هەرێم نیوز
مەحموود داغر، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا هەندێک ڕێکاری ڕێکخستنی ماوە، جەختیشی کردەوە کە بڕیارە نوێیەکان بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێنن.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود داغر ئاماژەی بەوە دا کە پرسی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێویستی بە هەندێک ڕێکاری ڕێکخستن هەیە، کە ئەویش لە ڕێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە مۆڵەتپێدراوەکانی فرۆشتنی دۆلار ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە ئاراستەی بازاڕی دراو، گوتەبێژی بانکی ناوەندی ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکانی ئەمڕۆ لەبارەی پێناسی گومرگ، لەگەڵ بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ پێدانی سێ هەزار دۆلار بە گەشتیاران بە درێژایی 12 مانگی ساڵ لە بری شەش جار، بە دڵنیاییەوە بەشداری لە دابەزاندنی بەهای دۆلار و کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا دەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە دەنگۆکانی کەمبوونەوەی دراوەکانی جۆری 250 و 500 دیناری لە بازاڕدا، مەحموود داغر دڵنیایی دا کە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە تەنیا دەنگۆن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئامادەیی تەواوی فڕۆکەخانەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەربڕیبوو هەر کاتێک بانکی ناوەندی ڕەزامەندی بدات، و ئاماژەی بەوەش دابوو کە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بوونەتە قوربانی فڕۆکەخانەیەکی دیکە کە پێدانی دۆلار تەنیا بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە بەردەست خراوە.