دواین هەواڵ

پێگەى سیاسى و ستراتیژى کوردستان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەى دەگوزەرێت و بەکردەوە دەبینرێت ، ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارى وەرچەرخانێکى مێژوویی و گرنگ و هەستیاردایە ، شەڕوئاڵۆزییە جەمسەرییەکانى ئەمەریکاوئیسرائیل بەرامبەر ئێران ،گەیشتۆتە قۆناغێکى سەختى ڕووبەڕووبوونەوە ، لە نێو چەق و قوڵایی ئەو جەنگ وململانێ جیۆپۆلۆتیکیەدا، دۆزى کوردوکوردستان وەک یەکێک لە کارەکتەرە کاریگەرەکان،جارێکى تر دەکەوێتە نێو چەقى هاوکێشەکانەوە ، 
بەپێى هەموو هەڵسەنگاندنە سیاسى و مێژوویی و ستراتیژییەکان ، ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان خاوەن پێگەیەکى جوگرافى و سیاسى و گرنگە ، لە دیدگاى ئەمەریکاو زڵهێزانى دیکە و بەتایبەت کوردستان وەک دوورگەیەکى سەقامگیر و متمانە پێکراوە بۆ پارێزگاریکردن لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەبینرێتن ، لە بەرامبەریشدا ، داگیرکەران و نەیارانى کورد بەتایبەت وڵاتانى دراوسێى وەک ئێران پێیان وایە هەر جۆرە سەقامگیرى و بەهێزبوونى پێگەى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە ژێر پاڵپشتى زڵهێزانى وەک ئەمەریکا ، دەبێتە هەڕەشەیەکى گەورە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانیان ، ئەم تێروانیە هەڵەیە وایکردووە کە هەرێمى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردوو و بەتایبەتى لە ئێستاشدا ڕووبەڕووى هێرش وپەلاماردانى تیرۆریستى وناڕەوا ببێتەوە وباجى قورسى ئەم ململاێیانە بداتەوە ، لەکاتێکدا سەرکردایەتى سیاسى کوردستان هەمیشە بێلانى خۆى لە نێو ئەو شەڕەدا راگەیاندووە ، نموونەى دیاریش هێرشى مووشەکى و درۆنى ڕاستەوخۆیی ئێرانە بۆ سەر هەولێرى پایتەخت و سلێمانى ودهۆک و شارەکانى دیکەى کوردستان بەپاساوى بوونى هێزەکانى ئەمەریکاو بنکەى ئیسرائیل
ئەوەى هەستى پێدەکرێت ، ئەو هێرش وپەڵاماردانەى ئێران وعێراق و میلیشیا تیرۆریستیەکانیان بۆ ئەوەى ، هەرێمى کوردستان و گەلى کورد لە نێو ئەو شەڕەدا تێوە بگلێنن بیکەنە قوربانى و شوێنى یەکلاکردنەوەى کێشەکان ،بەتایبەتى لەکاتى بەرفراوانتربوونى شەڕى نێوان ئەمەریکاوئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، وا بکرێت زیاتر هەرێمى کوردستان و ناوچەکەکانى دیکە ڕووبەڕووى هێرش و پەلاماردانى تیرۆریستى ئەو تاقم و گروپە لە یاسا دەرچوواننە ببنەوە 
لەگەڵ هەموو ئەو هێرش وپەلاماردان و هەڕەشانەشدا ، دەرفەتێکى گرنگ و مێژوویی بۆ گەلى کورد دێتە ئاراوە ، ئەویش ڕێگەى دوورکەوتنەوەیەتى لە جەنگى جەمسەربەندییەک توندەکان و پارێزگاریکردن لەخۆى و ئەزموونەکەى لە ئاگرى شەڕەکەیە ، پەیامى ڕوونى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان بۆ هەموو ناوچەکە وجیهان ،بەو راستییەى کە خاکى کوردستان هەرگیز نەبووە و نابێتە سەرچاوەى مەترسى بۆ سەر دراوسێیەکانى و لەهەمانکاتیشدا بەرگریکردن لەمافى پارێزگاریکردن لە قەوارەى کوردستان بەخۆى بەڕەوا دەبینرێت 
ئەوەى گرنگە سەربارەت بەم جەنگە وبەتایبەتى لەدواى 28ى شووباتى 2026 بزانرێت ئەو راستییەیە ، کە لە چەند خاڵێک ئاماژەى پێدەکەین : 
یەکەم ،، لەم جەنگدا ئێران دەیان سەرکردە و ڕێبەرى باڵاى لەدەستدا و ژێرخانى وزە و ئەتۆمى ، هەزاران پێگەى سەربازى و مووشەکى  گورزى کوشندەى بەرکەوت ، کە زیانێکى گیانى و ئابوورى گەورە و بێ شوومارە 
دووەم ،، ئێران لەڕووى سیاسى و متمانەوە، زیانى گەورەى لەخۆى دا ،بەتایبەت بەهۆى پەلاماردانى بێ پاساویی بۆ سەر کوردستان و وڵاتانى کەنداو و ناوچەکە ، ئەوەش وادەکات رۆژ بەرۆژ زیاتر گۆشەگیرى بەخۆیەوە ببینێت 
سێیەم ،، ڕێگەى گفتۆگۆى ئێران سەختە ،واتە بەو مانایەى خۆرادەستکردن و خۆکوژییەکى لەسەر خۆیەوە ، ئەوەى چاوەروانکراوە ، تاران بەرەو شەڕێکى دیکەى وێرانکەر دەچێت ، کە جارى پێشووتر توندتر وقورستتر و وێرانکەرى تر دەبێت 
چوارەم ،، ئەمەریکا چەندینجار راگەیاندووە ، ئاشتى بەڕێگەى شەڕ فەراهەم دەکات، بۆیە لەسەر مێزى گفتوگۆ ناگاتە بە ئامانجەکانى شەڕ ، چونکە دەبێت بێ مەرج یورانیۆمە پیتنراوەکەى ئێران بەدەست  بێنێت ولەگەڵ کۆتایی هێنان بە مووشەکى بالستیک و تواندنەوەى گروپ ومیلیشیاکانى لەناوچەکەدا 
پێنجەم ،، بۆ ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیانەدا ، ئەوەى بۆ گەلى کورد گرنگە لاوازبوونى دوژمنەکانى و داگیرکەرانى کوردستان ،چونکە جەمسەرى شیعى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە پاشەکشێ دایە و پێشتریش سوننە و دوژمنانیکردنى هەر لە ئەنفالکردنى کورد و کیمیابارانکردن و وێرانکردنى نزیکەى 5000 گوند  تاقیکراوەتەوە 

بۆ گەلى کورد گرنگە لەم قۆناغە مێژووییەدا ، تەبایی و یەکدەنگى نێوماڵى کوردستان بەتایبەتى بەشەکانى دیکەى کوردستان و بوونى پلان و بەرنامەیەکى ورد ، بۆ ئەوەى جارێکى تر گەلى کورد نەبێتەوە قوربانى وڵاتانى ناوچەکە و زڵهێزان ، تەنها یەکڕیزى سیاسى و دیپلۆماسى دەتوانێت سەنگ وپێطەى کورد لە پاشکۆوە بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکى هاوسەنگ ، بۆیە مانەوە و سەرکەوتنى کورد لەوەدایە ، هەرگیز نەبێتە بەشێکى لە شەڕى ئەوانى دیکە ، بەڵکو پێگەى خۆى وەک ناوچەیەکى ئارام و هاوبەشێکى متمانەپێکراوى نێودەوڵەتى بپارێزێت ، چونکە لەشەڕى زڵهێزەکان و جەمسەرەکان ، تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە چۆن لە نێوان هەڵسەنگاندن وبەرداشەکاندا درزى خۆیان بدۆزنەوە و سوودیش لە دەرفەتەکان بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەرەواکانیان وەربگڕن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP