یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هێزی دوەمی کوردستان لە ڕووی ئەمنی و ئیداری و داراییەوە، پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی هەرێم و چەندین وەزیر و جێگر وەزیری هەیە، کەچی هەمیشە دەڵێت ئاگام لە هیچ نیە!
ئەم ئێوارەیە دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون کە جێگری وەزیری تەندروستیە دیمانەی هەبوو، (کە من ئەم ئێوارەیە زانیومە بریکاری وەزیرە) بۆ هەرچی تەندەر و رێنمایی هەیە وتی ئاگادار نیم، تەنانەت نازانم کوالیتی کۆنترۆڵ چۆن کار دەکات! لە وەلامی پێدانی تەندەرەکان و زیاد بونیان وتی ئاگام لێ نیە، جارێکیش وتی ئاگام لە هیچ نیە، لە کاتی جوڵەی هێزەکاندا لە گرژیەکانی گوندی لاجاندا جێگر وەزیرێکی یەکێتی وتی هیچ ئاگایەکم لە جوڵە ئەمنیەکان نیە!
لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە، باشە ئێوە وا شەش ساڵە لەم کابینەیەن خێرە ئاگاتان لە هیچ نیە؟
باشە لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیتان سودمەندیتانە یان هیچ لە بارا نەبوویی؟ بۆ هێندە دەستوپێ سپین جێگری وەزیرن و بێ ئاگان لە هموو شت، ئێوە کاتێک دیمانەیەك ئەنجام دەدەن بۆچی لە خەمی خۆتان و سومعەی پێگەکەتاندا نین! ئاخر ئەم هموو بێ ئاگاییە پێماندەڵێ یەکێتی کۆڵەواری دەستی ئەوەیە کە نازانێ پۆستەکانی بە کەسی شیاو پڕکاتەوە، پۆستی بە خەڵکیک داوە کە بە ڕوونی دەڵێت ئاگاداری هیچ نیم، ئێ وەلا کەسێک پلەی جێگری وەزیر بێت و ئاگاداری هیچ نەبێت و دەسەڵاتەکانی بەکار نەهێنێ نەک خەتای ئەوانیتر نیە بەڵکو دەبێت لێپرسینەوەی لێ بکەی و پێی بڵێی هەی کڵۆڵی دەستوو پێ سپی بۆ ئاگات لە هیچ نیە، بۆ بێدەنگی و قبوڵتکردوە ئەم هموو شتە بە تەنیشت تۆوە بگوزەرێ؟ کە تۆ هێندە کەم توانای بۆ هەڵپەی بەدەستهێنانی پۆست ئەکەی؟
بۆیە یەکێتی بەم هموو بەرپرسە ئیداریانەوە، بەو لەشکرە مودیر عام و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکارەوە دەستەوەستانبێت، ئەکرێ بڵێین خەتای ئەوانیترە یان لاوازی ئەمان، بۆیە یەکێتی وێڕای ئەوەی شەریکی حکومەت و دەسەڵاتداری زۆنی خۆیەتی بەڵام هەمیشە وەك ئۆپۆزسیۆن دەمی بەهاوار و خاوەن پۆستەکانی بێ دەسەڵات بوون، ئەمەش پێماندەڵێ بەشی گەورەی کەم و کورتیەکە خودی یەکێتیە نەك هیچ شتێکیتر، بە تایبەت زۆرێك لەو خەڵکەی لە پۆستەکاندا دایناون سەرقاڵی شتیترن و بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن، یان هەر زۆرێکیان مرۆڤی بێ توانان و خزم خزمێنە و شتیتر گەیاندونیەتە ئەو پۆستانە، ئەگەرنا ئەم هموو بریکار و بەڕێوبەر و بەرپرسە کۆڵەوار و بێ دەسەڵاتانە چین و چ فەراغێکیان پڕکردۆتەوە تا حیزبەکەیان هیوایان لەسەر هەڵچنێ؟
بۆیە هەرکەسێك لە پۆستێکدا بوو نەیتوانی بە ئەرکی خۆی هەستێ یان خۆی مرۆڤێکی بێ توانایە و شایەنی ئەو شوێنە نیە، یان بەرژەوەندیەك بێدەنگی کردوە، هیچ یەك لە مانەش شایەنی پێدانی بەرپرسیارێتی نین.