دواین هەواڵ

بە کەرەستە کۆنەکان ئێستا و ئایندە بەڕێوە نابرێت

‌بەهرۆز جەعفەر

6 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتی ئەوەیە؛ دەنگ بەرز-بکەینەوەو، زۆر بەڕاشکاویی بڵێین کە؛ "تکایە سەرۆک کۆمارێکی تۆزێک شیاو و لێهاتوو، دابنەن"، هەرکەسێک دادەنەن، با نوێنەری خەیاڵدانی گەلەکەی و کوردستانەکەی بێت، لێوەشاوە بێت؛ خەریکی پاراستنی مافەکانی کوردیش نەبێت لایەنی کەم بە ڕاستیی پارێزەری دەستوور بێت..ئەم چەند سەرۆک کۆمارەی ئەمدواییە خەریکی خۆیان بوون بە پلەی ئیمتیاز، بوێریان نەبوە، فاوڵی گەورەیان کردوە، نوێنەری نەک عێراقییەکان، نەک گەلێکی قوربانیدەری وەک کورد، تەنانەت نوێنەر و نمایندەی نیوەی حیزبەکەی خۆشیان نەبوون! کوردو کوردستان و ئاسایشی نیشتیمانیی تاک و کۆمەڵگەکەی زۆر لە کەسێک و گرووپێک و حیزبێک یان دوان و سیان گەورەترن لەم دۆخە وەرچەرخاوە-ئاڵۆزەی جیهان و ناوچەکەدا. 

سەرۆک کۆمار و کەرکوک و ناوچەکانی دی، دەبێت فاکتەری یەکبوون و یەکخستنی کورد بێت؛ نەک هەرجارەی کەسێک بێت [ کە ڕۆژێک میلوانی کراسەکەی بۆ کورد چڵکی نەگرتوە] بۆ کورسییەک کورد بکاتە چەندین پارچەوە!

لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیش هەروەهایە.. بەهۆی ڕەفتارەکانی ئەو ساڵانەی دوای ٢٠٠٣ ەوە کوردیان بێ-ئومێدکردوەو، هەموو ڕۆژێکی دەنگدانەکان لە دەیان "موکەبەرەی مزگەوت" ەوە هاوار دەکرێت "بۆ خاتری خوا بچن دەنگ بدەن، ئەمە بۆ کوردە!" هێشتا نیوەی دەنگدەر ئامادە نابێت!؟ لەبەرانبەردا عەرەب دوو هێندەو زیاتری جارانیان لێهاتوە لەو ناوچانە!
تۆزێک لە "جوولەکە" وە فێربن، کە گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتەی دواتر ناویان نا "ئیسرائیل" لەسەر ئاستی هەرە پیاوە خوێندەوار، ملیاردێر، خۆ-بەخش و خۆنەویست و بیرتیژ و بوێرەکانی خۆیان گەڕانەوە. تۆ لەسەر ئاستی کێ و کێ لەم دە-پانزە ساڵەی ڕابردوودا ڕۆیشتویتە کەرکوک و بەغدا!؟ 
بە بەکرێگرتنی چەند وێب-سایتێک و خۆ-نمایشکردن ئێمە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر نابەینەوە..ئەگەر پلان و دیدگاو ستراتیژیی یەکگرتوومان نەبێت، تەنانەت هەر حیزبێک پلان و دیدگای نیشتیمانیی- وەک پێویستی قۆناخەکە نەبێت، قەت ناتوانێت هیچ پێشکەش بکات ئەگەر هەموو پۆستەکانی عێراقیشی بەدەستەوە بێت. کورد وتویەتی "گوێز بەژمارە، مایەکەی دیارە"، هەموان دەزانن کورد چەندین هەنگاو پاشەکشەی کردوە لە بەغداو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ کێ لێی بەرپرسە؟ بێگومان ئەو نوخبەیەی ئێستاو پانزە- بیست ساڵی ڕابردووش هەر لەوێ بوون و، دیارە چییان بۆ خۆیان کردوە، دیارە ئەوان زۆربەیان پێشووتر چی بوون و ئێستا بوونەتە چی، بەڵام هیچ دیار نییە چ دەستکەوتێکی ستراتیجییان بۆ کورد بەدەستهێناوە! زۆربەیان ئەوەندەی چاوی نەیارانی کورد بوون، ئەوەندەی کەسابەتیان بە سەر جەستەی کوردەوە کردوە، هێندە نوێنەری کوردو هەرێمی کوردستان نەبوون.
بەهەرحاڵ؛ ئێمە چەند ساڵە دەزانین ئێوە کێن و چی و چیتان کردوە؟ کە قسە-ناکرێت- ئەوە مانای ئەوە نییە لەو ئەقڵییەت و ڕەفتارانە بەردەوام بن. 

"بەهرۆز جەعفەر"

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP