هەرێم نیوز
⠀
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە ناوخۆی وڵاتەکەی لەبارەی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی و ڕایدەگەیەنێت، کە ئەو جۆرە هەنگاوانە پەیامێکی مەترسیدار بە دوژمنان دەدەن و هاوکات بە لێدان لە ورەی سەربازانی ئەمریکاشیان وەسف دەکات.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی 11ـی 2026، پیت هێگسێت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەوڵدان بۆ لەکارلادانی لەم کاتە هەستیارەدا ئەو پەیامە بە نەیارەکانی واشنتن دەگەیەنێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای شەڕکەر و سەرکردە سەربازییەکانی خۆی دەدات لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارێکی سەربازیی یاسایی و سەرکەوتوودا، کە ئەمەش بەپێی قسەکانی ئەو ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بێهێزکردنی پێگەی سەربازانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەرگریی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و وتی، گەمارۆ دەریاییەکانیان بۆ سەر ئێران بەتەواوی ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە و سوپای ئێرانیان لەناوبردووە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەمریکا بکەوێت، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان دەستپێشخەر نەبوون لەم جەنگەدا بەڵکو تاران ٤٧ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە.
⠀
ئەم لێدوانانە و باسکردنی سەرکەوتنە گەورەکانی ئەمریکا لە ئێران و ڤێنیزوێلا لەلایەن هێگسێتەوە لە کاتێکدان، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەهۆی پرسی گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی گەیشتووەتە لوتکە و هەوڵەکانی شاندی عێراقیش لە تاران بۆ نێوەندگیری بێئەنجام بوون.