هەرێم نیوز
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران ڕایگەیاند، "دانایی و لێهاتووییی سەرکردایەتیکردنی ڕێبەری باڵای ئێران و بایەخدانی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، سەرچاوەی شانازییە بۆ وڵات و هۆکارێکیشە بۆ شکستی دوژمنەکانی."
ستایشکردنی ڕێبەری باڵای ئێران
موحسین ڕەزایی لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرپەرشتیی گشتگیری ڕێبەری باڵای ئێران لە پرسە جۆراوجۆرەکانی کلتووری، سەربازی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها دانایی و لێهاتووییی سەرکردایەتیکردنی و بایەخدانی بە کێشەکانی خەڵک، سەرچاوەی شانازییە و بووەتە هۆی شکستی دوژمنان."
ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییە ڕۆحییەکەی لەگەڵ ڕێبەری باڵا کردووە و نووسیویەتی: "هەرگیز شیرینیی ئەو نوێژە لە بیر ناکەم کە شەڕەفی ئەوەم پێ بڕا لە پشتییەوە لە دوایین کۆبوونەوەماندا ئەنجامی بدم."
لێدوانی ترەمپ لەسەر پەیوەندیی ڤانس و ڕەزایی
ئەم لێدوانانەی ڕەزایی لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران هەبووە، بەڵام گرنگیی هەنگاوەکەی کەم کردەوە و ڕایگەیاند پەیوەندیی نێوان ڤانس و موحسین ڕەزایی بە مەبەستی پێشکەشکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بووە بەو وڵاتە، نەک بۆ زیندوبووکردنەوەی دانوستانە سیاسییەکان.
پێشتر ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردبووەوە کە ڤانس لە هەوڵێکدا بۆ ئاساییکردنەوەی دانوستانەکان پەیامێکی بۆ ڕەزایی ناردووە، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرشەکان دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کە بڕیارە لە ٣ی مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.
ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئێران
موحسین ڕەزایی پێشتر هۆشداریی دابوو کە هێزە چەکدارەکانی ئێران پلانێکی وێرانکەر و بەهێزیان ئامادە کردووە بۆ هەر سەرکێشی یان هێرشێکی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل، هاوکات داوای کردبوو کە ئیسرائیل لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە و جەختیشی لەوە کردبووەوە کە گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیدا کراوەیە.