دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

بە بیانووی بردنەوەی خەڵات، فەیسبووکی خەڵکی ھاک دەکرد و پۆلیس دەستگیری کرد

هەرێم نیوز

پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیرکردنی گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 2005 و دانیشتووی شاری هەولێری لەلایەن پۆلیسی حاجیاواوە ڕاگەیاند، کە بە بیانووی بردنەوەی خەڵات هەژماری فەیسبووکی هاووڵاتییانی هاک کردووە.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین وردەکاریی شێوازی فێڵکردنی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ناوبراو پەیجێکی ساختەی بە ناوی کۆمپانیایەکی کەلوپەلی کارەبایی دروست کردووە و پەیوەندی بە خەڵکەوە کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە بە بیانووی بردنەوەی خەڵاتی گرانبەها کۆدی هەژماری فەیسبووکی هاووڵاتییانی وەرگرتووە، و دوای هاککردنی هەژمارەکانیان بە ناوی ئەوانەوە داوای باڵانسی مۆبایلی (ئاسیاسێڵ و کۆڕەک)ـی لە هاوڕێکانیان کردووە و دواتر بلۆکی کردوون.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش داوە کە دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵا لەسەری، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP