دواین هەواڵ

بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای هەموو تواناکانی نەبوژاوەتەوە؟

‌سەلاح حوسێن ئەفەندی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستپێكێك بۆ دەربازبوون لە قەیران و گەڕان بەدوای ئەگەری بوژاندنەوەی (نهضة) ناوچەکە سەرەڕای ئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی یەكەمین شارسـتانییەکانی مرۆڤایەتی بووە، و ناوەندی بازرگانیی جیهانی و شوێنی تێکەڵبوونی کەلتوور و ئایینەکان بووە، بەڵام — بە درێژایی زیاتر لە حەفتا ساڵ — یەکێکە لە ناوچە گرژەکان و ناسەقامگیرانەکانی جیهان. دووبارەبوونەوەی شەڕ، قەیرانی سیاسی و ئابووری بەردەوام، و داچوونی بەردەوامی ئاستی گەشەکردن. ئەم دوو دیوە دژوارە، پرسیارێکی گرنگ دەخاتە ڕوو: بۆچی ئەم ناوچەیە شکستی هێناوە سەرەڕای هەموو ئەو توانایانەی هەیەتی؟
بۆ ماوەی چەندین دەیە، ئەم شکسته بە دووبارەکردنەوەی ڕوونکردنەوەی هاوشێوە، بەردەوام باسکراوە:
جارێک بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی، جارێکی تر بۆ سروشتی دەستەڵاتدارانی سیاسی، هەندێ جار بۆ ئایین یان کلتوور یان ئاستی ژیری دەگەڕێنرێتەوە، و هەندێ جاریش بۆ پیلانگیری لە دۆخی ئێستاشدا — کە جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ڕووبەڕووی گێژاوێکی بێ هاواتا دەبنەوە، دیموکراسی لە پاشەکشەدایە، ڕۆڵی یاسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان — بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان — کەم دەبێتەوە، و هێزدار بە زەبری کوتەک خۆی دەسەپێنێ، تیایدا: گێژاوی فکری و نەبوونی بینینی ستراتیجی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. هەروەها وا باوە، کە قەیرانە درێژخایەنەکان لەسەر بنەمای هۆکار و رووداوە کاتییاکان شیدەکرێنەوە، یان دەخرێنە ئەستۆی کەسایەتێکی دیاریکراو: ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا، یان سەرکردەیەکی دیاریکراو، یان جیاوازییە مەزهەبییەکان. سەرەڕای جیاوازی ئەم ڕوونکردنەوانە، بەڵام هەر هەموویان لە یەک خاڵدا هاوبەشن: گەڕاندنەوەی قەیرانێکی ئاڵۆز و درێژخایان بۆ یەک هۆکاری سادە. بەڵام ئەو دۆخە زۆر لەوە ئاڵۆزترە.
قەیرانەکانی ناوچەکە نە ئەنجامی ڕووداوێکی کاتییە، نە هۆکاری تاکە کەسە، بەڵکو دەرهاویشتەی کێشەیەکی بنچینەیی قووڵە کە بە درێژیی مێژوو درووست بووە و کەڵەکەی کردووە، هەروەها تێکەڵبوونی فاکتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و تەفاعولیان لەگەڵ یەکدا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
پێویستە لە چی بگەین؟
ئەم زنجیرە وتارە لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکەیە دەست پێدەکات:
تێگەیشتنی کێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوەی نەخشەی چارەسەر زەحمەتە بەبێ ئەوەی لە چوار ئاستی پەیوەندیداردا شی بکەینەوە:
– لەسەر ئاستی ناوخۆ: سروشتی دەوڵەت و پەیوەندییەکانی بە کۆمەڵگە و بنەما ئابوورییەکانەوە
– لەسەر ئاستی هەرێمایەتی: نەبوونی سیستەمێکی هەماهەنگی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان
– پێکهاتەکانی ناوچەکە: نەبوونی سیستەمێکی لامەرکەزی و فرەیی بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە چارەنووسدارەکان.
– لەسەر ئاستی جیهان: پێگەی ناوچەکە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی لە گەڵ هێز و ئەکتەر گەورە کاریگەرەکان.
بە تەنها گرنگی دان بە یەکێک لەو ئاستانە و پشتگوێخستنی ئەوانی تر، تێگەیشتنێکی سنوردار و یەکلایەنانە و چارەسەری ناکامی لێ دەکەوێتەوە.
سەرچاوەی کێشەکە لە کوێوەیە؟
شکستی ناوچەکە نە بەهۆی کەمی سەرچاوە، نە بەهۆی بێ توانایی و نەزانینەوەیە، بەڵکو پێچەوانەکەی دروستە، چونکە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی:
– پێکەوتەیەکی جوگرافی تایبەت کە بەرژەوەندی و کێشەکانی جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە
– سەرچاوەی سروشتی زۆر
– دانیشتوانێکی گەنج
– مێژوو و شارسـتانییەکی دەوڵەمەند.
بەڵام ئەم توانایانە بە پێجەوانەوە زۆرجار بوونەتە هۆی ململا‌نێ و تێکدان.
کێشەکە لە خودی ئەم هۆکارانە نییە، بەڵکو لە شێوازی ڕێکخستن و بەکارهێنانیانە لە ناو سیستەمێکی سیاسی و ئابووری نەگونجاودا.
کێشەی دەوڵەت و کۆمەڵگە
دروستبوونی دەوڵەت و بەهێزبوونی لەم ناوچەیەدا بە درێژایی مێژوو کەوتۆتە پێش جێگیربوون و بەهێزبوونی کۆمەڵگە .
ئەمەش وای کردووە هاوسەنگی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە تێکبچێت، و دەسەڵات هەمیشە زاڵ بێت — زۆرجار بە پشتگیریی دامەزراوە ئایینییەکان — رۆڵی کۆمەڵگە لە بڕیارداندا پێشێلکراوە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆکاری:
– کەمبوونی بەشداریکردن
– نەبوونی لێپرسینەوە
– خاوی پەرەسەندنی دامەزراوەکان
نەبوونی چوارچێوەیەک بۆ هەماهەنگی هەرێمایەتی
سەرەڕای پەیوەندییە جوگرافی و مێژووییەکان، هێشتا سیستەمێکی هەرێمایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان درووست نەبووە.
لەبری ئەوە:
– کێشەی ناسنامە
– ململا‌نێی سیاسی
– نەبوونی متمانە
زاڵ بوون، و ناوچەکەیان کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ و دەستتێوەردان.
شوێنی جیوپۆلیتیکی: دەرفەت یان کێشە؟
شوێنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وای لێکردووە ببێتە عەڵقەی بەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە. بەڵام ئەم تایبەتمەندییە بەردەوام بووەتە هۆی هەڵقوڵاندنی کێشەی نێودەوڵەتی. هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەڵوێستێکی هاوسەنگ لە سیستەمی جیهانیدا.
کێشە نەتەوایەتییە چارەسەرنەکراوەکان
ناکرێت باسی کێشەکانی ناوچەکە بکەین بەبێ ئەوەی باس لە:
– کێشەی فەلەستین
– کێشەی کورد بکەین.
ئەم کێشانە تەنها کێشەی سیاسی نین، بەڵکو نیشانەی بوونی کێشەی بنچینەیین لە سیستەمی دەوڵەت و هەرێمایەتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
فرەیی و لامەرکەزی
لە کۆمەڵگەی فرەیی، ناتوانرێت ئارامی لە ژێر باڵی سیستەمی ناوەندیی توند بەدیبێت. بەڵکو، پێویستە:
– سیستەمی لامەرکەزی
– و ڕێکخستنی فرەیی
پەیڕەوبکرێن.
بەرەو تێگەیشتنێکی نوێ لە بوژاندنەوە(النهضة)
ئەم زنجیرەیە لە وتار بەدوای چارەسەری خێرا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای تێگەیشتنە لەو مەرجانەی کە بوژاندنەوە دەکەن بە ئەگەری.
ئەوەی لەم زنجیرەیەدا باس دەکرێن
ئەم زنجیرەیە بە شیکردنەوەی سەچاوە و بنەماکانی کێشە دەست پێدەکات، کە رێگەخۆشکەربێت بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری واقیعیدا.
کۆتایی
ئەم زنجیرەیە وەڵام نییە، بەڵکو پرسیارە.
بووژاندنەوە و شکست هەردووکیان بەربژێرن، دەرئەنجامەکانی حەتمی نین.
سەرچاوەکان:
کتێبەکانی نووسەر
”لماذا أخفق الشرق الأوسط”
“نهضة الشرق الأوسط في عصر العولمة”
“بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێنا؟’
لە وتاری داهاتوودا:
”بۆچی بۆچوونە باوەکان وەڵام نین بۆ تێگەیشتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؟”

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP