ئەگەر ویڵاش نەبێت کۆرپەلە لە سکی دایکیدا دەخنکێت، وێڵاش، ئەرکەکەی بریتییە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ کۆرپەلە. چەمچەماڵ وێڵاشی کەرکوکە، وێڵاشی سێکتەری وزەی کوردستانە، وێڵاشی ئەدەبیاتی بەرگرییە.
بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵە؛ ئێمە هەموومان هەر لەو خانوە هاتینە دونیاوە کە ئێستاش ماڵی خۆمانەو لە شوێنی خۆیدایە لە چەمچەماڵ؛ هەر لەو گەڕەکەوە فێری ئەوە بووین لێقەومان و بەتەنگەوەچوونی خەڵکی چی و چۆنە! دارا دوو داری دی لەوێ فێربووین. هەر ئەمە نییە؛ لای خوارەوە ئەیهۆنمەوە کە چەمچەماڵ وێڵاشی تەونی کۆمەڵایەتی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە. بۆ سەلماندنی ئەوەی "وێڵاش"ەکە چۆن زیانی بەرکەوتوە، بیست ساڵی ڕابردوو زۆرمان وەنیوەتەوە، لەگەڵ هاوپۆلەکانی منداڵی و نوخبەکانی ئێستا چوکڵ و چیلکەی زۆرمان کرد بەم پرسانەدا.
لافاوەکە هەموو شت نییە؛ لەڕاستییدا لافاو نەهاتۆتە سەر ماڵی خەڵکی، خەڵکانێک بێ ئەسڵ و فەسڵ چوونەتە سەر ڕێگەی "ئاو" و شەڕیان بە "لافاو"ەکە فرۆشتوە، ئاو زێدەڕۆیی نەکردوە، خەڵکانێک زێدەڕۆییان لەسەر ڕێڕەوی ئاو کردوە. خەریکە بەرە-بەرە زۆرکەس بەتایبەت هێشتا پیاوی بە جورئەت و نیشتیمانپەروەری ناو ئەو حیزبەی دەستەڵاتی دەڤەرەکەی بەدەستە تێدەگەن ئەمە چی بوو، لە کوێوە هات و چۆن وایلێهات. ئااای ئەو "حیزبەی دەستەڵاتی دەڤەرەکە"ت سێ دەیەیە لەژێر دەست بوە؛ چۆن هێشتا نەتتوانی نەخۆشخانەیەک بۆ دەڤەرەکە درووست بکەی! بیست ساڵە نەتتوانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەنجەکان درووست بکەی و سەرقاڵیان بکەی بە ژیانەوە! بەهەرحاڵ لافاوەکە زۆر لەوە زیاتر زیانی داوە کە میدیاکان باسی دەکەن و خەڵکی بەچاوی خۆیان دەیبینن، زیانێک کە تا ساڵەهایەکی تر شتێک ڕووبدات؛ بوترێ کاریگەریی لافاوەکەی ئەو ساڵەیە؛ بەڵێ؛ باسی ڕۆچوونی زەوی دەکەم، باسی ڕۆچوونی نەک ماڵەکان و خانوەکان بەڵکو گۆڕستانەکانیش دەکەم.
هەموو شوێنێکی کوردستان لای من چەمچەماڵە، دوژمن توانیویەتی زۆر شت بکوژێت، بەڵام هێشتا ڕۆحییەتی کوردبوون و پێکەوەیی بوون لەناوماندا لە لووتکەدایە، بادینان، هەولێر، هەڵەبجە، سلێمانی، دەڤەری ڕاپەرین، کەرکوک و هەردەی گەرمیان و هەموو شوێنەکانی دی لەو چەند ڕۆژەدا هاتن بۆ چەمچەماڵ. مینبەری مزگەوتەکان، فڵچەی نیگارکێشەکان، شاحینەی دەزگا خێرخوازییەکان ئاڕاستەیان ڕووەو چەمچەماڵ بو. چۆن هەموو ناوچەیەکی کوردستان خوازیارە دەست بە گەورەیی و خەسڵەتەکانی خۆیەوە بگرێت، ئاوهاش دەیانەوێ چەمچەماڵ دەست بە خۆیەوە بگرێ و نەتەپێ، نەلەرزێ، نەکەوێ [ماڵیان ئاوا بێت].
ئەمە ئەیگەرەکە بەرجەستەتر نیشان بدرێ چۆن-چۆنی چەمچەماڵ وێڵاشی کۆمەڵایەتی و ئابوریی و نەتەوایەتیمانە، تەنانەت پاراوترین شێوازی دەربڕینی زمان و ئاخاوتنی کوردیی-سۆرانی لەم ناوچانەدایە. چەمچەماڵ دوو گەڕەکی دیاریکراوی نییە؛ بوترێ خەڵکی ئەوێیت، ئەوە چەمچەماڵییت، ئەوێ نییت شتێکی ترە، چەمچەماڵ ڕەگی لە کەرکوکدایە، لە سەنگاودایە، لە ناوچەی جەباری، زەنگنە، هەمەوەندو شوان دایە، لە سلێمانیدایە، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردەکانی لوبنان و سوریادایە (عەشیرەت هەیە هەر لە کۆنەوە لەسوریاو ئێرانی ئێستاوە هاتوون بۆ ناوچەی چەمچەماڵ).
من و باوکم و باپیرم و باپیری باوکیشم نفووس(ئەوەی ئیمڕۆکە پێی ئێژن کارتی نیشتیمانی)یمان قادرەکەرەمی کۆنە (قادرکەرەم؛ ئەو شوێنەیە کە لەناوجەرگەی کێڵگەی کۆرمۆر)دا شانی داداوە؛ لەوێ جگە لە گازی سرووشتی، کۆندێنسەیت و ئێل پی جی بەدیار چەمی ڕۆخانەوە، پرچە سپییەکەی میم حەلاو هەیە، مەقام و قەتارو خاوکەر و سەوز-سەوزە تیایدا حەوقی خواردۆتەوە. لادێکەمان و هەموو ئاواییەکانی دەوروبەریشمان کەسوکاری یەکدین و لەگەڵ ناوچەی جەباری و شێخان و بناری سەڵباتوو دا، ئەم ناوچەیە پێکەوە ڕێک ئەنفالستان و شەهیدستان و قارەمانستانە، لەڕووی جوگرافییەوە وا هەڵکەوتوە خاڵی پێشەوەو بەریەککەوتنی کوردو نەیارەکانی بوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ وەکو براندێکی بازرگانیی لێهاتوە بەهۆی گازی کۆرمۆرەوە تەنانەت "ترامپ"یش دەمانناسێ..حەیفێ تاک بەتاکی دەڤەرەکە ڕێک لەوەدا بێ شەنسن کە یەکێکی وەکو "یەشار کەمال" لە زوەوە هاوڕێیان نەبوە تاوەکو شاکارێکی وەکو "حەمەدۆک"یان لەسەر بنووسێ!
چۆن "وێڵاش"ێکە! نیزیکەی نیوە زیاتری چەمچەماڵ لەو "سەرژمێریی"ەی عێراقدا کە لە (٢٠٢٤) ئەنجامدرا، چوونە کەرکوک (بە خۆشمەوە) تاوەکو تای تەرازووی کەرکوکەکە هەرچۆنێک بوە بە قوورسی بمێنێتەوە. چەمچەماڵ وزەی داوە بە بازیان تا سلێمانی ڕووناک بێت، وزەی داوە بە هەولێری پایتەختی نیشتیمان تا لە پێش چاوی دونیادا هەر بە ڕووناکی و سەربەرزیی ئاوازی خۆی بچڕێ؛ خاڵۆژنە ناهیدە هەر-بەس تەنها خۆی پێنج دانە کوڕی بەخشی بە نیشتیمان تا هەر بوترێ "کەس نەڵێ کورد مردوە"، سالە گورگە لە جەلەولاو شێرکۆ لە کەرکوک و ئەسعەد جەباری لە موسڵ مەرگی خۆیان کرد بە مەشخەڵی ڕێ. هیچ چەمچەماڵییەک نییە سەروخوانێکی لەگەڵ کەرکوک دا نەبێت؛ مانگانەو هەفتانە بۆ پرسەیەک و بۆ بۆنەیەک نەچێتە کەرکوک. ئەو هەموو ڕەنجەوەرییەت دی؛ هێشتا حکومڕانیەکە دوو ئامێری پاککەرەوەی بە چەمچەماڵێک ڕەوا نەبینی کە (١٧٤ ساڵ) پێش ئێستا بۆ یەکەمجار بوەتە قەزا!؟ ها.. عەیب نییە پایتەختی شەهیدان و سێ سەت هەزار کەس نەخۆشخانەی نەبێت، هاوینان ئاوی خواردنەوەیان نەبێت؛ هاتووی باسی ڕێبازەکەی مام دەکەی! ساڵی چەنە لای ئێوە شەستەکان؟ نەوەتەکانە!؟ بەیاننامە دەردەکەی کە برایەکی "ئاسایش" بە گوللەی سەرلێشێواوێک بوەتە قوربانی، ئەی بۆچی دوو ڕۆژ پێش لافاوەکە کۆماندۆ و ئاسایش لە شارەکەدا بوو بە شەڕە تەقەیان و ڕێگەی کەرکوک- سلێمانی گیرا؛ بەیاننامەتان نەبو!؟ نازانم بۆچی هەموو شت ئاو بردی "چەکەکان" نەبێت!
بەڵێ.. بەڵێ، هەروا ئاسانە ئێوەیەکی بێدەربەست وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن، بتانەوێ لەملاولا قومار بەناوی چەمچەماڵ و کۆرمۆرەوە بکەن و، بارەگای شەقوەشێنەکانتان لەسەر چەمچەماڵ بێ و، ئۆفیس لە باڵەخانە هەوربڕەکانی ئەملاولا بکەنەوەو، بتانەوێ پێ بخەنە سەر ئەو هەموو ئێسک و پەراسوەی باسمکرد لای سەرەوە؛ شتی وانییە! گەرەکتان بێ خەڵکەکەی بڕەتێنن و بیکەن بە پیشەسازییخانەو پیسخۆریی تیابکەن، خۆتان و دارودەستەکانتان وەک بیست ساڵی ڕابردوو پێی ببنە ملیاردێر، شتی وا ناچێتە سەر! وێڵاشەکەی کوردستان "چەمچەماڵ" خێرخواز نەبوایە دەمێک بوو داڕما بوو! ڕووبەری چەمچەماڵ بەقەدەر نیزیکەی ڕووبەری هەموو سلێمانی دەبێت کەچی شارەوانی چەمچەماڵ خاوەنی تەنها یەک شۆفڵە!
تەنانەت پاسەوانەکانیشیان تەنکەرو تەندەریان هەیە لە دەڤەرەکە. هەموو ڕۆژ (١٦ هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت دەبەن)، خەزان و سەدان تانکەری گازی شلی ماڵانتان هەیە، کەچی یەکێک فەلافلخانەیە بکاتەوە ئێوەو ئیدارەی گشتییەکەتان هەڵدەکوتنە سەری داوای (٥٠٪) ی دەکەن (ئێستا بۆ زۆرشت ئیدارەی گشتی یەکێتی کردویانە بە ٦٠٪). قەت دیوتە چەمچەماڵ تەنها یەک شۆفڵی هەیە بەڵام ئیدارەی گشتی یەکێتی سەدان ئامێری هەیە! بۆچی گوایە وێنەی شەهیدەکانی چەمچەماڵ لە بازگەی بانی مەقان تەنها وەک پێشەنگایەکن بۆ وێنە هەڵواسین!؟ ئەوە ئەوانەن کە لەپاراستنی سەنگەرەکانی کەرکوک و دەوروبەریدا خۆیان بەختکردو، ئێوەش دواتر کەرکوک و دووز تان ڕادەستی دەبابەکانی حەشدو حەسەن پلایسەکان کرد.
ڕووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ شتێکی گرینگی دەرخست؛ ئیتر "ڕووداو" بەنهێنی نامێنێتەوەو، هەر دەردەکەوێ چی و چۆن کراوە! بەسە! ئیتر ئەو خەڵکە چاوی فرمێسکی نەماوە؛ دوو هەفتە پێشووتر بەهۆی هێرشەکەی سەر "کۆرمۆر"ەوە برینی سەت ساڵی ڕابردوو، کاولبوونی لادێکان و کوێرەوە بوونی کانیاوەکانمان، خەمی پارێزراویی کەسوکار لە دەڤەرەکە، نەبوونی پلانێکی گشتگیریی هاوچەرخ و نەبوونی دامەزراوەی نیشتیمانیی یەکگرتوو بۆ بەرزڕآگرتنی ئاسایشی وزە، داخی بێ مەعریفەیی و بێ گوێی ئێوە نەک ئاو بەڵکە خوێنیشی لەچاومان دەرکرد؛ ئەی ئەمجارەو ئێستا لەبارەی چەمچەماڵەوە بڵێین چی!؟ ئەی کەرکوک تیایدا کورد زۆرینەی لەدەستدا !؟ ئەگەر کاک بافڵ دەیەوێ بزانێت ئەوە چی یە لە چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕوودەدات؛ من ناچم بۆ لای بەڵکو چەندین کادری دڵسۆزی حیزبەکەی خۆی بۆ دەستنیشان دەکەم با گوێیان لێ بگرێ!