دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران: کاتژمێری سفر بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی زۆر نزیک بووەتەوە

هەرێم نیوز

عەلی عوزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، کاتژمێری سفر بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی زۆر نزیک بووەتەوە و شکاندنی گەمارۆکە ئەرکێکە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی دا و ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە دوژمن چاوەڕوانی جووڵە لە ئاسمان و دەریادا بکات.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی گوتبووی، هیچ کەشتییەکی ئێرانی نەیتوانیوە گەمارۆکە بشکێنێت لەو کاتەوەی لە مانگی نیسانی ڕابردوودا سەپێنراوە، و دووپاتیشی کردبووەوە کە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت و ئێران ئێستا توانایەکی سنوورداری بۆ هاویشتنی مووشەک هەیە.

لە بەرامبەردا موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر شکاندنی گەمارۆکەی ئەمریکا و بە هەموو هێزێکەوە وەڵامی هەر هێرشێکی نوێ دەداتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەشدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP