هەرێم نیوز
محەمەد موخبیر، ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، تاران ئامادە نییە بەم شێوازە مامەڵەکردنەی ئێستا گەرووی هورمز بکاتەوە و ڕێگەش نادات گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام بن.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد موخبیر ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوامبوونی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران وا دەکات تاران زیاتر پێداگیر بێت لەسەر مانەوەی کۆنترۆڵی گەرووەکە و ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت بەبێ ڕەزامەندیی ئێران تێپەڕێت.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران جەختیشی کردەوە، کە بە هەموو شێوازێک دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن مامەڵە لەگەڵ کەشتییە پەیوەندیدارەکان بەوان دەکەن و ڕێگەیان پێ نادرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کاتژمێری سفر بۆ شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا نزیک بووەتەوە و پێویستە دوژمن چاوەڕوانی جموجۆڵ لە ئاسمان و دەریادا بکات.
ئەمریکا لە مانگی نیسانی 2026ـەوە گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سنووردارکردنانەی تاران لە گەرووی هورمز سەپاندوویەتی، کە بە رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان دادەنرێت و سەرەڕای پەککەوتنی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر بەکارهێنانی گوشاری ئابووری و سزا و گەمارۆکان.