دواین هەواڵ

ئەمریکا چۆن گرێکوێرەی هورمز دەکاتەوە؟!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

گەورەترین چەک کە ئێران لەم جەنگە بەکاریهێناوە، لێدانە لە جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی جووڵەی کەشتیوانی بازرگانی! ئێران، زۆر زیرەکانە کارێکی کرد کە نرخی نەوت زیاتر لە ٢٥٪ زیادبکات و بازاڕی جیهان تووشی پەشۆکانێکی کەموێنە بکات، بەجۆرێک کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاوی و کۆمپانیاکانی بیمە رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە.
بەکورتییەکەی: ئێران ئەو بەڵێنەی لاریجانی بردە سەر کە رۆژانی پێش دەستپێکردنی جەنگ ئاماژەی بەوەکرد: “تەنگەی هورمز یان دەبێتە تەنگەیەک بۆ ئارامی هەمووان، یان دەبێتە تەنگەیەک بۆ خنکاندنی ئەوانەی خەون بە جەنگەوە دەبینن.


پێچەوانەی ئەوەی کورد بیری لێدەکردەوە، ئەمجارە ناوچەی گەرمی شەڕ سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەقەد ئەوەی تەنگەی هورمزە!
ئەو پێگە ئاوییەی کە لە باکوورەوە ئێران و لە باشوورەوە عومان و ئیمارات لەیەک جیا دەکاتەوە. پانییەکەی لە تەسکترین خاڵدا نزیکەی ٣٣ کیلۆمەترە، بەڵام ڕێڕەوی کەشتیوانی ڕاستەقینە - کە کەشتییە زەبەلاحەکان پێیدا تێدەپەڕن - پانییەکەی تەنها ٣ کیلۆمەترە بۆ هەر ئاراستەیەک.


بۆچی ئێران توانی تەنگەی هورمز دابخات؟
تەنگەی هورمز چەندین دوورگەی ستراتیژی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە سێ دوورگەکەی کە کێشەیان لەسەرە لە نێوان ئیمارات و ئێران (تەنبی گەورە، تەنبی بچووک، و ئەبوموسا)، جگە لە دوورگەی “قیشم”ی ئێرانی کە لە کاتی جەنگی کۆتاییدا ڕووبەڕووی هێرشی ئەمریکی بووەوە.
ئەوەی کۆنترۆڵی ئاوی بە ئێران بەخشیوە، کۆنترۆڵکردنی ئەو دورگانەیە.

لە ئەنجامدا، کاریگەرییە ئابوورییەکە تەنها لەسەر بازاڕەکانی دارایی و کار نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە ئامرازێکی فشاری سیاسی لەسەر ئەو وڵاتە کاریگەرانەی کە هاوپەیمانی ئەمریکان، لە ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆوە تا وڵاتانی کەنداو کە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە.
بە واتایەکی وردتر، فشاری ئابووری لەسەر ئەم وڵاتانە بووەتە هۆی دروستبوونی فشاری سیاسی لەلایەن ئەوانەوە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییەکانیان لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی داخستنی تەنگەی “هورمز” لەسەر ئابوورییەکانیان.

کەواتە، دەشێت هەنگاوی داهاتوو چ بێت؟
بە هەر نرخێک بێت، تەنگەی هورمز دەبێت بگەڕێتەوە دۆخی پێش جەنگ. ئەمە پرسێکە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا هێڵی سوورە. بەڵام بەم دۆخەی ئیستا کە هیچ ئاسۆیەک بۆ گۆڕینی رژێمی حوکمڕان لە تاران نییە، دەشێت فۆرمولەی واشنتن بۆ چارەسەری پرسی تەنگەی هورمز، دەستتێوەردانێکی سەربازی دەریایی- ئاسمانی- زەمینی بێت لەو ناوچەیە بەناوی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کێشەیەکی هەڵپەسێردراوی دێرین کە زیاتر لە نیو سەدەیە هەیە لە نێوان ئێران و ئیمارات. سەرەداوەکانی ئەم هەنگاوە، لە زیادکردنی هێز لە فەرماندەیی ناوەندی (CENTCOM) و هێزی دەریایی پێنجەمی ئەمریکا دەردەکەوێت. ئەو هەنگاوە ئەگەر رووبدات، جگە لەوەی تەنگەی هورمز دەباتەوە دۆخی بەر لە جەنگ، لە کۆتاییشدا بۆ تاهەتایە ئاسایشی دەریاوانی ناوچەکە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و کەنداوی فارسیش دەکاتە کەنداوی عەرەبی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP