لە کاتی شکستدا، باشترین هەڵوێست بۆ مرۆڤ بریتییە لە بێدەنگی و وردبوونەوە لە هۆکارەکانی. ئەمە تەنها بۆ پرسی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ئەلفوبێی سیاسەتیشە کە خۆڕەخنەکردن دوای شکست بەشێکە لە چارەسەر. بەڵام بیانووی قوتابیی تەمبەڵ هەمیشە ئەوەیە کە مامۆستا ڕقی لێیەتی، و کاتێکیش سەرکەوتوو دەبێت، دەڵێت بە حەقی خۆم دەرچووم. ئەم لاواندنەوەی شکستە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێمەدا ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرتووە، کە بریتییە لە سفرکردنەوەی دەستکەوتەکانی لایەنی بەرامبەر.
سفرکردنەوە بەو شێوەیەی کە بڵێیت ئاو هیچ نییە، کارەبا فشەیە، و ڕێگاوبان و پۆند و بەنداو گرنگ نین. ئەم جۆرە گوتارە نەک تەنها عاقڵانە نییە، بەڵکو خەڵک تاقەتی گوێگرتنی نەماوە و کەڵکی ئیستهلاکی محەلیشی نەماوە.
ڕاستییەکەی ئەوەی شاسوار و نەوەی نوێی بەم دەردە برد، تەنها دەستگیرکردنی شاسوار نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە کارتی دابەشکردنی ئاویان لە ژێر دەست دەرهێنا و ئەو پرسە بەرەو چارەسەر برا. لەو ڕۆژەوە ئیدی هەواڵی ئەوە نەما کە “تانکەرەکانی نەوەی نوێ ئاویان بۆ هەولێر بردووە!” ئەگەر ئیدارەی هەولێر کێشەی ئاوی ئەو شارەی چارەسەر نەکردایە، ساڵانی داهاتوو هەولێر وەک تاران مەترسیی چۆڵکردنی چەند زۆنێکی هەبوو، و شاسواریش هەر وەک فریادڕەس نمایشی خۆی دەکرد.
ئەم یەکێتییە نوێیە، لە ڕۆژانی سەرەتادا زۆر خۆی بە بەهێز دەردەخست، بە ڕاددەیەک ئیدیعای ئەوەی هەبوو کە هەرچی کێشەکانی ڕابردووی خۆی و خەڵکیشە نایهێڵێت.
ئیدیعاکان لەوەوە دەستیان پێکرد کە سەرانەوەرگرتن نامێنێت و سلێمانی دەکەنە بەهەشتی وەبەرهێنەران و خزمەتگوزاری. بەڵام هەنگاوەکان تەنها بریتی بوون لە لادانی وێنەکانی لاهور شێخ جەنگی و شەڕفرۆشتن بە یانەی نەورۆز. باشترین کاری ئەم یەکێتییە، بۆیاخکردنەوەی شۆستەکانی لای باخی گشتییە کە ئەمە وەک ڕۆتینێکی پێش هەڵبژاردنی لێهاتووە!
ئیدیعاکانی یەکێتی نوێ نەک هەر وا دەرنەچوو، بەڵکو ناوچەکە بووەتە وێرانەخاکی کۆماندۆ. لەو شارەدا، هەموو شتێک بە ڕوخساری کۆماندۆ داپۆشراوە! ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا ئەرکی سەرەکی بۆ هێرشی خێرا و کتوپڕ (اقتحام) یان شەڕ لە ناوچەیەک کە شەڕی ناڕێکی تێدابێت، بەڵام لەوەتەی یەکێتی نوێ دەستی بەکارکردووە، ئێمە لە کردنەوەی ستێکهاوسەوە کۆماندۆ دەبینین تا دەگاتە کردنەوەی باخچەی ساوایان و شەڕی لالەزار و دواجار لافاو!
بەشداریی کۆماندۆ لە هاوکاریکردنی خەڵک لە کاتی لافاودا، تەنها ئەوەمان پێدەڵێت کە نە شتێک بە ناوی دامەزراوە لەو سنوورەی یەکێتی ماوە و نە هێزێکیش بە ناوی بەرگریی شارستانی کە لە بنەڕەتدا ئەوان دەبێت لە کاتی کارەساتی سروشتیدا بە هانای خەڵکەوە بچن.
وێنە کۆمیدییەکە لەوێدا دەگاتە لوتکە، کە لەبری داننان بە شکست، دێن خۆیان و خەڵکیش بەوە سەرقاڵ دەکەن کە ڕێژەی لافاوەکە لە سلێمانی و چەمچەماڵ زیاترە! وەک ئەوەی ئێمە هەولێری جارانمان بیر نەما بێت کە بە ئاوپرژێنێک ئاو دەیبرد.
کێشەکە ئەوەیە، ئەو بەڕێزانە تا ئێستا نازانن شار چییە؟! تێناگەن ئەوەی کە شار دەکاتە شار ئەوەیە هیچ ڕۆژێکی لەوەی پێش خۆی نەچێت. ئەوەیە مرۆڤ تێیدا ون بێت و هەمیشە شۆڤڵ و گرێدەر تێیدا تەپوتۆز بکەن. شار بەوە نابێتە شار کە کلتووری بەرەی موقاوەمەی بۆ بهێنیت و لای بازگەکانی پڕ بکەیت لە پۆستەری شەهیدان! خۆ ئەگەر باسەکە ڕێزگرتنە لە شەهیدان کە چەمچەماڵ پایتەختیەتی و سلێمانیش شاری هەڵمەت و قوربانییە، ئەو ڕێز و ئیحترامە تەنها بە تەپوتۆزی شۆڤڵ و گرێدەر و خزمەتگوزاری دێتەدی.