رووداوەکانى سروشتى وەک لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە ئەگەر چى کارەساتى مرۆیی و مادى و ژینگەى و ئابوورى زۆرى لێدەکەوێتەوە ، بەڵام لە هەمانکاتیشدا دەبێتە ئەزموون و هۆکارى هوشیارەکەوە و لەهەمانکاتیشدا هەستى مرۆڤدۆستى و بەهاناوە چوون و ئیدارەدانى قەیران و حکوومڕانى ئەو دەڤەرە وێنا دەکات ،
ڕاستە ئەم ڕووداوە سروشتییە و زیانى گەورەى هەبووە ، بەڵام ئەو دەسەڵاتەى لەو ناوچەیە حکوومڕانى دەکات بەرپرسى یەکەم لە پەرۆشى و ڕێگریکردن لەو جۆرە کارەساتانە ، چۆن دەکرێت خۆت بە دەسەڵات بزانیت و لەهەمانکاتیشدا تەنیا لەکاتى لێقەوماندا لە چوارچێوەى دروشمى و قسەى گەورە سەر تى ڤى ، میدیاکانى تر شانۆگەرى ریکلام بکەیت ، لە کاتێکدا خەڵکەکە پێوستى بەدڵنەوایی و هاوکارى و فریاگوزارییە ، لەوش خراپتر هێرشێکى میدیایی چڕ بەرامبەر ئەو ڕێکخرا و دەزگە خێرخوازییانە بکەیت کە لەیەکەم چڕکە ساتى ڕووداوەکە بە نیوە شەو بۆ گەیاندنى کۆمەک و هاوکارى بەفریاى خەڵکەکە کەوت ، بەکارهێنانى ئەو جۆرە رووداوانە بۆ مەڕامى سیاسى ئەوپەرى نامرۆڤایەتییە بەتایبەتى لەبەرچاوى پڕفرمێسک و دڵى پرخەمى خەڵکى چەمچەماڵ کە پایتەختى ئەنفال و شەهیدانە ، لەجیاتى سارێژکردنى بیرنەکانیان ، فرمێسکى تیمساحیان بۆ برژێت
دەمهەوێت بێژم ، خەڵکى کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە ولەکاتى شۆڕش و بەرخودانەکان بەتایبەتى پارتى و بارزانى لە هەر ناوچەیەکى کوردستان تووشى هەر جۆرە رووداو و کارەساتێک ببووایە ئەوا بە فریایان دەکەوتن و لە هەموو ناخۆشى و ڕووداوە دڵتەزێنەکان بەشداریان دەکرد و کۆمەک و هاوکاریان دەکرد ؛ رووداوى لافاو لە چەمچەماڵ لەگەڵ ئەوەى ناخى هەموو کوردێکى ئەم نیشتیمانى هەژاند و خەمبار کرد ، بەڵام ئەوەى جێگەى دڵخۆشى بوو هاوکارى هەمەلایەنەى جەماوەرى کوردستان توانى ناخۆشى و خەمى ئەم خەڵکە سووکتر بکات و هاوکارى پێوست و هەمەچەشن لەهەموو لایەکەوە بگەێنرێتە ئەو ناوچەیە
جێگەى هەڵوەستەکردنە ، ئەو لایەنانەى دوێنى دروشمى گەورەى خزمەتکردنى خەڵکیان بەرزکردبۆوە ، بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ خەڵکى غەززە کۆکردەوە ، دواتریش خۆیان بە شێوەیەک وێنا دەکرد مرۆڤدۆست و خەڵکى وڵاتەکەیان خۆش دەوێت ، بەڵام بینیمان نەک هەر نەیانتوانى ئیدارەدانێکى سەرکەوتوویان هەبێ بەڵکو پشتیان لەخەڵکى چەمچەماڵ کرد و تەنیا لە شاشەى تیڤیەکان قسەى زڵ و زانستی لەسەر لافا و سیستەمى ئاوەڕیان دەکرد ، ئەى بۆچى پێش رووداوەکە نەتان کرد ؟ بۆیە، لە کاتى ئەم جۆرە رووداوانە دا تەنیا ئەوەى خەڵک چاوەروانى دەکات گەیاندنى خزمەتگوزارى و هاوکارییە بە شێوەى کردەییە ، نەک شانۆگەرى بە ئۆتۆمبیڵى گوللە نەبەر و پێلاوى قوراوى بۆ نمایشى سەر تیڤییەکان
بۆیە ، جارێکى تر و لە قۆناغێکى ترسەختى مێژووییەدا ؛ ئەوەى بووە فریادڕەس خەڵکى ناوچەیەکى دیکەى کوردستان ، تەنیا سەرۆک بارزانى بوو ، لە یەکەم چرکە ساتى رووداوى لافاوى چەمچەماڵ و کەلار و دەڤەرى گەرمیان دەزگاى خێرخوازى بارزانى ، ڕوانگە و کوردستان فاوندەیشن و دەزگا تایبەمەندەکانى حکوومەتى کوردستان راسپارد تا بە فریارى زیانلێکەوتووانەوە بچن ، ئەمەش وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى مێژووی و خزمەتکارییە وەک گەورەترین شانازى لە کاتێکى هەستیار و نەخوازراودا ببیتە فڕیادڕەس ، ئەوەش سەلمێنەرى ئەو راستییانەن لە کاتى رووداو و سەختی و ناخۆشییەکاندا کێ لە خەمى کوردوکوردستان و چ کەس ولایەنێکیش بەدواى قسەى زڵ و مشەخۆر و تەنیا برین و ئازارى خەڵک قووڵتر دەکەن و ئەوەى بیرى لێناکانەوە تەنیا خزمەتکردنى خەڵکى کوردستانە و چێژ لە ئازارى خەڵکى لێقەوماو وەر دەگرن
ڕێبازى بارزانى و پارتى ، خاوەن گەورەترین و جوانترین کەلتوورى ئەویش خزمەتکارییە بۆ گەل و نیشتمان و لاپەرەکانى مێژوو نەک تەنها لەباشوورى کوردستان بەڵکو سەر ئاستى هەموو بەشەکانى دیکەش بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن . هەروەها هەمیشە وەک چیاییەکى سەرەکەش لە هەر شوێنک کوردێک تووشى رووداو و لێقەومانێک بووبێتەوە ، ئەوا پێشمەرگە و خزمەتکارانى ئەم قوتابخانە و ڕێبازە ئامادەن ؛ ئەوەتا شارولادێى ئەم کوردستانە نەماوە خێوت و ڕەشماڵێکى لێ هەڵندەرێت بۆ کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ براوخوشکەکانیان لە دەڤەرى چەمچەماڵ و ئەوەش وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتى کوردانە و مرۆڤانە نەک وەک سیاسەت و هەندێک لایەن لە رابردوو بە فرمێسکى تیمساحانە بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ غەزە کۆکردەوە و ئیستا لەگەڵ لایەنە نائۆپۆزسیۆنەکانى تر سەروچاویان شۆڕکردەوە و تەنها درۆو چەواشەکارى لەسەر تیڤییەکانیان بۆخەڵک دەچڕن
هەنگاوە ستراتیژى و گرنگەکانى دەزگاى خێرخوازى ، کوردستان فاوندەنیش و ڕوانگە و هەموو دەزگاکانى دیکە ، لە هەر شوێنکى ئەم کوردستان و پێش رووداوى لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە پێوستیان بە کارێکى خێرخوازى و پرۆژەیەک بووبێت ، ئەوە بەوپەرى تواناوە پشتیوانى خەڵکى کوردستان و هەموو چین و توێژەکانیان کردووە دوور لە هەموو بیروباوەرێکى سیاسى و حزبى تەنیا کوردستانیانە و کوردانە و مێژووش سەلمێنەرى ئەو راستییانە و دەربازکردنى سنوورە دەستکردەکان بۆ رۆژئاوا و باکوورى کوردستانیش ئاماژەیەکى روونن
بۆیە ، زۆر گرنگە و ببێتە ئەزموونێکى باش هەموو هێزولایەنەکان لەکاتى ڕوودانى ئەو جۆرە کارەساتانە ، هەڵوێستى کوردانە و نیشتیمانپەوەرانە و مرۆڤدۆستانەیان ڕێکبخەن و وەک هێز لە خزمەتى خەڵکى نیشتیمانکەیان بن و هەرچیان لەدەست دێت ، دوور لە کارى سیاسى و جیاوازییەکان خزمەتى خەڵک بکەن چونکە لەوکاتانەدا تەنیا کردەوە و خزمەتکردن گرنگە نەک دروشم ؛ لە رۆژانى سەخت و کارەساتباریشدا و پێوستە هەمووان ئەم ئامۆژگارییەى مستەفا بارزانى ، باوکى ڕۆحى نەتەوەى کوردمان لەبیر بێت کە فەرموویەتى (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکارى میللەتى خۆى بێت )، ئەمڕۆش خزمەتکردنى خەڵکى دەڤەرى چەمچەماڵ وەک پایتەختى ئەنفال و شەهیدان گەورەترین سەربەزى و شانازییە و لاپەرەکانى مێژوو ئەم هەنگاوەى کوردستانیان لە بیر ناکات