دواین هەواڵ

بەرەوپێشچوونە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

‌فرسەت سەیدشکور

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١) وەرچاخێکی مێژوویی گرنگ بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و ڕزگاربوونی کوردستان لەژێر هەڕەشە و ستەمی داگیرکەران، ئەم گۆڕانە مێژووییە، کە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو، کوردستانی لە قەوارەیەکی ناوخۆییەوە بەرەو کارەکتەرێکی کاریگەر لەسەر نەخشەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا پێشخست.
کەواتە، بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی کورد، کە دواجار لە ڕاپەڕینی کوردەکاندا گیرسایەوە بووە هەوێنی دروستبوونی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی خاوەن پەرلەمان و حکوومەت و ئاسایشی ناوخۆیی تاوەکو ئەمڕۆ.
پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە چەند هۆکارێک لە دوای ئەو قۆناغەوە لە ئاستێکی کاریگەر و بەهێزدا بووە، لەوانەش، شەڕ دژبە تیرۆریستان، سەرچاوەکانی وزە، بواری ئاشتی و پێکەوەژیان، پرسی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەی.
 
لە بواری ئاسایش و شەڕی تیرۆر:
یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە بووە هۆکارێک تاوەکو پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاستێکی لوتکەیی هەنگاو بنێت، پارێزبەندە ئەمنییەکەی بوو، لە کاتێکدا عێراق و سوریا، ڕووبەڕووی لێشاوی هەڕەشە و هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بووەوە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بە درێژایی (١٤٠٠ کیلۆمەتر) پارێزگاری لە خاکی کوردستان، بە هەموو هاووڵاتی و پێکهاتەکان و دانیشتووانەکەی کرد، هەر ئەمەش وایکرد، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی تیرۆر، هەر لە هاوکاری ئاسمانی و زەمینی، مەشقپێکردن و ئاڵۆگوڕی زانیاری سەربازی، تاوەکو دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان هاوکاری بکەن، دواتریش بەم هۆیە و پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە مەترسییەکانی تیرۆر، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی ناوبانگێکی گەورەی دروستکرد و بووە بەشێکی کاریگەر لەو هێزانەی کە لە دونیادا ڕووبەڕووی کاری تیرۆریستی دەبنەوە، ئێستاش بە هەمان شێوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە گرنگی زۆر بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدرێت.
 
لە بواری ئابووریدا، یەکێک لەو سێکتەرانەی کە هەرێمی کوردستانی بەرەوپێش بردووە، بواری ئابوورییە، بە تایبەت هەنگاونان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و وزە بۆ کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونە کە بازاڕە جیهانییەکان متمانەیەکی گەورەیان بە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی هەرێمی کوردستان هەیە، هەبوونی کۆمپانیا بیانییەکان بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی لۆبی کورد لەپێناو پاراستنی بەرژوەندییەکانی کوردستان، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان، دەروازەیەکی بازرگانی گرنگە بۆ هەموو عێراق و تەنانەت تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی کاریگەر بە پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستان، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێگەی سیاسی و ئابووری وابەستەی یەکن و هەریەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوەی دیکە هەیە.
 
لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستاندا، دەبێت بە گرنگییەوە باس لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵگەری نوێنەرایەتی وڵاتان بکەین، کە چەندەها نووسینگەی نوێنەرایەتی وڵاتان ئێستا لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە، ئەوان دەزانن، هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەموو نۆرم و پڕۆتۆکۆلە دیپلۆماسییەکان، سەردان و دیداری بەرپرسانی کونسوڵگەرییان و نوێنەرە باڵاکانیان، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی قووڵە لە دیدگا و ستراتیژییەتی وڵاتان و پێگە سیاسییەکەی کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە هەیە، مومارەسەکردنی ئەرکی کونسوڵ و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دوور لە هەر فشارێک ئەو حەقیقەتە دەخاتە ڕوو، کە ئەم هەرێمە بووەتە ناوەندێکی گەورەی باوەڕپێکراوی جیهانی، جیالەوەش نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا، وەکو هۆکارێکی بەهێزبوونی پێگە دیپلۆماسییەکەی تەماشا دەکرێت.
 
‎ئاشتی و پێکەوەژیان خاڵی هەر بایەخداری باسەکەمانە، بەبێ وردبوونەوە لە
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان، لەدەوڵەتێکی وەکو عێراق کە گیرۆدەی شەڕی مەزهەبی و نەتەوەییە، ئەم
هەرێمە مۆدێلێکی جیاوازی پێشکەش کردووە، ڕێزگرتن لە کلتوور و پێکەوەژیانی ئاینیی و نەتەوەیی لە نێوان (موسڵمانان و مەسیحی و ئێزیدیی) و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە پەیامێکی جیهانییە کە هەرێمی کوردستان وڵاتی ئاشتی و دیموکراسییە.
بەشداری هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندە گەورەکانی جیهان بۆ چارەسەری پرسەکانی ئاسایش و ئابووری و وزە و سەرجەم گرفت و ئالنگارییە جیهانییەکان و سوود وەرگرتن لە
ئەزموون و دیدگا و ستراتیژەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وایکردووە پێگەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاوی گەورە بنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP