دواین هەواڵ

هەباسە... لە کۆشکی ئەردۆغان چ باسە...؟

‌ئارام ڕەفعەت

2 کاتژمێر پێش ئێستا

٩ی ئەم مانگە، سکانداڵێک تورکیای هەژاند. سکانداڵی گرتنی بەڕێوەبەری کەناڵی خەبەر تورکی رژێمەکەی ئەردۆغان و راپێچکردنی بۆ دادگا. بەڕێوەبەری کەناڵەکە ناوی محەمەد عاکیف ئارسۆیە.

دادگا بێ وەستان ئەم سێ تۆمەتە مەترسیدارەی دایە پاڵ ئارسۆی:

١) دامەزراندنی باندێکی نایاسایی،

٢) مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان،

٣) ئیستیغلال کردنی ژنان بۆ سێکسکردنی ناشەرعی.

ئەم تۆمەتانەی دادگا دژی ئارسۆ تورکیای هەژاند. هۆکاری هەژانەکە هەر ئەوە نییە کە ئارسۆ وەک گەنجە ئیماندار و بەدەستنوێژ و جێ متمانەکەی ئەردۆغان و میوانی بەردەوامی ناو کۆشکەکەی و روخسارە زێڕینەکەی میدیای تورکی و میدیاکارە نازدارەکەی ئاک پارتی ناسرابوو. هۆکارەکە ئەوەش نییە کە چۆن دەبێت کەسێک لە سای رژێمەکەی ئەردۆغان راپێچی زیندان بکرێت کە رۆڵی واجیهەی میدیایی و بەرگریکاری سەرسەختی خودی ئەردۆغان و رژێم و حیزبەکەی دەگێڕا.

راستە ئەوەی تا ئێستا بۆ ئارسۆی رەخسا بوو، بۆ هیچ میدیاکارێکی تورک نەرەخساوە، هەر بۆیەش تورکەکان نازناوی شازادەی میدیای تورکیییان بە ئارسۆ بەخشی بوو. بەڵام شازادە لەچاو ئەربەکان و گولەن، دوو مامۆستا و رابەری رۆحی ئەردۆغان، وە داودئۆغڵۆ و باباجان و ئارنیج و گول، هاوڕێ نزیکەکانی ئەردۆغان، کەسایەتیەکی بۆش و بێکاریگەرە و هیچ بەها و نرخێکی وای نییە. ئەوەی کۆمەڵگای تورکەکانی هەژاند ئاشکرا بوونی ئاستی ململانێی ناو کۆشکە لەسەر ئەوەی کێ دوای ئەردۆغان دەبێتە سوڵتانی کۆشکە هەزار و یەک ژووریەکە. ئەردۆغان دەخوازێت بە هەر نرخێک بێت، دوای خۆی بیلالی کوڕی لەسەر تەختی سوڵتان دابنیشێت و ئەگەر نا بایرەقداری زاوای.

فیدانیش، دەمێکە کەوا و تاجی سوڵتان بەباڵای خۆی دەپێوێت و جگە لەخۆی هیچ کەسێکی تر بەشایستەی دانیشتن لەسەر ئەو تەختە نازانێت. گرتن و راپێچکردنی ئارسۆی بۆ دادگا و تۆمەتی دامەزراندنی باند و مامەڵەی مادەی هۆشبەر و ئیستیغلالی ژنان بۆ سێکسی سیاسی، هەوڵی بنەماڵەی ئەردۆغانە بۆ روخاندنی کۆشکی خەیاڵی سوڵتانێتی فیدان. چیرۆکی شازادەبوونی ئارسۆ، لە نادر ئارسۆی باوکیەوە دەست پێدەکات. نادر رابەری حیزبی سەلام تەوحیدە کە لە نەوەدەکاندا بە ئامانجی دامەزراندنەوەی خەلافەت دامەزرابوو. دوای قەدەغە کردنی رێکخراوی سەلام تەوحید، کادیرەکانی لەناو میدیای گولەنیەکان و پارتی ریفاهی ئەربەکان و پارتی سەعادەت و دواتریش ئاک پارتی رۆڵی دیاریان پێدرا. عاکف ئارسۆ بەو پاشخانەو و لەو ژینگەیەوە هاتە ناو میدیای تورکی، بەڵام ئەمە هۆکاری بوونی بە شازادە نەبوو. ئەو پاشخانێکی دیکەیشی هەبوو، کار و هاوکاری و گوێڕایەڵی بۆ هاکان فیدان. ئەستێرەی ئارسۆ لەگەڵ بوونی فیدان بە سەرۆکی دەزگای میت، لە ساڵی ٢٠١٠ بوژایەوە. لەو ساڵەوە، ئارسۆ بە پۆشاک و ئارمی هەواڵنێری جەنگی و لە ژێر پەردەی کاری میدیایی نێردرایە ئەو هەرێمانەی کە جەنگ و ناسەقامگیری لێیە، لەناویشیاندا هەولێر و یەمەن و لیبیا و دیمەشق. پێدەچێت ئارسۆ هەموو ئەو ئەرکانەی کە لە هەلێر و یەمەن و دیمەشق و لیبیا پێی سپێردرابوون، بە زیادەوەش جێبەجێکردبن.

بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ تورکیا هەم دەروازەکانی پۆست و پایە و شۆرەت و ناو بانگی بۆ واڵا کران، وە هەم متمانە و دەسەڵاتی رژێمەکەی ئەردۆغانیشی بۆ دابین کرا و سەرەنجام بووە شازادەی میدیای دەسەڵات. ئامانجی فیدان لە بەشازادەکردنی ئارسۆ، مسۆگەرکردنی میدیایەکی پشتیوان بوو. لە فەزای سیاسی تورکەکاندا، بوونی میدیا یەکێکە لەو سێ پایانەی کە بۆ گەییشتن بەدەسەڵات پێویستن. دوو پایەکەی تر پشتیوانی نوخبە بیرۆکراتیەکەی ناو هەڵقە بەرتەسکەکانی حیزب، لەگەڵ پشتیوانی تۆڕی میتە. فیدان جۆرێک لەهاوپەیمانی لەگەڵ سلێمان سۆیلۆئ وەزیری ناوخۆی پێشوی ئاک پارتی هەبوو و خۆیشی بۆ ١٣ ساڵ سەرۆکی دەزگای میت بوو. ئەوەی فیدان، بە خەیاڵی خۆی پێویستی بوو، داماڵینی هەموو کاژێکی کوردبوون بوو تا بیسەلمێنێت، کە بوو بە سوڵتان، لە ئۆرتغڵ و محەمەد شا و سلێمانی قانوونی تورکتر دەبێت.

فیدان لە ٢٠٢٣ بووە وەزیری دەرەوەی تورکەکان، خوا هەڵناگرێت لە دژایەتی کورد، رووی هەرچی وەزیری دەرەوەی تورکەکان هەیە سپی کرۆتەوە، هەر لە یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەتاتورکەوە لە ١٩٢٣ تا دوا وەزیری پێش فیدان خۆی، لە ٢٠٢٣. بەڵام پێدەچێت، هەموو ئەو رەنجەی کێشای دژی کورد، وەک رەنجی تاژی راو بەزایە چوبێت و ببێتە هی خاوەنەکەی، واتە بنەماڵەی ئەردۆغان. ئێستا بەگیرانی ئارسۆ، فیدان پایەی پشتیوانی میدیایی لەدەست چوو.

سۆیلۆش دەمێکە کراوەتە ئامانجی میدیای سەر بە بنەماڵەی ئەردۆغان و هەوڵی قێزەون کردنی دەدرێت. پایەی سێیەمیشی مسۆگەر نییە و پێناچێت ئیبڕاهیم کاڵینی سەرۆکی ئێستای میت، هیچ هێلکەیەک لە سەبەتەی فیدان دابنێت. ئەوەی بۆ کورد لە هەر چوار پارچەی وڵات گرنگە ئەوەیە ناوماڵی سەرسەختترین نەیارەکانی درز و ئاژاوەی تێکەوتووە. لەم ئاژاوەیەدا هەم مەترسی و هەم هەلی گونجاوی بۆ کورد لێ چاوەڕوان دەکرێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP