هەرئەمڕۆ نەوەک ئیسرائیل، بگرە ئەمریکایش دان بە کوردستاندا بنێت، لایەکی نوخبەی رۆشنبیری کوردی دەکەوێتە باسی خراپەکانی دەوڵەت بە گشتی و دەوڵەتی نەتەوەیی بەتایبەتی و لایەکی نوخبەی سیاسیش دەکەوێتە تیۆریزەکردنی ئەوەی ئێمە لەبرسان دەمرین و ناکرێت و نابێت و …هتد.
پێموانییە لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو باسێکی گشتی هەبێت بەناوی ئەوەی “دەوڵەت خراپە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی باوی نەماوە” وەک ئەوەی لە کوردستان هەیە.
کێشەکە ئەوەیە، ئەم نوخبەیەی باسی ئەمە دەکات زۆرینەی یان لە ئەورووپا دەژین، یاخود بەرهەمی زانکۆکانی ئەورووپان!
واتا، کابرا لەشوێنێکەوە کە دەوڵەت هەر وجوودی نییە، نەتەوە وجوودی نییە، چووەتە شوێنێک کە دەوڵەت و نەتەوە لەوپەڕی بەهێزیدان و ئینجا دەشڵێت خراپە!
ڕاستییەکەی، ئەمڕۆ دەوڵەتداری و دەوڵەتی نەتەوەیی و تەنانەت ناسیۆنالیزمیش لەوپەڕی خۆیدایە!
ئەگەر لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بەشێک لە بیرمەندان یان توێژەران پێشبینییان دەکرد کە گلۆبالیزم دەبێتە هۆی لاوازبوون و لەناوچوونی دەوڵەت نەتەوە بەڵام ئەمڕۆ پێشهاتەکان تەواو پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەردەخەن و نیشانیدەدەن کە دەوڵەت نەک هەر لاواز نەبووە بەڵکو لەوپەڕی بەهێزیی خۆیدایە.
قەیرانی کۆرۆنا گەورەترین بەڵگە بوو بۆ ئەوەی کە تەنها دەوڵەت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە وجودیەکانی هەیە چونکە تەنها دەوڵەت دەیتوانی قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنێت و سنوورەکان دابخات و هاوکاری ئابووری پێشکەشی هاووڵاتیان بکات. ئەگەر سەردەمانێک گرەو ئەوەبووبێت کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا رۆڵی دەوڵەت لاواز دەکات، دەرەنجامەکە تەواو پێچەوانەیە! بەنموونە؛ پێشکەوتنی هۆکارەکانی پێوەندی و ئینتەرنێت، لەجیاتی ئەوەی سنوورەکان نەهێڵێت، سنوورەکانی هێندەی دیکە توندوتۆڵکردەوە! ئەوەتا ساڵ بە ساڵ بەزاندنی سنوور و قاچاخ قورستر و قورستر دەبێت! ئەمڕۆ دەوڵەتەکان ئینتەرنێتیان کردووەتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی یاسای توندی پاراستنی داتا و چاودێریکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی ئەمنی کە دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەر تاکەکاندا بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرزکردووەتەوە. دەوڵەت ئیستا ئاگادارە کە یەک سەنتیش چۆن دێت و چۆن خەرجدەکرێت. گەڕانەوەی کێبڕکێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین نیشانی دەدات کە دەوڵەتەکان هێشتا ئەکتەری سەرەکین لە دیاریکردنی چارەنووسی جیهان و زیادبوونی بودجەی سەربازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتەکان هێشتا ئاسایش بە لەپێشینەترین کاری خۆیان دەزانن. ئەو باوەڕەی کە دەیگوت بازاڕی ئازاد دەوڵەتەکان بێبایەخ دەکات پاشەکشەی کردووە بۆ ئەوپەڕی پرۆتێکشنیزم و ئێستا دەوڵەتەکان دەستوەردان دەکەن بۆ پاراستنی پیشەسازییە ستراتیژییەکانیان وەک چیپی ئەلیکترۆنی و وزە و هەوڵ دەدەن بەرهەمهێنان بگەڕێننەوە ناو وڵاتەکانی خۆیان بۆ ئەوەی پشت بە وڵاتانی تر نەبەستن. ئابووریناسی ناودار دانی ڕۆدریک دەڵێت کە جیهانگیری بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستی بە دەوڵەتی بەهێز هەیە چونکە بازاڕەکان پێویستییان بە یاسا و دادگا و سیستەمی دارایی هەیە کە تەنها دەوڵەت دەتوانێت دابینیان بکات و تەنها دەوڵەت دەتوانێت گرێبەستی کۆمەڵایەتی بپارێزێت و قەرەبووی زیانمەندانی جیهانگیری بکاتەوە بۆیە دەوڵەت نەتەوە نەک هەر پاشەکشەی نەکردووە بەڵکو خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا گونجاندووە و لە جیهانێکی پڕ لە نادڵنیاییدا هاووڵاتیان زیاتر لە جاران چاویان لە دەوڵەتە بۆ دابینکردنی ئاسایش و تەندروستی و سەقامگیریی ئابووری کە ئەمەش وای کردووە دەوڵەت وەک ئەکتەری سەرەکی و بێ ڕکابەر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە.