هەرێم نیوز
⠀
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر دەکات و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی 11ـی 2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام پێشوازی لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی سیاسیی دوو ساڵی ڕابردوو.
⠀
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فازڵ میرانی هیوای خواست سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کێشە و گرفتەکانیان بەلاوە بنێن و بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن، هاوکات جەختی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لە ئاستێکی زۆر باشدا کردەوە.
⠀
لە بەرامبەردا، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا وێڕای دووپاتکردنەوەی پێشکەوتنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا، هیوای خواست لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئارامی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام بێت.