لەمانگی ئۆكتۆبەری 2025 دا لەشاری پەكین،
حیزبی شیوعی چین كۆبوونەوەی فراوانی چوارەمی خۆی " پلنیۆمی چوارەم"
ئەنجامدا بەمەبەستی پێداچوونەوەی كارەكانی و بڕیاردان لە نەخشە ڕێگایەكی گەورە و
فراوان بۆ پێنج ساڵی داهاتووی نەتەوەی چین. ئەم پلانی پێنج ساڵەیە، لەخولی 15
یەمینی خۆیدا دەژی، واتە لە ساڵی 1953ەوە تاكو ئەمساڵی 2025، حیزبی شیوعی چین هەر
پێنج ساڵ جارێك، پلانێكی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و گەشەی زانستی و
ئیكۆلۆژی و سیاسەت داڕشتووە و، ناونراوە "پلانی پێنج ساڵە" لەم ساڵدا
پلانەكە خولی "15" یەمینی خۆی دەسپێدەكات و، لەماوەكانی ڕابردوودا 14
جار پلانی پێنج ساڵە پێشكەشكراوەو، ئەوەی كە ئەیبینین لەگەشە و ڕێنیسانس لەئاستی
چین و ئاسەوارەكانی لە جیهاندا، بەرهەمی ئەم پلانە پێنج ساڵییانەیە.
پێگومان ئەمڕۆ بەحوكمی ئەوەی جیهان بەرەو
فرەجەمسەری و دروستبوونی بلۆكی زەبەلاحی ئابووری دەچێت، هاوكات سەرجەمی كایە
جیهانییەكان تەنانەت لە ڕووی سیاسی و هاوپەیمانێتی هێزیشەوە، تەنها لەژێر هەژموونی
ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكادا نامێنێتەوە، هەر بڕیارێكی هێزە تازەكان "
بەتایبەتی بڕیارەكانی چین كە ڕەهەندی ئابووری و ڕەهەندی دەرەكییان هەیە"
كاریگەری گەورە دادەنێت لەسەر كۆی بارودۆخی جیهانی. بۆنمونە: لەشەڕی تاریفەی
گومرگیدا كە ئەمریكا سەپاندی، بڕیارەكانی چین، كاریگەری لەسەر زنجیرەكانی تەوریدی
بازرگانی لەسەرتاسەری جیهاندا دروستكرد، هەر بۆیە پێویستە زۆر بەوردی دیراسەی
سیاسەتی گشتی چین بكەین، وڵاتانی دنیاش هەر وا دەكەن و، چەندین سەنتەر بۆ دیراساتی
چینی، فێربوونی زمانی چینی، تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی چین دروستكراون.
ئەوەی پێویستە هەموو وڵاتان و ئابووریییەكان
ڕەچاوی بكەن، ئەوەیە كە ئێستا قۆناغی تاك جەمسەری جیهان تێپەڕیووەو، خەریكە قۆناغی
فرەجەمسەری دەستپێدەكات، ئەوە ئەگەر لە بواری سیاسیدا كەمتر ببینرێت، بێگومان لە
بواری ئابووری و تەكنەلۆژی و بازرگانیدا، بەتەواوی خەمڵیوەو، هیچ بڕیارێكی چین نیە
كاریگەری لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتی نەبێت. لەبەر ئەو ئیعیتبارە جیۆسیاسییە گرنگە،
پێویستە ئێمەش وەكو گەلی كورد بزانین سیاسەت و ئابووری چین، بەرەو كوێ دەچن و
پلانەكانی چین بۆ گۆڕانكاری مۆدیلی جیهانی چییە؟.
لەڕاستیدا دەتوانم بڵێم: پلانی پێنج ساڵەی 15
یەمین، تەنها پلانێكی ئاسایی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی چین نیە لەئێستاوە تاكو ساڵی
2030، بەڵكو بەمانای وشە ماستەر پلانی ڕێنیسانی هەرە گەورەی نەتەوە و شارستانییەتی
چینە، هەروەها پلانێكی گشتگیر و فرەلایەن و ورد و ئاڵۆزە بۆ جێبەجێكردنی ئایدیا
گەورەكانی "شی جین پینگ" بۆ نوێكرنەوەی شێوازی چینی، هەروەها بۆ
دروستكردنی سۆشیالیزم بە میتۆدی چینی.
بێگومان هەریەك لەو دوو بابەتە، میحوەری
كاركردن و دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی چینن، ئامانجیان ئەوەیە ڕێنیسانسی
سەرتاسەری حەزارەتی چینی، پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەن.
یانی بابەتەكە لەوە دەترازێت كە تەنها
پەیوەست بێت بەناوخۆی چین و سێكتەرێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو فرە ڕەهەند و كاریگەرە،
چونكە تەنانەت بابەتی ژینگەی ئیكۆلۆژی و سیاسەت و ئابووری جیهان و خەریتەی
هاوپەیمانێتییەكان و هێلە سورەكانی سیاسەتی دەرەوەی چینیش دیاریدەكات لەهەموو
جیهاندا.
لێرەدا و لەپیناوی ڕوون بوونەوەی گرنگی و
بایەخی پلانی پێنج ساڵەی پانزەیەم، تەنها ئاماژە بە خاڵی 50ی ڕاسپاردەكان دەكەم كە
تیایدا بەدەق هاتووە: بەهێزكردنی تواناكانی ئاسایشی نەتەوەیی لەهەموو
سێكتەرەكاندا، پێویستە تواناكانی ئاسایشی نەتەوەیی بەوجۆرە ڕێك و فەراهەم بكرێن و
ئامادەبكرێن، كە لەگەڵ "جەنگی ڕاستەقینە" دا بگونجێن و لەبواری تیرۆی
دەرچن!.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پلانی پێنج ساڵەی
پانزەیەم، ئەم ئامانجە چارەنووسسازە دەبەستێتەوە بە چەند هۆكارێكی ترەوە، واتە
ئەوەی كە ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ دۆخی جەنگی ڕاستەقینە بگونجێت، پەیوەستە بەچەند
فاكتەرێكی یاردەیدەرەوە كە پلانەكە هەر لەهەمان خاڵدا ڕوونی دەكاتەوەو، ئاماژەیان
پێدەكات، لەوانە: دابینكردنی بژێوی گەل، دابینكردنی سەرچاوەكانی تەورید،
مسۆگەركردنی ئاسایشی دامەزراوە گەورەكانی بەرهەمهێنان، دابینكردنی كانزای دەگمەن و
بەرهەمهێنان و خەزن كردنیان، دابینكردنی ئاسایشی ڕێگەكانی بازرگانی و بەندەر و
تەنگە دەریاییەكان لەسەر ئاستی جیهان، بەرزكردنەوەی كوالێتی بەكارهێنانی ئاو،
گۆڕانكاری ڕیشەیی لەبەكارهێنانی ئینتەرنێت، دامەزراندنی دامەزراوەی پیشەسازییە
ستراتیژییە گەورەكان...هتد.
پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەم كۆدانە پێمان
ناڵێن: حەزارەتێكی گەورە هاتووە جیهان بگۆڕێت؟ نەتەوەیەك لەحاڵەتی ڕێنیسانسی
ڕیشەییدایە و، خەونی گۆڕینی جیهانی هەیە؟ خەونی گۆڕێنی چەمكەكانی دەوڵەتداری هەیە؟
ئایا سەردەمی چینی، دەستیپێنەكردووە؟.