دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

دەروازەی پەروێزخان دەنگۆی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاغ لە دەروازەکە ڕەت دەکاتەوە

هەرێم نیوز
⠀
کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاغ لە دەروازەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕووداوە لە پارێزگای سەڵاحەدین بووە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی 11ـی 2026، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی چەند پەیج و ئەکاونتێک بە مەبەستی ناشیرینکردنی دەروازەکە دەنگۆی دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاغیان لە دەروازەی پەروێزخان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بڵاوکردووەتەوە، هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە کە سەرجەم ئەو دەنگۆ و بوختانانە ڕەت دەکەنەوە و بەدرۆی دەخەنەوە.
⠀
دەروازەی پەروێزخان ڕوونیکردووەتەوە، ئەو هەواڵەی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەبارەت بە دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاغ بڵاویکردووەتەوە لە پارێزگای سەڵاحەدینە و لە هەواڵەکەی خودی وەزارەتەکەشدا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە.
⠀
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەوانەی بە مەبەست دەیانەوێت هاووڵاتییان چەواشە بکەن نایانەوێت ڕووداوەکان وەک خۆی بگاتە خەڵک، بۆیە هیوایان خواستووە ئەو کەسانەی لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوەن بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە بکەن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک بەدواداچوون بکەن و لە ڕاستی و دروستییەکەی بکۆڵنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP