هەرێم نیوز
هەرچەندە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ١٥٠٠ مێگاوات بەرز کراوەتەوە، بەڵام وەزارەتی کارەبا لەم دۆخەدا توانای پێدانی چوار بۆ شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
دابەزینی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەرزبوونەوەی خواست
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشەی شەوی ٨ی ئەم مانگە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، چونکە بەهۆی هێرشەکەوە هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی ڕاگیراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکراشی کرد، لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا توانراوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ مێگاوات بەرز بكرێتەوە بۆ ١٥٠٠ مێگاوات، بەڵام بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیاتر بووە، بۆیە ئاستی کورتهێنانەکە قورس تر بووە.
پپلانی تۆکمە و بڕینی کارەبای کارگەکان
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کورتهێنانە پلانێکی تۆکمە دانراوە و کارەبای سەرجەم کارگەکان بڕدراوە تاوەکو کارەبا بگەڕێنرێتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان. بەڵام سەرباری ئەوەش، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا دەتوانرێت ڕۆژانە ٤ بۆ ٦ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.
دەربارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، ناوبراو گوتی: "هیچ بەرچاوڕوونییەک لەبارەی گەڕاندنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە ئارادا نییە، چونکە لەم قۆناغەدا لیژنە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن و دواتر بڕیار لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەدرێت."
خشتەی نوێی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان
بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی کارەبا، وەزارەتی کارەبا خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی پابەند کردووە لە کاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانیدا بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن:
• پارێزگای هەولێر: لە کاتژمێر ٧:٠٠ تاوەکو ٩:٠٠ی بەیانی، هەروەها لە کاتژمێر ١:٠٠ی نیوەڕۆ تاوەکو ١:٠٠ی شەو.
• پارێزگای دهۆک: لە ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە لە کاتژمێر ٧:٠٠ تا ٩:٠٠ی بەیانی، دواتر لە کاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆ تا ٢:٠٠ی شەو. لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا، خشتەی بەیانیان لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر ٢:٠٠ی دوای نیوەڕۆ دەبێت.
• پارێزگای سلێمانی: لە کاتژمێر ٦:٠٠ تا ٨:٠٠ی بەیانی، هەروەها لە کاتژمێر ٤:٠٠ی دوای نیوەڕۆ تا ١:٠٠ی شەو. لە ڕۆژانی هەینیدا، بەیانیان لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ تا ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆ مۆلیدەکان کار دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر ١١:٠٠ی شەوی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەشی بارکردنی غازی شل بە ئامانج گیرا. ئەگەرچی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بەرهەمهێنانی غاز وەستا. ئێستاش هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.