هەرێم نیوز
تۆڕێکی میدیاییی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بەهۆی جددیبوونی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ژیانی، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و خێزانەکەی ڕوویان لە بنکەیەکی سەربازیی پارێزراو کردووە.
گواستنەوەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بنکەیەکی سەربازی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ئەمریکا بە تۆڕی «فۆکس نیوز»ی ڕاگەیاند، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕووی کردووەتە بنکەیەکی سەربازی دوای ئەوەی هەڕەشەکانی ئێران کە ژیانی دەکەنە ئامانج گەیشتوونەتە قۆناغێک لە هەڕەشەی ئاسایی تێپەڕیوە.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم هەڕەشە مەترسیدارانە وایان کردووە بێسێنت و خێزانەکەی بڕیاری گواستنەوە بدەن بۆ شوێنێکی پارێزراو.
پشتڕاستکردنەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پڕۆسەی گواستنەوەکەی پشتڕاست کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، وەزیر لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێراندا مل کەچ ناکات، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی هەوڵەکان دەکات بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران لە ڕووی دارایییەوە لە ڕێگەی سەپاندنی سزاکان و کۆتوبەندی بازرگانی.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی فۆکس نیوز، سکۆت بێسێنت تەنیا بەرپرس نییە لە ئیدارەی ئەمریکادا کە ڕووی کردبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمنی و پارێزراو.