دواین هەواڵ

پەتڕۆڵ یان كۆنتڕۆڵ

‌کارزان گلی

3 رۆژ پێش ئێستا

خوێندنەوەی ئەم وتارە بەرچاوڕوونی زۆرت پێدەدات لەبارەی گەمارۆی سەر هورمز لەلایەن ئەمریكاوە

ئەمریكا بڕیاریدا گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بدات، رەنگە وا بیر بكەیتەوە ئەم گەمارۆیە بۆ ئەوەیە ئابووریی ئێران لەناو ببات، هەروەها ناچاری بكات بەداواكارییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل رازی بێت، ئەمە راستە، بەڵام پلان و بەرنامەكەی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی هورمز، بۆ چینە و دەیەوێت ئابووریی چین كۆنتڕۆڵ بكات و ناچاری بكات بەدۆلار مامەڵە بكات.

سەرەتا با ئەو پرسیارە بكەین، ئەو كەشتیانەی هورمز بۆ كوێ دەچن؟ ٨٠٪ی بۆ چین دەچن، ئەو كەشتیانەشی ئەمریكا رێگەیان پێ دەدات بە هورمزدا تێپەڕن، ناچنە چین، تەنیا ئەو كەشتییانەی بەرەو چین دەچن، ١٠٠٪ رێگریان لێ دەكات، بەمەش دەیەوێت هێڵی نەوتی چین كۆنتڕۆڵ بكات.

دوای دانوستاندنی ئیسلام ئاباد لەلایەن ئەمریكا و ئێران و نەگەیشتن بە رێككەوتن، دۆناڵد ترەمپ دوو لێدوانیدا زۆر گرنگ بوو.

لێدوانی یەكەم بەم شێوەیە بوو ”كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا گەمارۆی هورمز دەدەن، نایەڵن هیچ كەشتییەك بەوێدا تێپەڕێت، ئێمە رێگە نادەین بەوەی ئێران، ئەو وڵاتەی خۆشی بوێت رێگە بدات كەشتییەكان تێپەڕن و ئەوەشی خۆشی نەوێت رێگەی لێ بگرێت.“

لە لێدوانی دووەمدا گوتی ”با كەشتییەكانی چین بۆ لای ئێمە بێن، یان بۆ فەنزوێلا بێن و نەوت لە ئێمە بكڕن و ئێمە نەوتمان زۆرە و بە هەرزان پێیاندەفرۆشین.“
لە لێدوانی یەكەمدا هێڵی نەوتی چین دەپچڕێنێت، لە لێدوانی دووەمدا، دەڵێت با چین بێت و نەوتی ئێمە بكڕێت.

بۆچی چین نەوتی ئەمریكا بە هەرزان ناكڕێت؟ چونكە چین بە پارەی خۆی (یوان) نەوتی ئێران دەكڕێت، لەناو سیستەمی دۆلاردا نییە و لە سیستەمی سوێفتیشدا نییە، واتە چین بە هیچ دامەزراوەیەكی ئەمریكاوە نەبەستراوەتەوە.

ئەگەر نەوت لە ئەمریكا بكڕێت چی دەبێت؟

بێگومان ناچار دەبێت دۆلار بەكاربهێنێت و بە دۆلار ئەو نەوتە بكڕێت، هەروەها بێتە ناو سیستەمی سوێفت، ئەو سیستەمەی پارەی نەوتی بەدۆلار تێدایە و لەماوەیەكی كەمدا دەخرێتە سەر هەژماری ئەو وڵاتەی نەوت دەفرۆشێت.
ئەگەر چین ناچار بێت نەوتی ئەمریكا یان فەنزوێلا بكڕێت، ئەوكات ئەمریكا هەركاتێك بیەوێت نەوتی لەسەر دەگرێتەوە و پێی نافرۆشێت، یان لەناو سیستەمی سوێفت دەریدەكات و زیانی پێدەگەیەنێت، وەكوو چۆن روسیای دەركرد، بۆیە روونە ترەمپ دەیەوێت چین جڵەو بكات و چینیش دەزانێت بابەتەكە پەتڕۆڵ نییە كۆنتڕۆڵە.
ئێران لە بڕیارێكدا سەرانەی بۆ ئەو كەشتیانە دانا كە بەگەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، بۆ هەر بەرمیلێك یەك دۆلار، هەروەها ئەگەر كەشتییەك سەر بە ئەمریكا بێت یان ئیسرائیل، بۆی نییە بە پارەش بە هورمزدا تێپەڕێت. ژاپۆن كە هاوپەیمانیی ئەمریكایە چووە ناو ئەو سیستەمە و بۆ هەر بەرمیلێك بەك دۆلاری دایە ئێران و پارەكەشی بە یوانی چینی دا.

ئەمریكا دەتوانێت كەشتییەكانی چین رابگرێت؟
چین ئەم رەفتارەی ئەمریكا بە سووكایەتی بۆ خۆی دادەنێت و دەڵێت پێشێلی یاساكانی نێودەوڵەتییە، هەروەها پێشێلی سەروەری چینە، بۆیە بێدەنگ نابێت و رەنگە كاردانەوەكانی بەم شێوەیە بێت.
پاڵپشتییەكانی بۆ ئێران زیاد دەكات، سیستەمی یوانی چینی لە هورمز بەهێزتر دەكات، هەروەها یارمەتی ئێران دەدات بۆ مانۆڕەی سەربازی لە هورمز، دەیەوێت بە ئەمریكا بڵێت بەو رەفتارەت چارەسەت نەدۆزییەوە، بەڵكوو كێشەكانت زیاتر كرد.

ئەمریكا گەمارۆی سەر هورمزیدا، تا ئێستا ئەورووپا بینەرە، رووسیا بینەرە و وڵاتانی كەنداو بینەرن، ئایە ئەمە بەو مانایەیە ئەمریكا چی بوێت دەیكات؟
وەكوو ئەوەی نووسەری تورك، ئیبراهیم تۆرون باسی دەكات، ئەگەر چین بتوانێت كەشتییەكانی بە هورمزدا تێپەڕێنێت و ئەمریكا نەتوانێت رێگری لێ بكات، كەواتە بە دونیا دەڵێت ئەوەی ئەمریكا بیەوێت ناتوانێت بیكات.

تۆرون وتەیەكی رای دالیۆن دەهێنێتەوە و كە دەڵێت: ”سوپەر هێزەكان، كاتێك رێگە ستراتیژییەكانی ئابووریی لەدەست دەدەن، پارەكەیان بەهای نامێنێت و ئاساییش لەدەست دەدەن و هاوپەیمانەكانیشیان لێیان دوور دەكەونەوە، وەكوو ئەوەی چۆن لە ١٩٥٦، بەریتانیا كەناڵی سوێسی لەدەست چوو و وەكوو سوپەر هێر بوونی نەما، هەروەها هۆڵەندا و پورتوگالیش.“

ئەگەر ئەمریكا بتوانێت رێگە لە كەشتییەكانی چین بگرێت لە گەرووی هورمز، ئەوكات شەڕەكە زۆر گەورە دەبێت، چونكە ئەمریكا رووبەڕووی ئێران نابێتەوە، بەڵكوو چینیش لەبەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە.

ئەگەریش نەتوانێت ئابڵوقەی سەر كەشتییەكانی چین بدات، ئەوكات ئەمریكا بەهای وەكوو سوپەر هێز نامێنێت و هاوپەیمانەكانی لێی دوور دەكەونە، چونكە ئیدی گومانیان لا دروست دەبێت، بەوەی ئەمریكا هەرچی بوێت ناتوانێت بیكات، ئەوەتا نەیتوانی كەشتییەكانی چین لە هورمز رابگرێت.

بە بۆچوونی من، چین هیچ رێگەچارەیەكی نییە و دەبێت رابگیرێت و ئەمریكاش ئەوەی پێدەكرێت، وەكوو چۆن لە ١٩٨٦ هەمان سیناریۆی بۆ راگرتنی ژاپۆن بەكارهێنا، بەئەگەرێكی زۆرەوە چینیش رادەگرێت، بۆیە نابێت ساویلكانە بیر بكەینەوە بڵێین ئێران بە ئەمربكا ناڕوخێت یان لاواز نابێت، نەخێر، ئێران پارووە گەورەكە نییە ئەمریكا بیخوات، پارووە گەورەكە چینە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP