هەرێم نیوز
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵیی (CBS News) کە ئەمڕۆ هەینی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا، کە ئەگەری هەیە پێش هاتنی سەری ساڵی نوێ جێبەجێ بکرێت؛ ئەمەش سەرەڕای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە جەختی کردبووەوە پەلەی نییە لە دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە.
سەرچاوەکان بۆ تۆڕە ئەمریکییەکە ئاشکرایان کردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانییەکی قووڵی هەیە لەو خێراییەی کە تاران تواناکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیی پێ بونیاد دەنێتەوە، هەروەها لەو پەلەکردنەی ئێران بۆ قایمکردن و پاراستنی ژێرخانە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە ڕێگەی گواستنەوەی بەشێکی زیاتریان بۆ دامەزراوە قووڵەکانی ژێرزەوی.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە سوپای ئیسرائیل تەواو ئامادەیە بۆ گەڕێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی بەرگریی ڕاگەیاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی پێچەوانەی تاران.
ڕاپۆرتەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ پێی باشترە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشدا بێت لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی کۆتایی ترەمپ ڕوون نییە سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی جەنگ یان شێواز و قەبارەی ئەو کردەوە سەربازییە ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت.