هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نووسراوی فەرمیی حکومەتی عێراقیان سەبارەت بە ڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆڕمی تێلیگرام بەدەست گەیشتووە و ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیان کردووە.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداد نووسراوێکی فەرمیی حکومەتی فیدراڵییان سەبارەت بە ڕاگرتنی تێلیگرام پێ گەیشتووە.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی نووسراوەکەی بەغداد بڕیارەکە ڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆڕمەکەیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی کە هەڕەشەن دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینە.
⠀
هاوکات ڕوونکراوەتەوە کە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەرفەتی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی پلاتفۆڕمی تێلیگرام بەڕێوەدەبات لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی حکومەت ببێت.
⠀
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بە نووسراوێکی تایبەت داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵیان ئاڕاستەی گشت کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کردووە، بەتایبەت ئەوانەی مۆڵەتپێدراوی وەزارەتەکەن لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست ئەنجام بدەن.