دواین هەواڵ

نێوبژیوانکەر دڵی گەورەیە

‌فەرەیدوون پەروازە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ کەسێک کە نە باوری بە ئیسلام هەیە و نە بە دیمۆکراسی بۆچی بۆ چارەسەری ئاشتیانە پەنا دەباتە بەر دوو بیرۆکەی جیاواز و لێکیان پێوەند ئەکات؟؟ یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی باوەرمەندن بە ئاینی ئیسلام و دووهەم ئەوەیە کە دیموکراسی تەنیا وێژمانی باڵادەست و تەنیا کلیلی چارەسەری کێشەکانە لە دنیای مۆدێرنی ئیمرۆدا.

بەرێز ئوجەلان نە ئاینی ئیسلامی قەبووڵە و نە دیموکراسی هەر بۆیە وەک ناوبژیوانێک هیچ زەرەرێک ناکا لەو هەڵپێکانە پیرۆزەدا چوونکا نە دیندارە تا دڵی دیندارانی لێ برەنجێ نە دیموکراسیخوازە کە ئازادییەکان بەرتەسک بکاتەوە. سەقامگیربوونی دیمۆکراسی پێویستی بە پەروەردەی زانستیانە، ئازادیخوازانە و پێوەرە جیهانییەکان هەیە.
بۆ کەسێک کە خۆی کردووە بە پیرۆزە و ئیلاهەی ئازادی و لە روانگەی مارکس و روانگەی تاکەکەسییەوە شرۆڤەی دیمۆکراسی دەکات هیچ چاوەروانییەک بەدوور نیە. لێکهەڵپێکانی دیموکراسی و ئیسلام، یا هەر ئاینێکی دیکە حوکمێکی نالۆژیک، فانتزی و دەمارگرژانەیە چوونکا ئەگەر کەسانێکی موسڵمان باوریان بەوە هەبێت زاتی ئەو دوو ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییە دژی ئەو پێوەندەیە. بە لارێدابردنی هەر ئاین و بیرۆکەیەک پێوەندی بە کەسانی سوست باوەڕ، خورمیش وبەرژەوەندیخوازەوە هەیە کە هەم خورمای دەوێ و هەم کشمیش. ئەو جۆرە داهێنانە لاسایی کردنەوەی چاکسازیخوازی و ریفۆرمخوازی پێرەوانی مەسیحیەتە کە لە سەردەمی رینەسانس بەدواوە بە هێنانە ئارای چەمکگەل وەک دیموکرات مەسیحی، سۆسیالیست مەسیحی و،،، پەلوپۆی ئاینی مەسیحیان کرد.

لە ناو پێرەوانی ئیسلامدا ئیخوانەکان بە لکاندنی پاشگری دیموکراتیک شاگەشکە دەبن و خۆیان لە گەل هەموو قاڵب وچوارچێوەیەکدا دەگونجێنن. وەک دوا وتە دەبێ بگوترێ کە پێرەوانی راستەقینەی ئیسلام گەمەیان دێت بەو چەمکە و هەروەها دیموکراسیخوازانیش سەریان سورماوە.

چارەسەری پرسی کورد لە باکوور لە ژێرناوی هەر بیرۆکەیەکی وەک ئیسلامی دیموکراتیک، پێڤاژۆی ئاشتی، برایەتی گەلان و تەنانەت لە سەر ئەرکی تاکەکەسێک وەک بەرێز ئۆجەلان چارەسەر نابێت و ئەو هەوڵ و پەلەقاژانە لە راستییدا بۆ ئازادبوونی تاکەکەسێکە لە بەندیخانە نەک ئازادی گەلێک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP