دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری قەرەهەنجیر ڕەت دەکاتەوە

هەرێم نیوز

عەمید تالیب فارووق محەمەد، فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنووری قەرەهەنجیر سەرتاپای ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەکە دەکەن.

ئەمشەو هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: «لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و سەربازییەوە، بە هەموو شێوەیەک سەرتاپای ئەو دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانمان دەکەن لەم سنوورە.»

عەمید تالیب فارووق دڵنیایی داوەتە هەموو لایەک کە پێشمەرگەکانی لیوای یەکی پیادە وەک هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و ئامادەباشییەکی تەواوەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدان و بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و سەروماڵی هاووڵاتییان.

فەرماندەی لیوای یەکی پیادە ئاماژەی بەوەش داوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە بێبنەمایانە تەنیا بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێیە لای هاووڵاتییان و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان تێدا نییە، دووپاتیشی کردەوە: «ئێمە وەک هەمیشە قەڵغانی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان دەبین و بستێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵ ناکەین.»



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP