هەرێم نیوز
⠀
لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی وێستگەکانی گازی ماڵان و ئۆتۆمبێلی لەیەکتر جیا کردەوە و دڵنیاییش دەدات کە هیچ قەیرانێک لە دابەشکردنی گازدا دروست نابێت.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026، عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی، ڕایگەیاند، بڕیاری جیاکردنەوەی وێستگەکان لە پێناو نەهێشتنی قەرەباڵخیدا بووە و چوار وێستگە بۆ گازی ئۆتۆمبێل و حەوت وێستگەش بۆ گازی ماڵان تەرخان کراون.
⠀
عومەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەو ڕێکارە لە دوو وێستگە قەرەباڵخی و نۆرەگرتن دروست بووە کە پێدەچێت بەهۆی شوێنی جوگرافییانەوە بووبێت، بەڵام دابەشکردنی گاز بەسەر پاسەکاندا بەبێ گرفت بەڕێوەچووە و لە ڕۆژی یەکەمەوە کەموکوڕییەکانیان دیاری کردووە بۆ چارەسەرکردنیان.
⠀
سەبارەت بە زیادکردنی بەشە گازی ڕۆژانە، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی جەختی کردەوە کە ڕێژەی گاز زیاد ناکەن و تەنیا میکانیزمی دابەشکردنەکە ڕێکدەخەنەوە و هیچ قەیرانێک دروست نابێت.
⠀
هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد بەیانیان زوو نەچنە وێستگەکانی دابەشکردنی گاز چونکە وێستگەکان دوای کاتژمێر ٩ـی بەیانی دەکرێنەوە.
⠀
بەگوێرەی ئامارەکان، ٢٢ کارگەی بەرهەمهێنانی گاز لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن و لە وەرزی هاویندا ڕۆژانە حەوت هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت و لە وەرزی زستان و سەرماشدا ئەو ڕێژەیە بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار بوتڵی ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە.