دواین هەواڵ

ئيسرائيل بووە یەکەم دەوڵەتی جيهان دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی سۆماڵيالاند دەنێت

‌رەنج نەوزاد

5 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆماڵيالاند لە ١٩٩١ەوە سەربەخۆیی ڕاگەياندووە و لە هەوڵدانی بەردەوام بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتان ئیعتراف بە سەربەخۆییەکەی بکەن، بەڵام هيچ دەوڵەتێک لە جيهان ئامادە نەبوو ئەوە بکات. ئەمڕۆ ئيسرائيل بە فەرمی، بووە یەکەم دەوڵەتی جيهان دانی بەسەربەخۆیی ئەو دەوڵەتە نا و ئەو بەستەڵەکەی شکاند.

سۆماڵيالاند دانيشووانەکەی دەوروبەری ٥ مليۆنن، ٩٩٪ی مسوڵمانی سوننەن. لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافييەوە دەکەوێتە یەکێک لە گرنگترين و هەستيارترين ناوچەکانی جيهان، کە پێی دەڵێن قەرنی ئەفريقی، دەڕوانێتە سەر کەنداوی عەدەن، گەرووی بابولمەندەب، دەروازەی باکووری دەريای سوور. ئەم ڕێڕەوە بە ڕێگای سەرەکی نێوان ئاسيا و ئەوروپا و بەشێکی گەورەی ئەفريقيا دادەنرێت بۆ بازرگانی و وزە، جگە لەوەی لە ڕووی سەربازييەوە رێگایەکی گرنگ و هەستيارە، لە ستراتيژی ئەمريکا بۆ ئەگەری ململانێيەکی توند لەگەڵ چين، بە داخستنی ئەم ڕێگایە گورزێکی کەمەرشکێن لە ئابووری و بازرگانی چين دەدرێت. چين یەک بنکەی سەربازی هەیە لە دەرەوە، ئەويش لە جيبۆتيە، دراوسێی سۆماڵيالاند، ئەمريکا و بەشێکی زۆری دەوڵەتە بەهێزەکان لەو وڵاتە سەربازگەیان هەیە، ئەمەش گرنگی ئەو ناوچەیە پێشاندەدات.
ئامانجەکانی ئيسرائيل لەو هەنگاوە؟

بە گشتی دەریای سوور و بابولمەندەب گرنگە بۆ ئيسرائيل، لە ڕووی ئابووریيەوە. هەرچەند لە ئێستادا لەو ڕووەوە گرنگييەکەی کەمترە بە براورد بە گرنگييەکەی لە ساڵانی شەست و حەفتاکان، چونکە ئێستا زیاتر پشت بە دەریای سپی ناوەڕاست دەبەستێت بۆ ئابووری. بۆ ئايندە، دەکرێت دووبارە گرنگ ببێتەوە، بە تايبەت دوای ئەو گۆڕانکارييانەی لە پەيوەندی ئيسرائيل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ڕوویداوە لە ڕووی ئاشتی و ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکان، هاوکات بە هۆی ڕێگای هیندستان-ئەوروپا.
هۆکارێکی سەرەکی پرسی حووسييەکانی یەمەنە، لەم دوو ساڵە ئيسرائيل بۆی دەرکەوت لەو ناوچەیەوە دەکرێت سەرئێشەی بۆ درووست بکرێت، چ لە ڕووی ئەمنييەوە یان ئابووری. جاران تەنيا ميسر دەيتوانی ئەو ڕێگایە دابخات بەڕووی ئيسرائيل، وەک لە ٧٣ ڕوويدا. ئيسرائيل دەيەوێت ئامادەییەکی هەواڵگری لەو ناوچەیە هەبێت.

دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە ئيسرائيل دان بە سۆماڵيالاند دەنێت، لەبەرانبەردا ئەو وڵاتە بەشێک لە دانيشتووانی غەززە وەردەگرێت، ئەمە دەبێت چاوەرێی بين، دەکرێت ڕاست بێت، دەکرێت ناڕاست.

سۆماڵيلاند لە ڕووی هاوکێشە سياسييەکانەوە، تورکيا و قەتەر و ئيخوان دژيانن، لە کاتێکدا مسوڵمان و سوونەن، بەرەی تورکيا و قەتەر لەگەڵ سۆماڵن کە داڕماوە لە هەموو ڕوویەکەوە. ئيمارات زیاد لە ١٠ ساڵ دەبێت پەيوەندييەکی بەردەوام و پتەوی درووست کردووە لەگەڵ سۆماڵيالاند، یەکێک لە گرنگترين بەندەرەکانی ئەو ناوچەیە، بەندەری بەربەرەی سۆماڵيالاندە، کۆمپانيای دوبەی بۆ بەندەرەکان بەڕيوەی دەبات. ئەسيوپيا کە دەوڵەتێکی گەورەیە و سنووری ئاوی نييە، لە دوای جيابوونەوەی ئێریتریا, بۆ گەيشتن بە دەریا پشت بە جيبۆتی دەبەستێت، پلانی هەیە بەندەرەکانی سۆماڵيالاند بکاتە ڕێگایەکی تر بۆ گەيشتن بە دەريا.

هەنگاوەکەی ئيسرائيل لەوانەیە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە، چونکە لە ٩١ەوە کۆدەنگی نێودەوڵەتی هەبووە سەبارەت بە ئیعتراف نەکردن بە سۆماڵيالاند، بەڵام ئيسرائل بایەخ بەو لێکەوتە و فشارانە نادات.

پێش ٤-٥ ساڵ هەر لە فەيس بووکەوە پێشنيارم بۆ حکومەتی هەرێم کرد کە پەيوەندیيەکی کولتوری و بازرگانی لەگەڵ تايوان و سۆماڵيالاند درووست بکات. جگە لەوەی پەيوەندييەکە لە نێوان چەند نەتەوە و وڵاتێکی سەربەخۆيخواز و ستەملێکراوە، دەکرێت ببێتە فشارێکی قوورس لەسەر عيراقيش لە لایەن چين و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی تر. ئەو هەنگاوانە دەکرێت تاقی بکرێنەوە، ئەگەر زانرا فشار و زيانەکان گەورە دەبن، ئەوا کشانەوە ئاسانە.

پيرۆزە لە سۆماڵيالاند بۆ بەدەستهێنانی یەکەم دانپێدانان، بە تايبەت لە لایەن ئيسرائيلەوە کە لە گرنگترين و جوانترين و بەهێزترين و شەرعيترين دەوڵەتەکانی مێژووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP