هەرێم نیوز
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران ڕایگەیاند، پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ وەک فڕێدانی نارنجۆکە بۆ ناو کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و لە بری داواکردنی پابەندبوون بە دەستوور، لایەنگیریی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤیکتۆریا تەیلەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکای بڵاو کردووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە، ڕاگەیەندراوەکە بێ ئەوەی داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراق، دانوستان و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی بکات، بە شێوەیەکی یەکلایەنە پشتیوانی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکات، بەمەش وا دەردەکەوێت کە حکوومەتی ئەمریکا پشتیوانی لە بەناوەندیکردنی زیاتری دەسەڵات لە بەغدا دەکات.
بەرپرسە پێشووەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە لە کاتێکدا تەنیا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ کۆبوونەوەی بڕیارلەسەردراوی نێوان سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم لایەنگرییە هەموو هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لاواز دەکات و پێگەی ئەمریکاش وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
تەیلەر دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە واشنتن داوای پابەندبوون بە دەستوور و دانوستان بکات نەک بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان، و هەموو لایەنەکان بەبیر بهێنێتەوە کە پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر لە چوارچێوەی عێراقدا دەکات، هاوکات سەبارەت بە خواستی مامەڵەکردن لەگەڵ یەک سەرکردە لە بەغدا گوتی: «تەنانەت لە بەغدا و لەناو شیعەکانیشدا ناتوانیت تەنیا لەگەڵ یەک سەرکردەدا مامەڵە بکەیت، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی ئێستا زیاتر لە 12 سەرکردەی هەیە.»
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگریی کردووە کە نابێت فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فرۆشتنی نەوت لەلایەن گرووپی کەتائیب حزبوڵڵا لە جورف سەخر تێکەڵ بکرێت، و ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە لەژێر پاراستنی دەستووردایە و خاوەنی حکوومەتی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی دیکە گرووپێکی تیرۆریستییە.