دواین هەواڵ

عێراق‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

فایەق زێدان: حکومەتی ئێستا ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

هەرێم نیوز

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی ئێستا خاوەنی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 11ـی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە میانی دانیشتنێکدا لە پەیمانگای "چاتام هاوس" لە لەندەن ڕایگەیاند، هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و هیچ خاوبوونەوەیەک لە ڕاوەدوونانی تێوەگلاواندا نییە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا ئەم ژمارە زۆرەی تۆمەتباران لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەستگیر دەکرێن، لە نێوانیان ئاندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرەکان.

هاوكات جەختی کردەوە، کە دەسەڵاتی دادوەری تۆمەتباران بەپێی پلە و پۆستەکانیان پۆلێن ناکات، بەڵکو بڕیارەکانی لەسەر بنەمای بەڵگەی یاسایی دەردەکات نەک قسەوباس و تۆمەتی بڵاوکراوە، هەروەها ئەو دەستکەوتانەی عێراق لەم بوارەدا بەدەستی هێناون لەسەر بنەمای پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP