هەرێم نیوز
⠀
حووسییەکانی یەمەن ڕایدەگەیەنن، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا پێنج هێرشیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز و چەند دامەزراوەیەکی نەوت، گاز و کارەبای سعوودیە ئەنجام داوە، لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی پشتیوانیی حکومەتی یەمەن تێکشکاندنی مووشەکێکی کرووز و چەند مووشەکێکی دیکە ئاشکرا دەکات.
⠀
شەممە، 28ـی 11ـی 2026، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حووسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، لە وەڵامی بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا و شوێنە مەدەنییەکانی سەنعا و چەند پارێزگایەکی دیکەدا، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر قووڵایی خاکی سعوودیە.
⠀
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە هێرشەکاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خالید لە ڕیازی پایتەخت، دوو ڕادار لە ناوچەکانی ئەبها و خەمیس مشێت، پاڵاوگەی جیزان، کارگەی گازی حەویە لە باشووری ئەحسا و هەردوو وێستگەی کارەبای شەقیق و جیزان کراونەتە ئامانج.
⠀
حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە، سەرجەم ئامانجەکان بە وردی پێکراون و هەردوو ڕادارەکە لە کار کەوتوون، هەروەها ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەی جیزان و کارگە گازییەکە کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆریش بەر وێستگەکانی کارەبا گەیشتووە، هاوکات هۆشداریشیان داوە، تا کۆتاییهاتنی هێرش و گەمارۆکانی سەر یەمەن، هێرشەکانیان بۆ سەر قووڵایی سعوودیە و پێگە سەربازییەکانی ناوەستێنن.
⠀
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، دوای نوێبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن، هاوپەیمانیی پشتیوانیی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان، لە بەرامبەریشدا حووسییەکان ڕۆژانە ناوچە نەوتییەکان، دامەزراوەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ناوچە داراییەکانی ڕیاز دەکەنە ئامانج.
⠀
لە لایەکی دیکەوە تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، مووشەکێکی کرووزیان تێکشکاندووە و لەناوبردووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ڕیاز کرابوو.
⠀
دوای چەند کاتژمێرێکیش مالیکی ئاشکرای کرد، بەرگریی ئاسمانی دوو مووشەکی دیکەی بالیستیی تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەرەو ناوچەی باشوور هاوێژرابوون، ئەمەش پاش ئەوە هات کە پێشتریش هەواڵی تێکشکاندنی مووشەکێکی دیکە لە هەمان ناوچە ڕاگەیەندرابوو.