دواین هەواڵ

شەری ئۆکراین شەری چارەنووسساز

‌فەرەیدوون پەروازە

10 کاتژمێر پێش ئێستا

 
هەموو کەس دەزانێ کە ئۆکراین  لە نێو گرەو و مامەڵەیەکی  نێودەوڵەتییدا گیری کردووە. لە سەردەمی سەرکۆماری بایدندا سیاسەت ئەوە بوو کە روسیا بکێشنە ناو شەرێکی درێژمەودا و تاقەت پرووکێنەوە و بەو جۆرە هەم ئابووری لاواز بکەن هەم جوغرافیاکەشی  دابەش دابەش بکەنەوە بەڵام لە سەردەمی ترەمپدا بە پێچەوانە هەم پێشرەوییەکانی روسیا زیاتر بووە و هەم بێجگە لە ئۆکراین هەرەشە و مەترسییەکانی سەر ئوروپاش زیاتر بووە و تەنانەت پۆتین وڵامی پێشنیارەکانی ئاشتی و رێکەوتن ناداتەوە چوونکا پێی وایە مۆڵەتی سەرکۆماری زلینسکی تەواو بووە و دەسەڵاتەکەی نارەوایە. هەڵوێست و پێشنیارە لاواز وناسەقامگیرەکانی ترەمپ، پۆتینی هانداوە بیر لە قەپی گەورەتر بکاتەوە و وڵامی هیچ لایەک نەداتەوە.  سیاسەتی ترەمپ سیاسەتێکی ئانارشیک و هەرتی و پەرتییە و ئەو بشێوی و سەرگەردانییە بە قازانجی روسیایە و تەنانەت لە خولی رابردووی سەرکۆماری ترەمپدا ئەو دەنگۆیە هەبوو کە ترەمپ پێشنیارکراو و بەربژێری روسیا بووە بۆ سەرکۆماری ئەمریکا. سیاسەتی ترەمپ لەو خولەدا هندێک هەلەق و مەلەقی تێدایە کە لە ئاست کوێخاگەری و شکۆی ئەمریکادا نیە. سەپاندنی پسۆڵە و سزای ماڵیاتی(کە سەرکەوتوو نەبوو ) ، سیاسەتی پەیوەستکردنی کانادا  و گرینلەند بە ئەمریکاوە، دوور کەوتنەوە لە ئوروپا و لاوازکردنی پێگەی ناتۆ، دوورکەوتنەوەی هندێک وڵاتی ئاسیایی لە ئەمریکا و پەیوەست بوونیان بە پەیمانی بریکسەوە، سیاسەتی دژ بە پەنابەران و ،،، هەر هەمووی لە بەرژەوەندی روسیا و چین دایە. رووبەرووبوونەوەی روسیا و ئەمریکا بە دوو شێوازی مامەڵەگەریانە و شەرخوازانەیە. روسیا بە هەلی دەزانێت هەتا ترەمپ لە سەر کارە هەم ئاگربەس نەکات و هەم بە وەرگرتنی هێزی سەربازی لە وڵاتانی ناوچەکە پەرە بە شەر بدات و خاکی زیاتر داگیر بکات. دیارە روسیا دەزانێ کە ناوچەی هارتلەند  هەموو تێچوو و باجدانێک دێنێ و سەرکەوتن لەو ناوچەیەدا ئاسایشی نیشتمانەکەی بۆ هەمیشە مسۆگەر و گەرنتی دەکات. سەرکەوتنی روسیا لەو شەرەدا کاریگەری راستەوخۆی لە سەر سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا دەبێت. لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و لە دوای شەری دوازدە رۆژە، وێژمان و دیسکۆرسی سەربازی ئیسرایل و ئەمریکا زاڵ بووە و بێگوومان سەرکەوتن یا شکستی روسیا پرسی هەموو جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست یەکلایی دەکاتەوە. ئەگەر شەری غەزە لە ئارادا نەبوایە یا ئاگربەست کرایە، کاریگەری راستەوخۆی ئەرێنی لە بەرژەوەندی ئەمریکا لە شەری ئۆکرایندا دەبوو. لە ئەگەری ئاگربەستی غەزەدا روانگەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ناوچەکە سەبارەت بە رۆژئاوا دەگۆرێت و ئوتوماتیک دەچنە بەرەی دژە روسیاوە.
کۆتاباس ئەوەیە کە ئێمە وەکوو کورد لە سەرەتای چوونە  ناو هاوکێشی و مامەڵە جیهانییەکان داین و هەڵوێست و چالاکی و یەکریزیمان، سەنگ و پێگەمان لە داهاتوودا دیاری دەکات. ئیستە کە دوو جیهانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە شەر و ناکۆکیدان، ئێمەی کورد دەبێت بە وردبینی و خوێندنەوەی زاستیانە خۆمان بۆ ئەگەری هەر گۆرانکاریی و دابەشکارییەک ئامادە بکەین. دنیای رۆژئاوا بە حوکمی هندێک تایبەتمەندی و فاکتی دیموکراتیک و مافی مرۆییانە زیاتر لە دنیای رۆژهەڵات دەستێوەردانی ئەرێنی و نەرێنی لە ناوچەکەدا کردووە و تەنانەت دوو دەسەڵاتی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی پشتیوانی و دەستێوەردانی دنیای رۆژئاوایە هەر بۆیە دابەشبوونی کورد لە نێو خۆیدا بە سەر دوو بەرەی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتییدا، مەترسی و ئاستەنگێکی گەورەیە لە هەمبەر داهاتوو و سیاسەتی کوردی. بەرەی رۆژهەڵات(چین و روسیا) لە سەر بنەما و لۆژیکی چەمکی ریئال پۆلیتیک و بەرژەوەندی تازە پیاگەیشتوو، تەنیا مامەڵەیان لە گەل دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە و هیچ بایەخ و گرنگییەک بە نەتەوە ژێردەست و ئەحزابە ئازادیخوازەکان نادەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP