دواین هەواڵ

کوردستان‌

 26 خولەک پێش ئێستا

تۆم باراک پەیامێکی توند ئاراستەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و داوای یەکڕیزی دەکات

هەرێم نیوز
⠀
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق پەیامێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، کە دەبێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان تێپەڕێنن بۆ ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا لەدەست نەدەن.

⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 11ـی 2026، تۆم باراک لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگەی چاتەم هاوس لە لەندەن وەک وتەبێژ و نوێنەری وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، کە ناتوانێت لە کۆنگرێس باسی ئاڵۆزییە دەستوورییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بکات و لە هەمان کاتیشدا پاساو بۆ ئەو کێشە ناوخۆییانە بهێنێتەوە کە کۆمپانیا بیانییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە و وتی، بەبێ یەکڕیزیی نێوان سەرکردایەتیی کورد و لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغداد هیچ وەبەرهێنەرێک ملیاران دۆلار ناخاتە ناو کەرتی وزەوە.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێردەکەی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە بیرۆکراسیی حکومەتی عێراق گرت کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم کۆمپانیا جیهانییەکان و سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و تارانیش ئاماژەی بەوەش کردووە، کە واشنتن چاوەڕوانی ئەوە ناکات عێراق ببێتە دوژمنی ئێران بەڵکو دەبێت وەک پردێک کاربکات لەبەر ئەو سنوورە هاوبەش و پەیوەندییە مێژووییەی کە لە نێوانیاندا هەیە.
⠀
ئەم لێدوانانەی تۆم باراک لە کاتێکدان، کە هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پشتیوانیی بانگەوازەکەی بارزانی بۆ یەکڕیزی ڕاگەیاند و هاوکات نێردەکەی ئەمریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری بە نموونەی مەترسییەکان هێنایەوە و جەختیشی لە دروستکردنی بۆریی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا و سووریا کردەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ هەناردەکردنی وزە لە کاتی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP