هەرێم نیوز
حەوتەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لە گەرمیان کۆتاییهات و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕاگەیەندرا، لە فێستیڤاڵەکە نزیکەی ١٨٠٠ هەلی کار بۆ خەڵکی گەرمیان و دەرەوەی گەرمیان ڕەخساوە، ٤٤٪ بەشداربووان ژن بوون، داهاتی فێستیڤاڵەکە نزیکەی ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن بووە و زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
دوای ئەوەی لە ١٨ـی ئەم مانگە حەوتەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لە گەرمیان دەستی پێ کردوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆ لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی، ئامار و زانیارییەکان سەبارەت بە فرۆشتن و سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە خرایە ڕوو.
لەو بارەیەوە پشتیوان محەمەد، بەڕێوبەری کاروباری گەشتیاریی لە بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان ڕایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە بووەتە نەریتێکی ساڵانە بۆ خەڵکی گەرمیان و بە خۆشحاڵییەوە ئەم فێستیڤاڵە پردێکی پەیوەندییە لە نێوان گەرمیان و شوێنەکانی دیکەدا، سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشداربوو، بە خۆشحاڵییەوە هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووینەدا.
وتیشی: لە ماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا ٢٥٠ هەزار کەس لە گەرمیان و دەرەوەی گەرمیانەوە سەردانی فێستیڤاڵی بازاڕی کردووە، ١١ گرووپی گەشتیاری سەردانی گەرمیانیان کردووە و ئەو گەشتیارانە جگە لە فێستیڤاڵەکە، سەردانی شوێنە گەشتیاریی و مێژووییەکانی گەرمیانیشیان کردووە.
باسی لەوەشکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا ٢٣٠ کۆشکمان هەبووە و نزیکەی ١٨٠٠ هەلی کار ڕەخساوە بۆ خەڵکی گەرمیان و دەرەوەی گەرمیان، لەو ژمارەیەشدا بە خۆشحاڵییەوە نزیکەی ٤٤٪ـی لە ژنان پێکهاتبوون، هەروەها بە نزیکەی ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دینار کڕین و فرۆشتن کراوە.
هەروەها پشتیوان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکی کەلتووریی و هونەری هەبووە و هەموو ئامارەکان جێگەی دڵخۆشیین، بەهیواین لە ساڵانی داهاتوودا پەرە بە فێستیڤاڵی بازاڕ بدەین و فراوانتری بکەین.
هەروەها لە کۆتاییدا لە لایەن سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەوە خەڵات بەسەر چەند فرۆشیارێکی فێستیڤاڵەکە دابەش کرا.