ھەرێم نیوز
نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆ بووەوە و جەختی لە پشتیوانیی واشنتن بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە.
دابینکردنی پشتیوانی بۆ قەوارەی هەرێم
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سوریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» وێنەی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دەرباز ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون لەگەڵم."
تۆم باراک ئاماژەی بە پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە و دووپاتی کردووەتەوە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتووی کوردستان دەکات کە ڕەنگدانەوەی هەمەڕەنگیی هەرێمەکە بێت."
مەرجەکانی بەدەستهێنانی یەکڕیزیی بەردەوام
لەبارەی ڕێگەکانی گەیشتن بە یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستاندا، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە: "وەک لە گفتوگۆکەماندا باسمان کرد، یەکڕیزیی بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەهێزکردنی حکوومەتی خۆجێیی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و برەودان بە شەفافیەتی زیاتر بەدەست دەهێنرێت."