دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

پلان وایە سبەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ بکاتەوە

هەرێم نیوز

پلان وایە سبەی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، کارکردن و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ بکاتەوە،، کە بەهۆیەوە دۆخی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی تەکنیکیی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگەیاندووە، ئەو بەشەی لە هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی 8ـی ئەم مانگەدا پێکراوە بەشی «KM400»ـە کە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 500 ملیۆن پێ سێجا غازی هەبووە و تاوەکو ئێستا هیچ کارێکی نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە،، بەڵام بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە کارکردن لەو بەشە دەست پێ بکاتەوە کە ساڵانی پێشوو کاری تێدا کراوە و بە «KM250» ناسراوە و توانای بەرهەمی ڕۆژانەی 250 ملیۆن پێ سێجایە.

سەرچاوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە باشترین حاڵەتدا ئەو بەشە دەتوانێت 250 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم بهێنێت، کە بەپێی دابەشکارییەکە 150 ملیۆن پێ سێجای بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و 100 ملیۆن پێ سێجاشی بۆ کارەبای عێراق دەچێت،،ک بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا بەغدا ڕێگە دەدات تەواوی ئەو 250 ملیۆن پێ سێجایە بۆ ناوخۆی هەرێم بێت یان وەک جاران دابەش دەکرێت.

 ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەگەر تەواوی ئەو بڕە غازە بۆ هەرێمی کوردستان بێت،، پێدانی کارەبا تا نزیکەی 12 کاتژمێر بەرز دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئەگەر کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشی «KM400» دەست پێ بکات، لانیکەم چوار بۆ پێنج مانگی پێویستە تاوەکو دەتوانێت بەرهەمهێنان دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێش هێرشەکە کۆرمۆر ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غازی بەرهەم دەهێنا و کارەبای 24 کاتژمێری دابین کردبوو، بەڵام دوای ڕاگرتنی کێڵگەکە پێدانی کارەبا بۆ شەش تا هەشت کاتژمێر کەم بووەوە و بە بەکارخستنەوەی ئەم بەشەش بەرهەمی کێڵگەکە دەگاتە یەک لەسەر سێی توانای جارانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP