دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێن بی سی نیوز: ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و لێدانی دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکان دەکات

هەرێم نیوز

تۆڕی هەواڵیی «ئێن بی سی نیوز»ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ناوخۆدا گفتوگۆ لەسەر بژاردەی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکان دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە فەرماندە سەربازییەکان هۆشداری لە زیادبوونی مەترسییەکان دەدەن و هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کردووە کە ئەو بەرپرسانەی پشتگیریی پێشنیازەکە دەکەن پێیان وایە لێدانی سەرکردە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران، پەیامێکی ڕوون دەداتە تاران و ڕێگە بە ترەمپ دەدات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، لە بەرامبەردا نەیارانی پێشنیازەکە هۆشداری دەدەن کە ئەو هەنگاوە متمانەپێکراویی ئەمریکا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا لاواز دەکات و بەرپرسانی واشنتن دەخاتە مەترسییەوە؛ بە جۆرێک کە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەم دواییانەدا گواستراوەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی واشنتن دی سی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە واشنتن بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران لە پێگەیەکی بەهێزدایە و گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ڕێڕەوەکانی دابینکردنی ئێران بەردەوام دەبن.

 هاوکات پسپۆڕان و بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجە سەربازییە ئەگەرییەکانی داهاتوو بریتین لە دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی خارک، ژێرخانی نەوت و گازی دوورگەی قیشم و دامەزراوەی پیتاندنی ئەتۆمی لە کێوی کولەنگ.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا،، ئەمریکا و ئیسرائیل عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و سەرکردەی باڵای سەربازی و سیاسییان کوشت، و دواتر لە مانگی ئاداردا موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک شوێنگرەوەی دەستنیشان کرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP