دواین هەواڵ

کورد لەبەردەم شەقکردنی دڵی داگیرکەرانی دا

‌بەهرۆز جەعفەر

21 کاتژمێر پێش ئێستا

غەزال مەولانا.. شەهیدبونەکەی بە مێشک و دڵ و دەماری هەر کوردێکدا ڕۆچوە خوار. پێویست ناکات هاوسەنگی لەدەست بدەین، ئەوەندە نەبێت وانەکانی ئەم ڕووداوانە بێ تووڕە بوون لەگەڵ خۆمان باس بکەین. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ئێران و کرێگرتەکانی لە ئێراق هەزاران جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردوەتە سەر کوردستان. ئەمە ماناکەی لەوە گەورەترە کە دەبیندرێت.

بەتایبەتی لەم ماوەیەی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، کورد گوللەیەکی نەگرتۆتە ئێران و بەرژەوەندییەکانی، کەچی ئەوان بە دەیان کەسیان لە کورد شەهیدکردوەو سەدان هێرشیان کردۆتە سەری.. ئەمە یەک پەیامی هەیە، نەک زیاتر: "تۆی کورد هیچ نیت، من ڕۆژانە دەتوانم ئیهانەت بکەم، دانیشن، ئێوە هیچ نین!"

مەرگی غەزال، داخستنی نەخۆشخانەکان بەڕوویدا، داخستنی مزگەوتەکان بە ڕووی تەرمەکەیدا، بێدەنگبوونی شارێکی زیندوو و پڕ-بەرخودانی وەک سلێمانی لە ئاست شێوازی بە خاکسپاردنی دا، لەوەشی کە لە سلێمانیدا پرسە بۆ خامەنەئی دادەنرێت، بەڵام بۆ پێشمەرگەیەک قەدەغەیە، سێ وانەی گەورەی تێدایە:

یەکەم: ساڵانێکی زۆرە جاسووسەکانی ئێران لە سلێمانی و دەوروبەری بەناوی میدیاو کاری مەدەنی و حیزبایەتی و ئۆپۆزسیۆنبوونەوە، بە باشی ئیشیان لەسەر خەواندن و خەساندنی ئیرادەی تاکی ئێمە کردوە، ئەوانە بەئاشکرا ئیتڵاعاتن و لە شەقامەکاندا، لە میدیاو لەناو پەرلەمانی کوردستان و عێراقیشدا هەبوون و هەن؛ نەک هەر لەبەرئەوەی نقەیان لێوە نایات و لە فەیسبوکی خۆشیان ناڕەزایەتییەکیان دەرنەبڕی بەرانبەر ئەو شەهیدە مەزنەی کوردستان، بەڵکو بەڵگەی تەواوەتی هەیە کە ئیتڵاعاتن و خەریکی کاری ئیتڵاعاتیین بۆ ئیتڵاعات.. یەکێک لەوانە پانزە ساڵ زیاتر مێشکی خەڵکی بردبو، گۆڤارێکی هەبوو گوایە ئەو ستوونێکی گەورەی میدیای ئەهلییە، لەڕاستییدا ئەوە ستوونە گەورەکەی ئیتڵاعاتە؛ ئەوانیش لە زانکۆی هەڵەبجە نیزیکەی دە ساڵە کردویانە بە ڕاگری کۆلێژو.. تادوایی.

دوەم: ئیتر کاتیەتی، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە خۆیاندا بچنەوە، واز لەو ئەقڵییەتی ناکۆکی و پاشقول لەیەکگرتنە بهێنن. دەست بە جووڵە بکەن بۆ ناو خاکی پیرۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، دڵی داگیرکەر شەق بکەن، هەر کە ئەوان جووڵەیان دەست پێکرد، ئیتر هەر خەڵک زۆرە هاوکارو هاودەنگیان بێت، هەر میدیاو هەر دەوڵەت زۆرە پاڵپشتییان بکات، هەر ئەندازیاری دڵسۆز زۆرە بە داهاتی خۆی بێت "درۆن"یان بۆ درووست بکات، دەبێت ئەوان یان دەست پێ بکەن، یان پارادایمێکی تر بۆ خەبات بدۆزنەوە. بەدرێژایی مێژوو هەر عەرەب و فارس و تورک هاتوون لەناو دڵی کوردیان داوە، تەقینەوەیان کردوە، زنجیرە فیلمی پڕ-کینەو مەرامیان لەسەر کورد بڵاوکردوەتەوە.. قەت کوردێک نەچوە لە هەناوی ئەواندا تەقینەوەیەک بکات!؟ ئەوان بۆ کوشتنی کورد و تێکو پێکدانی کەلتورەکەی کات-و-ناکاتیان نەبوە، بۆ ئەوان هەموو کاتێک کاتی کوشتن و گورز لێدانە لە کورد.

سێهەم؛ ئەمە کتومت هاوڕێم "سەردار عەبدوڵا" وتەنی، بۆ شکاندنی ئیرادەیە؛ تا پێش ئەم جەنگە هەمومان لامانوابو ئێران وڵاتێکی دراوسێیەو، هەردوولا مەحکومین ڕێز لە یەکدی بگرین، بەڵام داگیرکەران ڕێز و بەهاو ئەخلاقیات نازانن، دوای ئەو هەموو گورزەی بەریان کەوتوە، هێشتا نایانەوێ ڕێز نە لە کورد، نە لە ئازەرەر و بەلووچ و کەمینەکانی دی بگرن. کورد دەبێت لەم ناوچەیەدا و لە جیهاندا خۆی بکات بە کێشەیەکی گەورە، دەبێت وەکو جەستە هەموو ئەندامەکانی زیندوو بن و، ئیشی خۆیان بکەن: بەتایبەتی میدیا (کوردی ڕۆژهەڵات لەمەدا کۆڵەوارن)، دەبێت گوتار و نیازی داگیرکەرو کرێگرتە کوردەکانیان زوو پووچەڵ بکرێتەوە. ئەگەر تەماشا بکەی، کوردی باکورو ڕۆژهەڵات زۆر خێراتر و باشتر گەیشتوونەتە ناو دڵی باشوری کوردستان، لێ کوردی رۆژهەڵات و حیزبەکانیان تەنانەت پێویستت بە پسپۆڕیی و کاتێکی تەواوە هەر لێیان بگەی؛ ئەوەندە گرووپی جیاو ناکۆکی نێوخۆیی زۆریان هەیە، ئەوەندە لێک جیابونەتەوەو دواتر تێکەڵبونەتەوە..وەک بڵێی هەر خەریکی ئەوە بوو بن، نەک تێگەیشتن لە خەباتی کوردایەتی هاوچەرخ!

قسەی کۆتایی هەر ئەوەیە، نابێت بێزاریی و توڕەییەکی کوێرانە ڕێگەکەت لێ بزر بکات، بەڵکو دەبێت ئەو بێزارییە تووندە وەربچەرخێ بۆ هەنگاوی دامەزراوەییانەو جووڵەی ئامانجدار بەدوای خۆیدا بهێنێت. بۆ ئەمە دەبێت؛ هەموو کوردێک لەهەموو جێگەیەکی جیهاندا بجووڵێت، جیهانی پێشکەوتوو ئەمڕۆ سەدان ڕێگەی هەیە بۆ ئەوەی ئەو بێزارییە تووندە دەرببڕین بەرانبەر ئەم ئەقڵە-دۆگماو تاریکانەی لەناوچەکەدا بوون بە سەردەستە. لە هەموو حاڵەتێکدا بەرهەمهێنانەوە و پاراستن و بەدەستهێنانەوەی ئیرادە ئەرکە گەورەکەیە؛ ئەوەی ئەمە مسۆگەر دەکات "ئازایەتی" یە، چوونکە تا ئازایەتی بە خۆ نەدرێ و تواناکان بوێرتر نەکرێت، ئازادیی و ڕزگاریی وەدەست نایات. ئەوجا "ئەقڵ"و دامەزراوەی باشیش پێویستن ئەم کەیسانە ئاڕاستە بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP