دواین هەواڵ

بۆچی نەسرییەی زاخۆ لەهی چەمچەماڵ زیاترە؟!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی کە لە چەمچەماڵ پرۆژە ناکرێت و لەزاخۆ پرۆژە هەیە یاخود نەسریەی شارەوانی چەمچەماڵ هەشت یان چوار ملیۆن دینارە و هی شارەوانی زاخۆ چوارسەت ملیۆنە، پێوەندی بەوەوە هەیە کە پارەی زاخۆ و چەمچەماڵ چۆن کۆدەکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی زاخۆ ئیدارەی سەربەخۆیە و چەمچەماڵ ئیدارەی سەربەخۆ نییە. چ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و چ نەسریە، تێچووەکەیان لە داهاتی ناوخۆیی دەدرێت. زۆرینەی داهاتی ناوخۆیی پەیوەستە بە داهاتی دەروازە سنووریەکان، کەمێکیشی پەیوەستر بە باج و رسومات و پێبژاردن. لە کوردستان چوار دەروازەی سەرەکی هەن، ئەوانیش (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان)ن.

داهاتی ئیبراهیم خەلیل، مانگانە چل بۆ پەنجا ملیار دینارە، هی حاجی ئۆمەرانیش دەگاتە نزیکەی بیست ملیار، لەکاتێکدا پێشتر داهاتی حاجی ئۆمەران لەنێوان دوازدە بۆ پازدە ملیار بووە. بەڵام داهاتی پەروێزخان و باشماخ چیرۆکێکی دیکەیان هەیە، چونکە لەماوەی دوو ساڵدا داهاتی پەروێزخان بۆ کەمتر لە نیوە و داهاتی باشماخ ۳۷٪ کەمی کردووە. لە ساڵی ۲۰۲۳ داهاتی دەروازەی پەروێزخان مانگانە نزیکەی ۱٦ ملیار و ٤۰۰ ملیۆن دینار بووە. بەڵام ئەمساڵ لە مانگێکدا حەوت ملیار و ۱۱ ملیۆن دینار بووە، واتە لەچاو ساڵی ۲۰۲۳ بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیووە. هەرچی داهاتی دەروازەی باشماخە لە ساڵی ۲۰۲۳ دا، تێکڕای داهات لە مانگێکدا ۱۰ ملیار و٦۷٤ ملیۆن دینار بووە. کەچی لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی پەروێزخان بۆ هەر مانگێک تێکڕا ۷ ملیار و ٨۰۰ ملیۆن دینار بووە. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی ئەم داهاتە لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران زیاد دەکات و لە باشماخ و پەروێزخان وەها کەمیکردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها بە بنکۆڵکارییەکی سادە دەردەکەوێت لەوەی لەو ناوچەیە چ دەگوزەرێت! بۆ ئەم مەبەستە تەنها چوار بابەت باسدەکەم کە لەو دەروازانە دەگوزەرێت. باری تەنسیق لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لە ماوەی نێوان ١ی ئایاری ٢٠٢٥ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ژمارەیەکی زۆر بار بە ناوی “باری هەماهەنگی” یان “تەنسیق” داخڵ کراون کە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نییە. کۆی ژمارەی ئەم بارانە گەیشتووەتە ١٧٤٦ بار. کۆی داهاتی ئەم بارە نایاساییانە لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە بیست و پێنج ملیار و حەفت سەد و سی و سێ ملیۆن و هەشت سەد و هەشتا و چوار هەزار دینار (٢٥,٧٣٣,٨٨٤,٠٠٠ دینار).

هەروەها، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٥، کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە لەئەنجامی داخڵکردنی ٨٩٦ باری تایبەت کە بە “تەنسیق” ناودەبرێن بەدەستهێندراوە گەیشتووەتە دە ملیار و نۆ سەد و نەوەد و سێ ملیۆن و حەفت سەد و نەوەد هەزار و پێنج سەد دینار (١٠,٩٩٣,٧٩٠,٥٠٠ دینار)، ئەو کاڵایانەی لە ڕێگەی ئەم بارە نایاساییانەوە هاوردە کراون بریتین لە: کەرەستەی کارەبایی، جگەر، دووگ، گۆشت، مریشک، سنگی مریشک، جبس، نەستەلە، کەرەستەی جوانکاری، توتنی نێرگەلە، قاپ، عەلەف، ئۆتۆمبێل، ئارد، دانەوێڵە، پرۆتین و کەرەستەی کیمیایی. هیچ کام لەو پارانەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەموز نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی! پارەی سۆنەری بارەکان لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، “ئیدارەی گشتی یەکێتی” سۆنەرێکیان داناوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و داهاتەکەی بۆ خۆیانە. بۆ پشکنینی هەر بارهەڵگرێک بڕی ٤٧ دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن. لەگەڵ ئەمەشدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژانە هێڵێکی نایاسایی کراوەیە و بارهەڵگر پێیدا داخڵی هەرێمی کوردستان دەبن. هەروەها، لە مەرزی پەروێزخان، بە چەند ڕێگایەکی جیاواز پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت.

شۆفێران لە ترسی بلۆککردنیان لەلایەن هەمان ئیدارەوە ناتوانن ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن. بۆ نموونە، بڕی چل و سێ هەزار دینار (٤٣,٠٠٠ دینار) بە ناوی “سۆنەر” لە شۆفێران وەردەگیرێت و داهاتەکەشی بۆ “ئیدارەی گشتی یەکێتی” دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، پێش ساڵی ٢٠٢٣ بڕی دە هەزار دینار (١٠,٠٠٠ دینار) بۆ شوشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەهاتنە مەرزەکە وەردەگیرا، کە دواتر لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەو بڕە پارەیە دەستی پێکردۆتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل بە مەرزەکەدا تێپەڕدەبن. جێی ئاماژەیە، گواستنەوەی سووتەمەنی لە ڕێگەی خاڵی سنووری باشماخ و پەروێزخان لە ماوەی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ تا ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ وەستاوە بەهۆی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام بۆ کاڵا و کەلوپەل و پێداویستی و خۆراک لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ەوە مەرزەکە ئاسایی بووە و تەنها ڕێگا بە تانکەر نادرێت.

ڕێگاکانی قاچاخ گوندی سیاگوێز سەر بە ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن، کە نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک لە ناوەندی شارۆچکەی پێنجوێنەوە دوورە، بووەتە چالاکترین ڕێگای نایاسایی بۆ قاچاخچێتی و کۆڵبەری لە سنوورەکەدا. ئەم گوندە نزیکە لە گوندی چەمپاراو لە وڵاتی ئێران. شەوانە کاڵایەکی زۆر بە نایاسایی هاوردە دەکرێت و دواتر بە شارباژێڕدا داخڵی شاری سلێمانی دەکرێت. نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس شەوانە لەم ڕێگایەدا کاردەکەن. هەر کاڵایەک گومرگی زۆر بێت یان ڕێگای فەرمی بۆ هاوردەکردنی نەبێت، لەم ڕێگایەوە داخڵ بە هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەو کاڵایانەش بریتین لە: مەشروب، جگەرە، مۆبایلی دەستی دوو (کە دواتر ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێن)، بڕێکی زۆر بەنزین و دەرمانی پزیشکی. هەندێک کات ئاژەڵیش لە گوندی چەمباراوەوە داخڵ بە گوندی سیاگوێز دەکرێت. لە بەرامبەردا، کاری نایاسایی لە ڕێگاکانی دیکەی ئەو سنوورە وەک گوندەکانی (میشیاو، کونە وورج، هەڵاڵاوا و تەیمز) بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. تێپەڕاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی شیشی عێراق دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی مانگێک هاوردەکردنی شیشی لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد، بە مەبەستی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمی شیش و کارگەکانی ناوخۆ، نرخی شیش لە ٦٤٠ دۆلارەوە بۆ ٧٥٠ دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی سکرابی ئاسن لە ٢٢٥ دۆلارەوە بۆ ٢٧٠ دۆلار بەرزبووەوە. سەرەڕای ئەم بڕیارە، “ئیدارەی گشتی یەکێتی” لە دوای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی شیش، بە ڕێژەیەکی زیاتر لە جاران بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەی دەکەن. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی شیشی ئێرانی ١٥٠ دۆلار لە هەر تەنێکدا هەرزانترە. ڕێژەی ٧٠٪ی ئەو شیشە بۆ پڕۆژەکانی خۆیان دابین دەکەن. ڕۆژانە ١٥ بارهەڵگر شیش لە ڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە داخڵ دەکرێت.

شیشەکان شەوانە لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٤ی بەیانی بە چادر (خێمە) دادەپۆشرێن بۆ ئەوەی وێنەیان نەگیرێت. هەروەها، چەند بازرگانێک داوایان لە “ئیدارەی گشتی یەکێتی” کردووە کە شیش لە ئێرانەوە هاوردە بکەن، یەکێک لەوانە ناوی ئامانج ئەحمەدە کە لە شاری بەغداد پڕۆژەی هەیە و ڕۆژانە ٥ بارهەڵگر شیش داخڵ دەکات. هیچ پسولە و بەڵگەیەکی فەرمی بۆ ئەم هاوردەکردنە نییە و تەنها لە ڕێگەی نامەی واتس ئەپەوە هەماهەنگی ئەنجام دەدرێت. پێشتر ئەم بارانە لە قەپانەکانی دەرەوەی مەرزی پەروێزخان کێش دەکران. کێشەکانی چەمچەماڵ و سنووری سلێمانی چارەسەرەکەی لەلای ئەو کەسەیە کە پارە و حوکمڕانی سنوورەکەی بەدەستەوەیە، هی هەولێر و دهۆکتش وایە. ئەگەر لە سلێمانی کێشە هەبێت، چارەسەرەکەی بەوە نایەتەدی قورسایی بارەکە بخەیتە سەر زاخۆ یان هەولێر یان شوێنێکی دیکە.

ئەم ناڕوونییە تەنانەت لەگەڵ بەغداش کێشە درووستدەکات، تایبەت لەوەی پەیوەستە بە سیستمی ئەسیکۆدا، کە تایبەتە بە بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوەی پەیوەستە بە بازرگانی و سرووشتی کاڵاکان و سیستمی تیر تایبەتە بە تێپەڕینی باری بازرگانی بەبێ گلدانەوە لەناو سنووری عێراق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP