دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕوبیۆ: ئێران ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و پێویست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناکات

هەرێم نیوز
⠀
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی کاریگەریی سزاکانەوە ئێران ناتوانێت لە بازاڕی جیهانیدا نەوت بفرۆشێت و لەگەڵ هەبوونی گوشاری ئابووریی توندیشدا پێویست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان ناکات.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی 11ـی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت لە پاریس بە میدیاکانی ڕایگەیاند، گوشارە ئابوورییەکانی سەر تاران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەریی زیاتر دەبێت و گەلی ئێرانیش باجی هەڵەکانی سەرکردایەتییەکەیان دەدەن.
⠀
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئێستادا واشنتن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فەرمیی لوبنان دەکات و حزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بە وێرانکردنی وڵاتەکە، هەروەها وتی، سەرقاڵی دانوستانی ئاشتین بۆ بەردەوامبوونی کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و هاوکات هەوڵیش دەدەن ئەوروپا بخەنە ناو دانوستانە سێقۆڵییەکانی تایبەت بە ئۆکرانیاوە.
⠀
ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ و جەختکردنەوەی لە وتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ نەبوونی پێویستیی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کاتێکدان، کە پێشتر وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لە سەرکەوتنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سعودیە کە وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتاکەی باسی کردوون، بوونەتە هۆی ئەوەی واشنتن و ڕیاز کار لەسەر ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش بکەن لە کاتێکدا بەغداد لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریی ناوچەکە بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP