دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری سفر.. تاران لە گەڕی جنێفدا دەیەوێت چى بەدەستبهێنێت؟

موختار حەداد: شارەزا لە کاروباری ئێران

چاوی شرۆڤەکاران و ناوەندە سیاسییەکانی جیهان بەرەو شاری جنێفی سویسرا دەڕوانن، کە تێیدا گەڕێکی نوێ و یەکلاکەرەوە لە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات، بە نێوەندگیرییەکی سوڵتاننشینی عومان و دەوڵەتی قەتەر.

ئەم دانوستانانە لە کاتێکی ئێجگار هەستیاردا دێن، کە تێیدا دۆسییە سیاسییەکان لەگەڵ گرژییەکانی مەیدانی شەڕدا تێکەڵ بوون، ئەمەش پرسیاری جدی دەربارەی ئەگەرەکانی خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گشتگیر، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی دەورووژێنێت.

بەپێی زانیارییە وردەکان و سەرچاوە ئاگادارەکان لە پشت پەردەی بڕیارەکان لە تارانەوە پێیان وایە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە دەچنە نێودانوستانەکان و بە دیدگایەکی ستراتیژی ڕوونەوە دەچێتە ناو ئەم گەڕەى دانوستانەکانەوە، کە بە تەواوی جیاکاری دەکات لە نێوان ڕێڕەوی دانوستانی دیپلۆماسی و ڕێڕەوی بەرپەرچدانەوەی سەربازیی. هەروەها هێڵی سووری داناوە کە قابیلی سازش نین، بەتایبەت دەربارەی تواناکانی بەرگری – کە ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە کارنامەی دانوستانەکاندا نییە – لەگەڵ پاراستنی نەرمییەکی تاکتیکی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
ئامانجە ڕاستەقینەکان و هێڵە سوورەکانی ئێران کامانەن:
راگەیاندنی ڕۆژئاوایی و لایەنی ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن ئەوە بڵاوبکەنەوە کە ئێران لە ڕێگەی ئەم دانوستانانەوە دەیەوێت هەڕەشەی سەربازیی لە خۆی دووربخاتەوە، بەڵام هەڵوێستە فەرمییەکانی ئێران ئەم گێڕانەوەیە بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەنەوە. تاکە ئامانجی سەرەکی ودانوستانەکان بۆ تاران لەم قۆناغەدا لادانی سزایە ئابوورییەکانە، لە بەرامبەر پێشکەشکردنی گەرەنتی تەکنیکی کە دووپاتی بکاتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتییانەیە و لای نەداوە لە بەرنامە نێودەوڵەتییەکانى وزەى ئەتۆم.

لە تاران هەمووان پێیان وایە پرسی لادانی هەڕەشە و دوورکەوتنەوە لە شەڕ، تەنها لە ڕێگەی مێزی گفتوگۆی دیپلۆماسییەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو هێزی بەرپەرچدانەوە بەرگرییەی کە ئێران هەیەتی بەشێکی وەدیی دێت. لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردە سەربازییەکانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە هێزە چەکدارەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی شەڕدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەنگاوێک کە لایەنی بەرامبەرەوە ئەنجام بدات.

لەسەر مێزی جنێف، تاران هێڵی سووری ڕەقی داناوە کە گفتوگۆ هەڵناگرن، لەوانەش: بەردەوامبوونی پڕۆسەی پیتاندن تەنها لەناو خاکی ئێراندا (بەڵام بەپێی یاسا و ڕێککەوتنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەک پێشتر هەبووە)، و ڕەتکردنەوەی هەر ڕاگرتنێکی تەواوەتی بەرنامەکە. هەروەها ئەگەری گفتوگۆ هەیە دەربارەی ئەو ماددانەی بە ڕێژەی 60 %پیتێندراون بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەکەیان، بەڵام بابەتی چوونە دەرەوەی ئەو ماددانە لە وڵات تا ئێستا لە ئارادا نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکان ئاماژە بە ئەگەری سەرهەڵدانی گفتوگۆی نوێ دەکەن کە گوزارشت لە نەرمییەکی دوولایەنە دەکات لە هەندێک وردەکاری تردا، بەو مەرجەی دەستکاری بنەما ستراتیژییەکان نەکرێت.

دیبلۆماسیی هێز و ئامادەباشی سەربازی
تاران باش لە سروشتی تیمی دانوستانکاری ئەمریکی تێدەگات، بەتایبەت عەقڵیەتی سەرۆکی ئەمریکا کە پشت بە سیاسەتی "فشاری زۆر و هەڕەشەی بەردەوام" دەبەستێت تەنانەت لەکاتی دانوستانیشدا. ئەم عەقڵیەتە، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێران، بە تەواوی پێچەوانەی ڕێڕەوە ئاڵۆزەکانی دانوستانە کە کاتی دەوێت بۆ نووسینەوە و داڕشتنی ڕێککەوتننامە یاسایی و سیاسی و نێودەوڵەتییە وردەکان. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێران دەیەوێت دانوستانەکان درێژە بکێشێت، بەڵکو جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکی نزیک و دیاریکراودا بگەنە ئەنجام.

ستراتیژی ئێستای ئەمریکا مەیلی بۆ پەلەکردن و فشار هەیە بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی گشتی کە لە پلەی یەکەمدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن بکات، و وردەکارییە هەستیارەکان بۆ لیژنە تەکنیکییەکان جێبهێڵێت، ئەمەش کارێکە کە تاران بە نالۆژیکی دەبینێت و بەدوای ڕێککەوتنێکی بێلایەنە و ڕازیکەر بۆ هەردوولا دەگەڕێت.

لە بەرامبەر زمانی هەڕەشەی ئەمریکی، ئێران ستراتیژی "هەڕەشە بەرامبەر هەڕەشە" یان ئەوەی پێی دەوترێت "دیپلۆماسیی هێز" پەیڕەو دەکات، بەو مانایەی کە دیپلۆماسی هاوتەریب لەگەڵ مەیدانی سەربازی دەجووڵێتەوە. لێرەدا لە دیدگای بەرگری ئێراندا ئەوە دەردەکەوێت کە شتێک نییە بەناوی "هێرشی سنووردار" بۆ فشار خستنە سەر تاران، بەڵکو هێرشی سنووردار بە وەڵامێکی گشتگیر و فراوان وەڵام دەدرێتەوە.

ڕەنگە دیارترین ڕەنگدانەوەی ئەم ستراتیژییە لە لێدوانە یەکلاکەرەوەکانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێراندا هاتبێت، کە تێیدا بەراوردی کرد لە نێوان مەترسیی چەکەکانی ئێران و مەترسیی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا، و بە ڕوونی جەختی لە توانای سەربازی ئێران کردەوە بۆ نوقمکردنی ئەو کەشتیگەلانە ئەگەر پێویست بکات، ئەمەش پێگەی دانوستانکاری ئێرانی بە پاڵپشتییەکی سەربازی بەهێز بەهێزتر دەکات.

ڕەهەندە تەکنیکییەکان و بەشداریی گڕۆسی:
گەڕەکانی ئەم دواییەی دانوستانەکان گۆڕانکاری بەرچاویان بەخۆوە بینی، کە گرنگترینیان ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ڕافایێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بوو. سەرەڕای ڕەخنەکانی پێشووی ئێران لە هەڵوێستەکانی گڕۆسی و سیاسییکردنی هەندێک دۆسێ، بەڵام تاران بە پراگماتیانە مامەڵەی لەگەڵ ئامادەبوونی ئەودا کرد و وەک هەلێک بۆ بەهێزکردنی لایەنی تەکنیکی و سەلماندنی پابەندییە چاودێرییەکانی خۆی بینییەوە. ئێران شەفافیەت بە کارتێکی براوە لەدەستی خۆیدا دەبینێت، چونکە متمانەی تەواوی بە ئاشتییانەبوونی بەرنامەکەی هەیە.

هەماهەنگی ناوخۆیی و ڕاوێژی نێودەوڵەتی
لە ڕووی ڕێکاری و ناوخۆییەوە، تاران ئەم دانوستانانە بە هەماهەنگییەکی ئاست بەرز بەڕێوە دەبات؛ وەزارەتی دەرەوە و تیمی دانوستانکار بە جیا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت کار ناکەن، بەڵکو ڕێنماییە وردەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی جێبەجێ دەکەن. ڕۆڵی دیپلۆماسی لێرەدا بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو هەلەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. هەر بۆیە شاندەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە و بەشداری یاریدەدەرانی وەزیر بۆ کاروباری سیاسی و یاسایی و شارەزایانی تەکنیکی بەشداری دەکەن، و دەسەڵاتی بڕیاردانیان لە دۆسێی ئەتۆمیدا پێدراوە بەپێی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، تاران گرنگی دراوسێیەتی هەرێمی فەرامۆش نەکردووە؛ ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆڵیان لە نێوەندگیریدا، و ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی (بەکین و مۆسکۆ) بەردەوامە، بۆ دوورخستنەوەی تارمایی شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەکە و گەرەنتی کردنی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

جەنگی گێڕانەوەکان و پێشبینیکردنی ئەنجامەکان
سەبارەت بە پێشبینیکردنی ئەنجامی ئەم دانوستانانە و ئەوەی ئایا ئێمە لە شەڕەوە نزیکین یان لە ڕێککەوتن؟ دیدگای ئێران زۆر واقیعییانەیە. تاران پێی وایە پێشبینیکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان بە ڕێژەی 100% هەڵەیە، و بڕیاری لایەنی بەرامبەر بۆ هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری پەیوەندی بە دانوستانەکانی جنێفەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەستە بە هاوکێشەی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا.
تاران ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە و جدی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ و دادپەروەر کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و سزاکان لابدات. ئێران پێی وایە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، بەرپرسیارێتی و تێچووە مێژوویی و سیاسییەکان بە تەواوی دەکەوێتە ئەستۆی ئیدارەی ئەمریکا و سیاستەکانی.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری سفری دیپلۆماسی بە نێوەندگیری مەسقەت، دەتوانین بڵێین: ئێران لە جنێف، بەو ئەندازەیەی بۆ ئاشتی و ڕێککەوتنی دادپەروەرانە ئامادەیە، بە هەمان ئەندازەش بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیر لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP