پارتى دیموکراتى کوردستان ، ئەو کاروانە مێژووییە نەتەوەی کورد ، نزیکەى هەشتە دەیە بێ وچان و ماندوونەناسانە بە هەگبەیەکى پڕ لە شانازى و دەستکەوتى مێژوویی بۆ کوردوکوردستان رۆژ بە رۆژ نوێ تر و کاراتر وکاریگەرتر درێژە بەخەباتى شارستانیانە و دیموکراسیانە بۆ بەدیهێنانى گشت ماف و ئامانجەرەواکانى دەدات ؛ لە پاڵ ئەوەشدا هەمیشە رژدە لە سەر بەرگریکردن لە مافى هەموو پێکهاتە نەتەوەیی وئایین و ئایینزاکان وەک میرات و کەلتوورێکى گرانبەهاى ڕێبازێکى پیرۆز ، ئەویش ڕێبازى بارزانییە ، ئەمڕۆ پێشمەرگە ، ڕابەڕ و سەرۆک مسعود بارزانى ، وەک ئاڵاهەڵگر پێشەنگى ئەو کاروانە و هەڵگرى ئەو ئەمانەتەیە
مێژووى دوێنى و ئێستاش گەواهیدەرەن ڕۆڵ و پێگەى و کاریگەرى کەسایەتى و ڕابەرایەتى سەرۆک بارزانى لە پێناو دۆزى رەواى نەتەوەکەى و ئینجا مامەڵەکردن و سیاسەتى ژیرانەى لەگەڵ هاوکێشەکانى ناوچەى و نێودەوڵەتى و پارێزگاریکردن لە ئاشتى و ڕێنیشاندەرى بۆ سەقامگیرى و کردنەوەى گڕێکوێرەکان بەڕوونى و ئاشکرایی بەرچاون ؛ چونکە بارزانى خاوەن دیدگایەکى ستراتیژى و دیپلۆماسى وسیاسی قووڵ و وردە ، هەرگیز ڕا ڕایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکان ناکات لە سەختترین هەڵومەرجەکانى عێراق و ناوچەکەدا ، هەمیشە باوەرى بە چارەسەرى بەڕێگەى گفتوگۆ و پەیوەندیی و ئاشتى هەبووە تاکو شەڕوململانێ و وێرانکارى ، بۆیە هەمیشە رژد بووە لە سەر ژیان و حکوومڕانییەکى هاوبەش لە سەر بنەماى بەرژوەندیی نەتەوەیی کوردو باقى گەل و نەتەوەکانى ناوچەکە بەشێوەیەکى دادپەروەرانە لە پێناو فەراهەمبوونى مافى هەموو پێکهاتەکان ، بۆیە هێزى ئاشتى باشترین بژاردە بووە لە جێگەى هێزى شەڕ و ماڵوێرانى ، ئەوەش ستراتیژییەکى نەگۆڕى سەرۆک بارزانى و پارتى بووە چ قۆناغى خەباتى چەکدارى ناچارى بۆ بەرگریکردن لە شوناس و خاک و بوون و شکۆى کوردوکوردستان و چ بە ئێستاى خەباتى شارستانیانە ، ئەمەش بیروباوەرێکە لە ناخى بارزانییەوە سەرچاوەى گڕتووە و هەرگیز لە چوارچێوەى دروشم و بە شێوەى تاکتیکى و دروشم نەبووە ، بەڵکو ڕێگەچارەسەرێکى لۆژیکانە و دروستبووە بۆ بونیاتنانى داهاتوویەکى گەشتر و ئاوەدانى و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و متمانەى بەهێز لەنێوان نەتەوە و گەلانى ناوچەکە
سەرۆک بارزانى ، نەک لە ئێستاشدا بەڵکو رابردووشدا ، هەمیشە رۆڵى یەکلاکەرەوەى بۆ چارەسەرى ئاشتیانە لە عێراق و ناوچەکە دا بینووەو هەمیشە دژى هەر دەسەڵاتێکى خۆسەپێن و دیکتاتۆرى وەستاوەتەوە و هەوڵەکانى لە پێناو بونیانتانى دەسەڵاتێکى دیموکراسى و هاوبەشى بووە ، بەتایبەت لە عێراقدا ، هەر لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول تا شۆڕشى گوڵان و ئینجا ڕاپەڕین و دواتر خەبات و تێکۆشانى سیاسى و دیپلۆماسى زۆرى لەگەڵ هێزولایەنە دیموکراسیخوازەکان کردوە ، بەتایبەت ، بۆ ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ساڵانى 1992 تا 2003 ، بارزانى ستراتیژى و ویستى گەلى کوردى ، بۆ قۆناغى دواى رووخانى ڕژێمى بەعس بە شێوەی سیستەمى ناناوەندى و بەشێوەى فیدڕاڵى و دیموکراسى خستۆتەڕوو، هەر ئەوەش بوو ، گەلى کورد بە رابەرایەتى سەرۆک بارزانى ، نەک هەر کاریگەرى بەڵکو قوربانیشى لە پێناو بونیاتنانى عێراقێکى فیدڕاڵى بەخشى لە پێناو (هاوسەنگى ، سازان و هاوبەشى )، هەروەها لەکاتى نووسینەوەى دەستوورى هەمیشەیی عێراقیشدا کە 80%ى گەلانى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەنگیان لەسەرى دا ، سەرۆک بارزانى هەوڵەکانى بۆ چەسپاندنى مافى گەلى کورد و هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدڕاڵدا خستەگەڕ ، لە هەمانکاتیشدا هەوڵەکانى لە پێناو بەهێزکردنى سەنگ و پێگەى دەستووریی قەوارەى هەرێمى کوردستان بوو لە پێناو ئەوەى چیتر گەلى کورد لە عێراقێکى فیدڕاڵى و دەستوور و دیموکراسیدا پەراوێز و پاشگوێ نەخرێت ، عێراقێک، کە مافى هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانى تێکدا مسۆگەر بێت
لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە ، سەنگ و کاریگەرى سەرۆک مسعود بارزانى ، توانیوێتى بەشێوەیەکى زۆر ژیرانە سیماى کوردستان لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى وێنا بکات ، لەهەمانکاتیشدا سەرۆک و سەرکردەکانى جیهان ، وەک کەسایەتییەکى کارێزما و ئاشتیخواز رۆڵیى بارزانى بە گرنگ بنرخێنن ، بەتایبەتى چ لەسەر ئاستى عێراق و چ ناوچەکە وەک ناوبژیوانێک بە تایبەتى کۆتایی هێنان بە شەڕووێرانکارى نێوان پەکەکە و حکوومەتى تورکیا و ئینجا رۆژئاواى و حکوومەتى سووریا ، هەموو ئەو هەوڵانەى سەرۆک بارزانى وایکردووە ، رۆژ بەرۆژ هەڵاتنى رۆژى ئاشتى نزیکتر بێتەوە ، کۆتایی بەشەڕ و ماڵوێرانى دەیان ساڵە بێت ، ئەمەش ئاماژەیە بە سیاسەت و باوەرى ئاشتیخوازانەى سەرۆک بارزانى و رەخساندنى ژینگەیەکى پڕ لە ئاشتى و گفتوگۆ
لە گۆڕانگارى و پێشهاتە نوێیەکانى ناوچەکە و دونیاشدا ، سەرۆک بارزانى ، هەڵوەستە و سەرنجى وردى بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکان هەیە ، لەو ڕووەوە ، لە پێناو سوودوەگرتن لە دەرفەتەکان و تێپەڕاندنى کاتە هەستیارەکاندا گرنگە زۆر لۆژیکانە و ئاشتیانە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەى مافى نەتەوەی کورد لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە نێو ئەو پرۆسە ئاشتیەدا بێتەدى و کۆتایی بەشەڕ و وێرانکارى چەندین ساڵە بێت ، لە رۆژئاواى کوردستانی بەهەمان شێوە هەوڵە بەردەوامەکانى سەرۆک بارزانى لە پێناو یەکریز و تەبایی نێوماڵى کورد لەلایەن لەلایەکى دیکەشەوە ، خۆ سازدانە بۆ ئەوەى گەلى کورد بەیەک هێز لە سووریاى نوێش مافەکانى مسۆگەر و وەدى بێت ؛ لە هەمانکاتیشدا پەیامى و هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى بۆ ئەوەیە ئاشتى و گفتوگۆ و متمانە شوێنى شەڕ و پەراوێزخستن و وێرانکارى بگرێتەوە ؛
هەموو ئەو هەوڵانەى سەرۆک بارزانى لە پێناو ئاشتى لەسەرانسەرى ناوچەکە ، پرس و بابەتێکى گرنگ و ستراتیژى نەگۆڕن ،بەتایبەتى بۆ چارەسەریی ئاشتیانەى دۆزى کورد سەر سەرئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ، کە سەرۆک بارزانى خوازیارە بە شێوەیەکى دادپەوەرانە و لە سەر بنەماى بەرژوەندییە باڵاکانى کورد و هاوبەشى لەگەڵ گەلان و نەتەوەکانى ناوچەکە بێنەدى ، گرنگە هەموو گەل و نەتەوەکانى ناوچەکەش وانە لە مێژووى رابردووى نکۆڵیکردن لە دۆزى کورد وەربگرن ، دەست بەدارى ئاشتى و پڕ حیکمەتى رابەرایەتى بارزانی بگرن ، لە پێناو ئایندەیەکى پڕ لە ئاشتى و ڕووناک و دوور لە شەڕ و تاریکى و ناساسەقامگیرى