە تەبایی ویەکبوونى خۆى ببەستێت و ئەزموونى دوێنى و ئەمڕۆش باشترین بەڵگەن ، ڕاستە ڕێگەکان سەخت و پڕهەورازن بەڵام بە یەکدەنگى و یەکهەڵوێستى ئاستەنگەکان و ئاڵنگارییەکان بەرەو بەدیهێنانى ماف و خاک و سەربەخۆیی ئاسانتر دەبێت ، دەبێ ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرین ئەگەر دەیان ساڵى دیکە بێ دەوڵەت بین و لەچوارچێوەیەدا هەرچەند قوربانى بدەن ، هەرگیز ناگەین بە کەناڕى دڵنییایی و تا ئەو کاتەى لەنێوماڵى خۆماندا بەتەبایی ویەکڕیزى بڕیار لەسەر بەدەستهێنانى دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی بدەین ، ئارامى وخۆشگوزەرانى و ئازادى راستەقینە دێتەدى.