دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

لە یەک ساڵی خوێندندا زیاتر لە ٣٥٥ هەزار قوتابی لە عێراق وازیان لە خوێندن هێناوە

هەرێم نیوز
⠀
ڕاپۆرتێکی شیکاری تیشک دەخاتە سەر قەیرانی قووڵی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق و ئاشکرای دەکات، لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا، زیاتر لە ٣٥٥ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، هاوکات وڵاتەکە پێویستی بە نزیکەی ١٠ هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە.

⠀
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، قەیرانی پەروەردە لە عێراق تەنیا لە کەمیی قوتابخانە و خراپیی پڕۆگرامەکانی خوێندن کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەنجامی لاوازیی بەڕێوەبردن، نەبوونی پلاندانانی گونجاو و لێکەوتەکانی جەنگ و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانە.
⠀
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا، ٣٥٥ هەزار و ٦٤٠ قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، کە لەو ژمارەیە ٢٠٠ هەزار و ٧٠٣ قوتابی لە قۆناخی سەرەتایی، ١٤٩ هەزار و ٥٩٤ قوتابی لە قۆناخی ناوەندی و ٥ هەزار و ٣٤٣ قوتابی لە خوێندنی پیشەیی بوون.
⠀
هەروەها ڕێژەی بەشداری لە خوێندن لە قۆناخی سەرەتاییدا ٩٥٪ بووە، بەڵام لە قۆناخی ناوەندی بۆ ٦٧٪ و لە ئامادەیی بۆ ٣٦٪ دابەزیوە، لە خوێندنی پیشەییشدا لە ١.٤٪ تێپەڕی نەکردووە.
⠀
هەژاری، کارکردنی منداڵان و خراپیی ژینگەی قوتابخانەکان، بە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندن دادەنرێن.
⠀
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ، تا ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٨٠٪ی قوتابخانەکانی عێراق ڕووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
⠀
بانکی جیهانیش ئاماژە بەوە دەکات، عێراق پێویستی بە نزیکەی ١٠ هەزار باڵەخانەی نوێی قوتابخانە هەیە، چونکە سیستەمی دوو دەوامی و سێ دەوامی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی خوێندن و دابەزینی ئاستی زانستیی قوتابیان.
⠀
سەرەڕای بەرزبوونەوەی خەرجیی گشتیی کەرتی پەروەردە لە ٨.٢ تریلیۆن دینار لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ١٠.٨ تریلیۆن دینار لە ساڵی ٢٠١٩، بەڵام پشکی ئەو کەرتە لە کۆی بودجەی گشتیی دەوڵەت کەمی کردووە.
⠀
ڕاپۆرتەکە هەروەها پشکپشکێنەی حزبی و دەستوەردانی سیاسی لە دامەزراندن و دابەشکردنی پۆستەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازبوونی سیستەمی فێرکردن دادەنێت.
⠀
لە کەرتی خوێندنی باڵاشدا، زانکۆکانی عێراق ڕووبەڕووی کەمیی بودجەی توێژینەوەی زانستی، نەبوونی تاقیگەی پێشکەوتوو و نەگونجانی پسپۆڕیی دەرچووان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار بوونەتەوە.
⠀
لە بەرامبەردا، ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژە بە گەڕاندنەوەی ١٠١ هەزار و ٦٧٩ منداڵی دابڕاو بۆ بەر خوێندن، نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیارییە پەروەردەییەکان لە ٧ هەزار و ٨١٠ قوتابخانە و ڕاهێنانی زیاتر لە ١٤ هەزار مامۆستا دەکات.
⠀
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، قەیرانی پەروەردە لە عێراق تەنیا قەیرانی قوتابخانە و پڕۆگرامەکانی خوێندن نییە، بەڵکو قەیرانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە و پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP