(١)
هەندێک پێیان وایە کە نزیکبوونەوەی کورد لە هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دووبارەکردنەوەی ئەزموونە تاقیکراوەکانی ڕابردووە و دەرەنجامەکەی تەنها "بەکارھێنان" دەبێت. بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ جوگرافیای سیاسیی ئێران و داهاتووی ناوچەکە، پێمان دەڵێت کە دۆخی ڕۆژهەڵات تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکی چارەنووسسازە بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی گەورەتر.
جیاواز لە هەر کاتێکی تر، ئەمڕۆ باسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنها دروشم نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە کە دەستی پێکردووە و وڵاتان پێشبڕکێیانە بۆ بەشداری کردن و پشتیوانی کردن لە ئەمریکا. لە کاتی داڕمانی سیستمێکی تۆتالیتاردا، هەمیشە "بۆشاییەکی ئەمنی" دروست دەبێت. ئەگەر کورد لەو ساتەدا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و پشتگیرییەکی گەورەی وەک ئەمریکای لەپشت نەبێت، دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بە ئاگر و ئاسن وڵاتەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
(٢)
(سەڵتەنەتتەڵەب و ناسیۆنالیزمی توندڕەو)
یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنها ڕژێمی ئێستا نییە، بەڵکو ئەو عەقڵیەتە فاشیست و ناوەندگەرایەیە کە لە ژێر ناوی "سەڵتەنەت" یان "یەکپارچەیی"دا خۆی حەشارداوە. ئەم ڕەوتانە بڕوایان بە هیچ مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد نییە و وەک نەیارێکی پلە یەک سەیری کورد دەکەن.
بەبێ بوونی چەترێکی نێودەوڵەتی، کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێم، ڕووبەڕووی "گورگانەخوارد کردن" دەبێتەوە لەلایەن ئەم هێزە فاشیستانەوە کە دەیانەوێت جارێکی تر کوردستان بکەنەوە بە ژێردەستەی تاران.
(٣)
پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای "پشتیوانی بێبەرامبەر" نایەت، بەڵکو بەواتای "بەرژەوەندیی هاوبەش" دێت. ئەمریکا بۆ روخانی تاران و سەقامگیریی داهاتووی ناوچەکە پێویستی بە هێزێکی ڕێکخراو و خاوەن قەزیەی ڕەوا هەیە، کوردیش بۆ پاراستنی خۆی لە چنگی شۆفێنیزمی ئێرانی پێویستی بە دانپێدانان و چەکی ئەمریکا هەیە. ئەمە یارییەکی سیاسییە نەک تەنها دڵسۆزییەکی سادە.
(٤)
ئەگەر لە ڕۆژئاوا هەڵەیەک کرابێت، ئەوە نییە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە، بەڵکو ئەوەیە کە نەیانتوانی ئەو پەیوەندییە بکەنە "دانپێدانانێکی سیاسیی فەرمی و دەستووری". ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێ بکات؛ واتە مەرجی پشتیوانی ئەمریکا تەنها بۆ ڕووخانی ڕژێم نەبێت، بەڵکو بۆ چەسپاندنی مافەکان بێت لە ئێرانی داهاتوودا.
(٥)
مانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاراستنی قەوارەکەی لە دوای کۆماری ئیسلامی، پێویستی بە هاوسەنگیی هێز هەیە. لە نێوان "فاشیزمی ناوەندگەرا" کە دەیەوێت کوردی تێدا بتوێنێتەوە، و "هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژئاوا" کە دەرفەتی مانەوەی پێ دەدات، بژاردەی دووەم نەک هەر ژیرانەیە، بەڵکو تاقە ڕێگەی ڕزگارییە، هەرکەسێک بەناوی رۆشنبیریەوە پێچەوانی ئەم بۆچوونە فتوا بۆ چارەنووسی خوشک و برایانمان لە رۆژهەڵات دەربکات لە خەیاڵەکانی دۆنکیشوت دەچێ دەیەوێت شەڕی دورون و هاژەک بە شمشێر بکات.