دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانتارێکی پێشوی عێراق لەبەیروت کوژرا

هەرێم نیوز

لە بەیرووت، پایتەختی لوبنان، تەرمەی ئەحمەد عەلووانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە شوقەیەکدا لە ناوچەی «تەریق الجدیدە» دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمنی لوبنانی ئاشکرای کردووە کە داوای فیدیای دارایی هۆکاری سەرەکیی تاوانەکە بووە.

بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوز عەرەبی، عەلووانی بە خنکان لە ناو شوقەکە کوژراوە، دوای ئەوەی بە فێڵ ڕاکێشرابێتە ئەو شوێنە. 
تەرمەکەی شەوی دووشەممە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لوبنانی بۆ سکای نیوز عەرەبی پشتڕاستی کردووەتەوە کە تاوانەکە بە مەبەستی وەرگرتنی فیدیای دارایی ئەنجام دراوە. لە هەمان کاتدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە لە پاسەوانگەی تەریق الجدیدە کۆتایی پێهاتووە و بۆ بەشی زانیارییەکان نێردراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، پۆلیسی لوبنان لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکە لێکۆڵینەوە دەکات کە عەلووانی لە فڕۆکەخانەی بەیرووتەوە بۆ ئەو شوقەیە گواستووەتەوە کە تەرمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق و کەسوکاری قوربانییەکەدا کراوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەی بە تاقیکردنەوەی DNA.

چۆن ڕووداوەکە ڕوویداوە؟
لەبارەی چۆنیەتی ونبوونی عەلووانییەوە چەند ڕوایەتێکی جیاواز بڵاوکراونەتەوە. هەندێک میدیای عێراقی باس لەوە دەکەن کە چوار ڕۆژ پێش دۆزینەوەی تەرمەکە ڕفێنرابووە، هەروەها زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چوار کەس لە ماوەی مانەوەیدا لە بەیرووت سەردانیان کردووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی ئاشکرای کردووە کە پەرلەمانتارە پێشوەکە پێش گەشتکردنی بۆ بەیرووت تەلەفۆنێکی پێگەیشتووە، بەڵام ناسنامەی ئەو لایەنەی پەیوەندییەکەی کردووە هێشتا نەزانراوە.

ئەحمەد عەلووانی کێ بوو؟
ئەحمەد عەلووانی پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بوو لە پارێزگای ئەنبار و ئەندامی بلۆکی «العراقیة»، کە لە دژبەرانی حکومەتی نوری مالکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بوو.

عەلووانی لە خۆپیشاندانەکانی ئەنبار لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو. لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا لە ماڵەکەی لە ڕەمادی دەستگیر کرا و لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا دادگای جنایی ناوەندی عێراق بە تۆمەتی کوشتنی دوو سەربازی عێراقی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
بەڵام لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥دا، لە چوارچێوەی یاسای بەخشی گشتی ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە، دۆزینەوەی تەرمەی هاووڵاتییەکی سووری لە هەمان ناوچە، کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر پێش ئەم ڕووداوە، نیگەرانییەکانی دانیشتووانی ناوچەکەی لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە زیاتر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP