دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: ناتانیاهۆ پێشنیازی حکومەتێکی یەکگرتووی نۆرەیی بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆت دەکات

هەرێم نیوز 

لە هەنگاوێکدا کە قەبارەی فشارە سیاسییەکان لەسەر ئەو سەرکردەیە دەردەخات کە زۆرترین ماوە حوکمڕانیی ئیسرائیلی کردووە، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند، ئامادەیە لە قۆناغی یەکەمدا دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت. ئەم دەستپێشخەرییە کە چانسی سەرکەوتنی بە لاواز دەبینرێت، نوێترین ئاماژەیە بۆ ئەوەی فەرماندەی پێشووی سوپای ئیسرائیل لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ لە دەسەڵات نزیک بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە قودسەوە، ناتانیاهۆ پێشنیازی ڕێککەوتنێکی نۆرەیی (تەناوب)ـی لە چوارچێوەی حکومەتێکی یەکگرتوودا لە نێوان پارتەکەی خۆی و پارتەکەی ئایزنکۆتدا کردووە، بە جۆرێک ئایزنکۆت لە قۆناغی یەکەمدا سەرۆکایەتیی حکومەت بگرێتە دەست و ناتانیاهۆ لە قۆناغی دووەمدا پۆستەکە وەربگرێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای هەڵبژاردنە یەکلانەبووەوەکەی ٢٧ی تشرینی یەکەم دێت، کە ڕێگەیەکی ڕوونی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات نە بۆ ناتانیاهۆ و نە بۆ ئایزنکۆت نەکردەوە و دواتر سەرۆکی ئیسرائیل ئایزنکۆتی بۆ هەوڵدان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد.

لە کاتێکدا ئایزنکۆت تەنیا چەند ڕۆژێکی لەبەردەمدا ماوە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، لەم هەفتەیەدا توانیویەتی ڕێککەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ دوو هاوبەشی چەپ و ڕاستڕەودا واژۆ بکات؛ ئەمەش پشتیوانییەکە کە ڕەنگە زۆرینەی پەرلەمانیی بۆ مسۆگەر بکات یان ڕێگەی پێ بدات حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنێت. لە بەرامبەردا، گوتەبێژی پارتی «یاشار»ـی سەر بە ئایزنکۆت دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان لەسەر پێشنیازەکەی ناتانیاهۆ نەداوەتەوە.

ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پاساوی بۆ ئەم هەڵوێستە هێنایەوە و جەختی کردەوە، هەرچەندە پێی وایە دەبێت خۆی سەرکردایەتیی حکومەتی ئیسرائیل بکات، بەڵام گوتی، «بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەو هەڕەشە وجوودییە و ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم مەترسییەدا نەبێت،» بەرپرسیارێتییەکەی وەک سەرکردەیەک ناچاری دەکات «هەموو شتێک بخاتە لاوە.»



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP